مەلا بەختیار و پاكێتیی گۆڕەكەی كاك ئارام‌

ئومێد دەرەویانی 01/08/2019



ئومێد دەرەویانی
هەموو تێكۆشەرێك لەمێژووی خۆیدا، سەرەڕای قۆناغە جیاوازەكانی خەبات‌و شۆڕشگێڕێتی، تەنها چەند وێستگەیەكی هەیە، رونتر دەیدرەوشێنێتەوە. شۆڕشی نوێ‌، پڕە لەو قۆناغ‌و وێستگانەی، تێكۆشەرەكانی كردووە بەسیمبۆلی قارەمانێتی‌و كۆڵنەدان‌و ئازایەتی.
ئەگەرچی درەنگ كەوتنی سەردەمی شۆڕشی زانیارییەكان‌و تەكنەلۆژیا، فریای شۆڕشی نوێ‌ نەكەوت‌و زیانێكی زۆری پێگەیاند كە نەتوانرا، داستان بەداستان‌و گیان فیدایی‌و دواجار خۆشەهیدكردنی پێشمەرگە بەروونی تۆماربكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نوسەران، چیرۆكنوسان، رۆماننوسەكانیشمان، دەزگاكانی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەو دەزگای تۆمارە مێژوییەكانیش، نەیانتوانیوە ئەو راستییانەی هیچ خەیاڵێك پەی پێنابات، ئەرشیف و بەدۆكیۆمێنت بكەن.
گەلی برادەرینە.
ئەمڕۆ بەڕێكەوت، ئەو موقابەلەیەی مەلا بەختیارم بینی كە لەگەڵ رووداودا دەڵێت بەقەدەر پاكی گۆڕەكەی ئارام لەخۆم و لەپاكێتیم دڵنیام.
ئەگەرچی دۆخی ئێستای یەكێتی نالەبارە ‌و لەئاستی گەورەی خۆیدا نیە، قسەكردنیش لە كۆنگرە بوە بە بابەتی هەموان ‌و هەر ناوهێنانی كەس ‌و لایەك، تۆمەتبارت دەكات بەتەكەتولی فڵان ‌و فیسار هەڤاڵ، بەڵام بەندە نەمتوانی لەخۆم ببورم ‌و ئەم چەند رستەیە نەنوسم.
مەلا بەختیار كە بێ پەروا بە پەرۆشەوە لەدۆخی یەكێتی و گۆڕانكاری ‌و جۆشدانەوەی ناو یەكێتی دەدوێت ‌و هەر لەسەر ئەوەش مەكتەبی سیاسی جێ هێشتوە. لەو موقابەلەیەدا بێ‌ منەتی خۆی رادەگەیەنێ‌ لەهەر گەندەڵی ‌و ناجۆریەك خۆی ئاسا وتەنی لەنەوتەوە بۆ جەوت. 
ئەم سوێندو بێمنەتیەی مەلا بەختیار بۆ ئێستای یەكێتی، ئەگەرچی بڕیاری رۆژی بەستنی كۆنگرە نەدراوە، بەڵام لەهەر كات ‌و ساتێكی تر زیاتر دەبێ‌ سوێندی حەتمی هەر سەركردەیەكی تریش بێ‌، كە دەیەوێ‌ سەر بەرزانە بچێتە كۆنگرە و سەربەرزانە لێشی بێتە دەرەوە.
دەبێ‌ هەر سەركردەیەك بەو بێمنەتیە، بە وێستگە جیاوازەكانی خەبات لەشاخ ‌و شار ئەگەر درەوشاوەبێ‌ پەیمانی كۆنگرە ببەستێ‌ ‌و متمانەی بەشداربوانی كۆنگرە بەدەستبێنێ‌، نەك نمرەی بڕیاری تەكەتول ‌و بەرژوەند پەرستی زاڵ بكات بەسەر وەفا بۆ مام جەلال ‌و خوێنی شەهیدان.
ئەگەرنا چی وەڵامی رۆژی شەهیدی یەكێتی دەدەنەوە، لەبەردەمی گۆڕی ئارام ‌و شیهاب ‌و عەلی عەسكەری  چۆن دەتوانن ساتێك بەبێ‌ دەنگی بوەستن.

وتاری زیاتر