حەقیقەتی چاكسازی

کەمال محەمەد 31/07/2019


ناوهێنانی چاكسازی مێژویەكی كۆنی هەیە لەناو دەسەڵات و هێزە سیاسییەكاندا  بەڵام ئەگەر خواست و پلانێكی جددی نەبێت گومانی تێدا نییە كە بەدیهاتنی  لواو نابێت ،كۆی هێزە سیاسییەكان  جارو بار تێبینی  چاكسازی ئەكەن ،ناوهێنانی چاكسازی یەكێكە لە سەرەكیترین تایبەتمەندییەكانی زیندوبونەوەو دۆخی خۆ نوێكردنەوە ،بۆیە لەم واتایەدا هێزەكان خۆیان لەسەر شێوازی ئەو چاكسازییە دەرئەبڕن ، ئەنجامدانی ئەم كارە پێویستی بە چڕبونەوەو بەدەستهێنانی هێز و هزرە بۆ ئەوەی سیستەمی نوێ لەئەنجامی چاكسازییەكە بەكاریگەر بێت و تا دوا ڕادە گرنگە بە گوێرەی ئەو ووتانە بێت كە لەڕێگەی وێنەو هێڵكارییەوە بۆ وەرگرتنی زهنی چاكسازی لەبارە ،

لەهەرێمی كوردستان گەندەڵی هەمیشە هەڕەشەیەك بوە بۆ سەر سیستەم كاتێك قورسایی و نرخی تێبینییەكانی ڕەخنەگرانی بواری سیستەم بخرێنە ڕوو بە ڕونی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت ،  سەرەتای چاكسازی لەنێو حیزبەكاندا باشترین ڕێگرە بۆ دروست نەبونی مەنسوبییەت و مەحسوبییەت و باڵباڵێن ،ئەمەش پێویستی بە پلاتفۆرمێكە كە بەشێوەیەكی كرداری هەنگاوی بۆ بنرێت ،بێ گومان حیزبێكی تەندروست هۆكارە بۆ حكومڕانییەكی تەكنۆكرات  ،چونكە كاتێك حیزبێكی سیاسی بە پلان كار بۆ نەهێشتنی خاڵە لاوازەكان و گرفتەكانی بكات بێ گومان لە دەسەڵاتیشدا  هێزی خۆی پیشان ئەدات و لە شوێنەوە دەست پێ ئەكات كە بۆ چاكسازی گرنگ و پێویستە ،لە ماوەی ڕابردوودا دەسەڵات هێندەی گرنگی بە پەردەپۆشكردنی  شكستەكانی خۆی داوە سەرباری بەكارهێنانی ناوی چاكسازی  بەڵام  هیچ كات خواستی گەیشتن بە تواناو دەرفەتی پرۆسەكەو ریفۆرمیزەكردنی نەداوە لە میانەی هەوڵ گەلێكی مەزنی زیهنی و كردارییەوە ،

لە دوای ئابوری سەربەخۆوە هەرێم ڕوبەروی دۆخێكی قەیراناوی بۆتەوە ئەتوانین بڵێین دەرەنجامێكی سەركەوتوانەی لێ بەرهەم نەهات و ڕۆڵێكی پێشكەوتنخوازی بە سیستەمی سیاسی و ئابوری هەرێم نەبەخشی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدادی زیاتر ئاڵۆز كرد ،بە بنچینە وەرگرتنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەم قۆناغەدا كە ناوچەكە لەچاوەروانی گۆڕانكاریدایە هەنگاوێكی ئەرێنییە بەرەو چارەسەری و پێویستە بەگوێرەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیانی هەرێم  سیاسەت بكەن ،

چاكسازی لە تەواوی سێكتەرەكان دەبێتە پێشەنگی بەدیهاتنی پرەنسیبەكانی حكومڕانییەكی تەكنۆكرات ، گەشتن بەم حەقیقەتەش بەهەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە بەهای یاساییان لەدەست داوە ئەنجام ئەدرێت بۆئەوەی بونیادی سیستەمێك بێتەدی كە كۆمەڵگای بۆرژوازی كەم بكاتەوەو نەهێڵێت ،بۆیە ئەركی كابینەی نوێیە لەمیانی چاكسازییەوە ئەركی خزمەتكردن و باشتر كردنی هەموان رەچاو بكات وكاری لەسەر بكات لە كەشێكی یەكساندا ،

یەكێكە دیكە لە حەقیقەتەكانی ئەنجامدانی چاكسازی بەلاوەنانی سیستەمی ستونی و كاركردنە بە سیستەمی ئاسۆیی چونكە سیستەمی ستونی هەمیشە هۆكارێك بوە بۆئەوەی دەسەڵات بەشێوەیەكی دیموكراسیانە ویەكسان دابەش نەكرێت قۆرخی ئەم دەسەڵاتە بكرێت لەلایەن كەسانی پلە باڵای حیزب و بنەماڵەوە  ،بێ گومان رەچاوكردنی ئەم چاكسازییەش بۆ نێوحیزب گرنگی و ڕۆڵی خۆی هەیەو پلنیۆم و كۆنگرەكانی حیزب و هەڵبژاردنەكان بەسەركەوتوی كۆتایی پێ ئەهێنێت ،بۆیەپێویستە حكومەتی نوێ نوێ بەشێوەیەكی بەهێز جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە كە بونی گەندەڵی لەتەواوی سێكتەرەكان قەدەرێك نییە هاتبێتەكایەوە ،بەڵكو بەهۆی وەرگرتنی ئاراستەی بەرژەوەندی و باڵباڵێنەی نێو حیزب و بنەماڵەوە هاتۆتە ئاراوەو پێویستە كابینەی نوێ هەڵوێست و سیاسەتێكی سەروتری بەرژەوەندییەكانی حیزب و باڵەكانی  بە بنەماگرێ بۆئەوەی لەرێگەی گەشەكردنی دیموكراسیدا  یەكسانی بەدیبێت ،

خۆبە بەرپرسیارزانینی رەوشی قەیران و گەندەڵی لەلایەن حیزبە سیاسییەكانەوە لەژێر ڕۆشنایی و هەڵسەنگاندنێكی بەرفراواندا هەوڵێكی باشە بۆ ئەوەی چۆنێتی كێشەكان رۆشنبكەنەوەو و لەگەڵیشیدا پێشنیازی چارەسەریش پێشكەش بكەن لە میانەی پلاتفۆرمێكی هاوبەشەوە بۆ ئەوەی لە دەروازەی گۆڕانكارییەكی گرنگەوە بتوانن بۆ هەر سەردەم و قۆناغێك پراكتیكی ئەو ڕیفۆڕمە بكەن كە پێویستە بۆ گەشتن بە حەقیقەتی چاكسازی  .