سەبارەت بە چەپلەری، منیش چەپلەرم

د. هێرش رەسوڵ 28/08/2019

سەبارەت بە چەپلەریی

منیش چەپلەرم! 
(یادەوەریی و شتیتریش)


چەپلەریی چییە؟
چەپلەریی یان چەپدەستیی، واتە ئارەزوی سروشتیی و خۆڕسکانەی مرۆڤ بۆ بەکارهێنانی دەستی چەپ لە راییکردنی کاری جیاوازدا، بە تایبەت (نوسین).
لە زمانی کوردیشدا، (چەپلەر، چەپە، چۆپە، چەپدەست و چەپنوس) بۆ ئەو مرۆڤانە بەکاردێت. لە ئینگلیزیی و عەرەبی و فارسیی و تورکیشدا ئەم وشانە بەکاردێن: (Left-handed، أعسر، چپ دست، Solak).
[من لێرەدا، زیاتر (چەپلەر)ـم بەکارهێناوە، کە پێموایە باوترە، وەکچۆن واینابینم کە لە بنچینەدا تورکیی بێت (وەک هەندێکەس پێیانوایە)، چونکە پاشگری (لەر) لە تورکییدا ئامرازی (کۆ)ـیە، هەروا لەو زمانەدا وشەیەکی دیکە بۆ ئەو مانایە هەیە.]
رێکەوت یان چارەنوس؟
هەرچەند قوتابخانەکانی (ماکۆک، رانیە) لە ماڵی ئێمەوە کە لە گەڕەکی (سەرا) بو، نزیکتر بو، بەڵام بە هۆی ئەوەی سەرەتا ماڵمان لە گەڕەکی (گڵنجان) بوە و زۆربەی خوشک و براکانم لەوێ خوێندبویان یان دەیانخوێند، منیش پۆلی یەکەمی سەرەتاییم لە قوتابخانەی (ئاکۆ) دەستپێکرد.
ساڵی ۱۹۸۸ بو، ئەوەندە نەدەبو خرابومەبەر خوێندن. رۆژێک، لەنێو قەرەباڵغیی و یاریی و شەڕەشەقی منداڵاندا بەسەر دەستی راستدا کەوتم (یان کەواندیانم). ئیتر بە هۆی ئازارەکەیەوە زۆر گریام، ناچار تەلەفۆنیان بۆ بابم کرد و بەدوامدا هاتن. بردمیانە لای جەڕڕاحێکی میللی، گوتی "دەستی شکاوە". دوای تۆزێ دەستکاریی، زەردێنەی هێلکەی لێدا و بە چەند پارچە مقەبا و لەففافێک بۆی بەستم و، قۆڵ بە مل گەڕامەوە ماڵەوە.
ئەم روداوە، ناچاریکردم لە بری دەستی راست، دەستی چەپ بۆ نوسین و نانخواردن و زۆر کاریتر بەکاربهێنم. بەڵام بە تێپەڕینی کات و لەگەڵ بەرکەوتنم لەگەڵ هەندێ پێشهاتدا (بە تایبەتی یاریی تۆپیپێ)، بۆم دەرکەوت من لە سەرەتاوە چەپلەربوم، یان هەردوکیان (چەپە و راستە) بوم لە یەککاتدا، بەڵام پێشتر نەمزانیوە. ئیتر هێدی هێدی لەگەڵ بارودۆخەکە راهاتم و بە دەستی چەپ دەمنوسیی و وێنەم دەکێشا (هاوشانی ئەوەش، توانیم بە دەستی راستیش خۆم فێری نوسین بکەم، بەڵام وەک چەپەکە جوان نیە).
دواتر، لە رێکەوتێکەوە بوە واقیع و چارەنوس و بۆ هەمیشە بومە چەپە یان چەپدەست.
ئازار و ئۆخژن!
چیرۆکی چەپلەریی یان چەپەبون بۆ منی چەپە، بە تایبەت لە منداڵی و هەرزەکاریمدا، هەم ئازاراویی و هەم ئۆخژنبەخشە.
لە قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆ و شوێنەگشتییەکاندا کاتێک لە کورسیی و ئۆتۆمبێل و ئامرازەکاندا زیاتر راستدەستەکان رەچاوکراون، بۆ ئێمەی چەپدەست ئیزعاجن. 
هاوکات، زۆرجار مایەی دڵخۆشیی و شانازییم بو، بە تایبەت کە دەمبیست و دواتریش لەسەریم خوێندەوە، کە هەمیشە چەپدەستەکان لە خەتخۆشیی، نیگارکێشان، هەستی هونەریی، زیرەکیی، و ... دا لە پێشەوەی ئەوانیدیکەن. هەروا زۆر لە کەسێتییە گەورە و کاریگەرەکانی مێژوی دورونزیکی کۆمەڵی مرۆیی چەپە بون یان چەپەن.
ئەمە قسەی من نیە، کۆمەڵێ توێژینەوە دەریخستوە 😜 (دواتر ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم).
رۆژێک بۆ چەپلەرەکان
هەرچەند، بە درەنگەوە زانیم کە چەپلەرەکانیش رۆژێکی جیهانییان هەیە، بەڵام هەر هەواڵێکی خۆش و تایبەت بو بۆ من.
رۆژی ۱۳ـی ئاب، رۆژی جیهانیی چەپلەرەکانە (International Lefthanders Day)، کە ساڵی ۱۹۷٦ پێشنیارکرا و دواتر پەسەندکرا.
بۆچی رۆژێک بۆ چەپلەران؟
پاساوی ناونانی ئەو رۆژەش، دەگەڕێتەوە بۆ: رەخنەگرتن لە هەمو ئەو کەرەستە و ئامراز و رێنمایی و پێویستییانەی کە تەنها بۆ راستدەستەکان دروستکراون (وەکو: کورسیی یەک نەفەریی، کورسیی شۆفێر، رێنمایی شۆفێریی، مێزەکانی فۆڕمپڕکردنەوە لە بانک و ئۆفیسەکاندا، و ... تاد)، کە چەپدەستەکان ناچاردەکەن دەستی راستیان بەکاربێنن.
هەروەک، یەکێک لە ئامانجەکانی دیاریکردنی ئەو رۆژە، روبەڕوبونەوەی باوەڕە ئەفسانەییەکانە سەبارەت بە چەپلەریی و چەپدەستبون.
چەپلەریی لە روی زانستییەوە:
توێژینەوە جیاوازەکان، دەریدەخەن، کە لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا ۷٠ ـ ۹٠٪ـی تاکەکان راستدەستن و، ئەوانیدیکەش چەپدەست. ژمارەیەکی زۆر کەمیش لەو رێژەیە دەتوانن هەردو دەستیان بەکاربهێنن.
هۆکاری وردی چەپلەریی دیاریکراو نیە. تیۆرییە جیاوازەکان وایدادەنێن، بۆماوەیی، فێرکاریی و چالاکیی مێشک، لە میانی پەرەسەندنی جیناتدا هۆکاری چەپدەستیی یان راستدەستیی بێت.
توێژەرانی (زانکۆی ئۆکسفۆرد) تازەگیی ئاشکرایانکردوە، کە گوماندەکرێت، (جینات) هۆکاری چەپلەریی بێت. ئەو کەسانەی ئەو جینەیان هەیە، بەشی راستی مێشکیان کاری کۆنتڕۆڵکردنی خێرایی و زمانە، بەشی چەپی مێشکیشیان لە هەست و سۆز بەرپرسە. لە کەسانی راستدەستدا، کە جینەکەیان جیاوازە، ئەرکی هەر نیوەتۆپێکی مێشک پێچەوانەی ئەوەیە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، توێژەرانی (زانکۆی MIT)ـی ئەمەریکا تیۆرییەکی نوێیان لەمبارەیەوە دانا، ئەنجامەکانیان رونیدەکەنەوە، کە مێشکی منداڵی چەپدەست لە منداڵدانی دایکدا، ئازادانەتر لە مێشکی منداڵی راستدەست گەشەدەکات.
لە روی کەلتوریی و ئاینییەوە:
چەپلەریی، لە زۆربەی کۆمەڵەکاندا، بە جۆرێ لە ناوازەیی (شازیی) و دابی ناپەسەند هەژماردەکرێت، بە زۆریی، زۆرینە منداڵەکانیان بۆ بەکارهێنانی راستدەستیی هاندەدەن، تەنانەت هەندێجار ناچاریشیان دەکەن.
وەکچۆن، لە کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، (راست) و بەکارهێنانی (دەستی راست) بە پیرۆز دادەنرێت.
‏(Sinister) لە زمانی لاتینیدا، بە مانای چەپ دێت، هاوکات، واتای (شوم) دەگەیەنێت. لە زمانی فرەنسییدا (Gauche) بەرامبەر هەردو واژەی (چەپ، پێنەگەیشتو) بەکاردێت. هەروا لە زمانی ئەڵمانیدا (Linkisch) بە مانای (چەپلەر و مرۆڤی ناجۆر) بەدەستەوە دەدات.
چەپلەرە ناودارەکان کێن؟
رۆژنامەی (فاینەنشیاڵ تایمز) لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، کە ژمارەی بەڕێوەبەرانی چەپلەر لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتدا نزیکەی دوبەرامبەر کۆمپانیا باوەکانە.
لەنێو کەسانی بەناوبانگ لەسەر ئاستی دنیادا و لە هەمو بوارەکاندا چەپلەر زۆرن، لەوانە:
هەردو فەیلەسوفی یۆنانی: پلاتۆن (ئەفڵاتون)، ئەڕەستۆ. فەیلەسوفی ئەڵمانیی نیچە.
زانایان: (نیوتن، ئەنشتاین، ... تاد).
نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند و وەرزشکار و داهێنەران: (شکسپیر، پیکاسۆ، مایكڵ ئەنجیلۆ، چارلی چاپڵن، بتهۆڤن، سباستیان باخ، لیۆناردۆ دافنچی، گۆنتەر گراس، مارلین مۆنرۆ، نیکۆڵ کیدمان، ئەمیتاب باچان، تام کڕوز، بیڵ گیتس، رافائیل نادال، گوگوش، مارادۆنا، ... تاد).
دوەم خەلیفەی راشیدینی ئیسلام (عومەری کوڕی خەتتاب). 
پێنج لە سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا: (جیڕاڵد فۆرد، ریگان، بۆشی باوک، کلنتن، ئۆباما).
هەریەک لە کەسێتییە سیاسیی و حکومڕانە بەناوبانگەکان: (یۆلیۆس قەیسەر، شاژنە ڤیکتۆریا، ناپلیۆن، هیتلەر، ونستۆن چەرچڵ، رەزا شای پەهلەویی، مەهاتما گاندیی، فیدڵ کاسترۆ، ئوسامە بنلادن، هۆگۆ چاڤیز، ... تاد).