پێڵاوێکی رەقەم (سی) بوو!

ماجد خەلیل 04/08/2019



گریەی زاڕۆ و هاواری پیرەمێردەکان
تەنهاو تەنها
 وێردی (ئایەتی کورسی) بوو
پاش (سی) ساڵێ
پێڵاوێکی لاستیکینی پینەکراو
دۆزرایەوە
پێڵاوێکی رەقەم (سی) بوو

هەم سەگی سارای باشوور 
 هەم لمی سەماوەو نوگرەسەلمان
 هەم پۆستاڵ و سمێڵی ڕەش
هەم کلێتەو نەجمەی سەرشان

هەم چڕوچاوی نەخشەکە
ئەها لە شێوەی کەمتیارێ راکشاوە
ئەها بەسەر بستبەبستی نەخشەدا
 خوێنی بەناهەق ڕژاوە

هەر لەو نەخشا، لەو نەریتا
لەناو خاک و خەتی (روقعە)و
 زەخرەفەی کاڵی (کوفی)دا
لەناو ئاسمانی تەلبەندو 
ئاوازەکەی (مەنشاوی)دا
لەناو زیندانی ئازادی و 
لەچک و لەمسی
(هەزارو یەک) شەوی سوری
ژینگەی 
تەلی دڕکاویدا

لەو بەڕڕی بەڕبەرییەتەدا
 لەو کەلتوری کاکی بەکاکییەی دێڕبەدێڕی بیاباندا
لەو منارە رەشەی فەتوای (ئەنفال) دا
لەو (هالۆوین)ە ڕاستەقینەی تەسدیری ویژدانی خۆرئاوادا
پەردەی شانۆیەک هەڵدرایەوە
تەختەیەکی تابوتاوی
 ژێرخان لم و سەرخان سەگی هاری باشوور
 رایەخ لم و رەنگی ئەستێرەکان 
عەینی چاوی سوری فریشتەکانی رۆح کێشان
وشک و بێنور

لەوێ
 لەو تابوتە قەبەی قەناعەتی عروبەدا
لەوێ
 لە زەماوەندی فیقهی جیهادو فەلسەفەی (ساتع حەسری)دا
لەوێ 
لەناو گێژەڵوکە سورەکانی جەمەل و سەفیندا
لەناو حیکایەتی حەپەحەپی حەجاج و  
سیاسەتی سەگەکانی سەدامدا

ئاپۆرای بۆن و بەرامی پشتوێن و کڵاش
دڵی تەڕی سیاچەمانەو 
نەختێ دۆینەو بڕوێشی ئاش

هۆرەی پلوسکی باران و
 تەنورێکی دڵگەرمی
 کەلاری کۆن
فەقیانەیەکی گرێدراوی پڕ نەبات و
چەند چڵێ رەیحانی پڕ زەوق و بۆن

لەوێ
 لەناو تەزبیحی قەزوان و
 جاجکی کوردی دەم منداڵێکی قەرەداخ
لەوێ 
لەناو مەشکەو مەنجەڵ و مێخەکی شاخ

لەوێ 
پڕ بە چنگی
 دەمی شۆفڵەکان
گۆرانی

 پڕ بە چنگی
 پشتی زیل و ئیڤا ژەهراوییەکان
 ژیان

 پڕ لە قاوشی بینا تاریک و نوتەکەکانی نوگرە سەلمان
 خۆری دزراوی لادێکان

لەوێ پڕ چەپۆکی ڕۆژگار
 قوڕی دیوارەقوڕینەکانی گەرمیان

لەوێ 
ڕەشماری مەرگ
ئاڵابوویە باسکی مناڵێکی تۆقیو
 هەرچی جوانی و هەرچی جەژن و هەرچی خەون و هەرچی میزراحی منداڵ و هەرچی کەواو سەڵتەی سۆفی و مەلاو مەشایەخی کوردەواری 
 هەرچی گۆزەو گۆی ئازادی و گڕوگاڵی منداڵان و کراسی گوڵگوڵی ژنان و کۆڵی ئیمانی کاوان و بەردەنوێژی لادێکان و گەزۆ و گیای کوێستان هەبوو باڵبەستکران

لەوێ
 ئیڤاو لەوێ زیل
لەوێ 
تۆنی دەنگو دەردی 
یابە یابەو ئەبو خەلیل
لەوێ 
قرچەی نیوەڕوانی
زاری تینوی 
سەدان زاڕۆی زیندەزەلیل

لەوێ
نەخشی کەلتوری کیشوەرێک
 نۆرمی ناوەختی ساراکانی سیخناخکردبوو
 بە ئایدیایەکی برسی
 پەرژابوویە سەر پڕەنسیپەکانی خێڵ و ئایین و ئەخلاقی عەرەبستان
 شۆڕببوویەوە بۆ ناو شەوگارێک
 شەوگارێ لە زیخ بەزیخی لمی ئەوێدا
لەبۆڵ بەبۆڵی گردۆڵکە هێشوویەکانی سارادا 
شەرابێکی خەواندبوو
شەرابێکی کۆن
شەرابێکی کۆنی هەزارو ئەوەندە ساڵ
شەرابێک هەر  بەبۆن و بەرامەکەی بەڕبەڕەکانی سارای
 بەدمەست دەکرد

 ئەوێدەم بەدمەستییەک سارای تەنی بوو
کێ هەبوو
 هۆشی بەلای مرۆڤایەتییەوەبێ؟
کێ هەبوو 
پەسنی مافی مرۆڤ و حکایەتەکانی حورمەتی حامورابی کا؟
 
 سارا 
تا چاوبڕکا 
پڕبوو لە گێژەڵوکەی بەرچاوی ناسیۆنالیزمی بەدمەست
 سارا
 تا دەنگ بڕکا
 پڕ بوو لە ئاوازی ئایەتەکانی وڕێنەو هەڵیت و پەڵیتی پەیامەکانی ئەفلەق
 سارا
 تا دڵ حەزکا 
پڕ بوو لە عەشقی شمشێرو شومیی
سارا
 تا (لات و عوزا) بەپێوەبێ
پڕ بوو لە نەفیری جیهادو جنۆکەی سولەیمان
سارا 
تا سێو پێبگا
پڕ بوو لە بۆنی شەهوەتی شەیتان
 سارا
 تا قەعقاع قوتبێ
پڕبوو لە قەنارەی بێشکەی ساواو ملوانکەو موروی سەوز و سوری گەردنی( لالەو نەسرین و نێرگز و شەهلا)
سارا 
 تا دیوار بەرزبێ
 پڕبوو لەزیندان و زیندەبەچاڵ
سارا 
تا خەلیفە دەستنوێژ بگرێ
 پڕبوو لەسێبەری خودا
سارا
 تا درزو کەندڕەکان قوڵبن
پڕبوو لە ڕەشماری کوبرا

هەر لەو دێما
لەو فەلسەفەی کورد کوشتنەی جەرع و کێما
گریەی زاڕۆ و هاواری پیرەمێردەکان
تەنهاو تەنها
 وێردی (ئایەتی کورسی) بوو
پاش (سی) ساڵێ
پێڵاوێکی لاستیکینی پینەکراو
دۆزرایەوە
پێڵاوێکی رەقەم (سی) بوو