كاكە حەمەی فەرەج پاك‌و بێباك.. ژیانئاوا

مەلا بەختیار 26/08/2019



كاكە "حەمەی فەرەج" هاوخەباتی نیو سەدەی مام جەلال‌و سەركردەیەكی یەكێتی، چاوی سەربەرزی لێكناو رێبازی هێشتا تەواو نەكراوی كوردایەتی ‌و یەكێتی، بۆ هاوسەنگەرەكانی جێهێشت.
لەساڵی (1976)ەوە كە كۆمیتەی هەرێمەكان سەرقاڵی سازدانی شۆڕش بوین، كاكە حەمە دەناسم‌و لەنزیكەوە بەدڵسۆزی خۆیی‌و بنەماڵەكەشی ئاشنام. شەهید عەبدولڕەحمانی كوڕی، لەبۆچونیشدا، لەكاتی شۆڕشدا هاوڕابوین.
كاكە حەمە‌و شەهید قادر كۆكۆیی، دووان لەو تێكۆشەرانە بوون، بێ‌ دوو دڵی لەگەڵ بەرپاكردنی شۆڕش بوون. شەهید ئارامیان دەبینی. هەتا هاتنە دەرەوە، لەڕێكخستنە نهێنییەكاندا بوون.
كە مەڵبەندی یەكمان دامەزراند (1982) كاكە حەمە شۆڕشگێڕان‌و من كۆمەڵە، ئەو بەرپرسی عەسكەریی‌و بەندە بەرپرسی مەڵبەند بووم، تەبا‌و برا بووین. تەمەنی لەمن گەورەتر‌و لەمنیش تێكۆشەرتر بوو، بۆیە، هەرگیز پێشی نەدەكەوتم‌و لەكۆبوونەوەشدا، یەكەمین كەس فەرموم لەجەنابی دەكرد، قسە بكات.
ساڵی (1985) بەتۆپباران قاچێكی دەپەڕێ‌. كۆڵی نەداو نەدا. ئێستا كە من، ئەم فرمێسكە وتارەی بۆ دەنوسم، شانازی بە تێكۆشەرێكی واوە دەكەم (60) ساڵی تەمەنی بە سیاسەت بردۆتە سەر، بەرپرسی سیاسی‌و عەسكەری گەورە بووە.
بەڵام پەڵەیەك لەسەر كەسایەتیەكەی نییە. ئای كە گەورەن ئەو كەسانەی پاك تێدەكۆشن‌و بێباك بەردەوام دەبن.
چەند سەربەرزیە تێكۆشەر، سەركردەبێ‌ یان كادر، پەرێزی مێژووی پاك ‌و لەهەڵوێستدا بێباك بێ‌ ‌و كە ژیان ئاوایش دەكات، كێلەكەی بەجوامێری بەرز كرابێتەوە.