دوای دەیەیەک.. (گۆڕان)، لە کوێوە بۆ کوێ؟

ئالان مەرگەیی 30/07/2019


کاتێک ۱٠ ساڵ لەمەوبەر، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لیستێکی جیاواز و سەربەخۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و، دواتریش کردییە بزوتنەوەیەکی مەدەنیی و جەماوەریی، ئێمەی گەنجی دوای راپەڕین شاگەشکە بووین. دەیان و سەدان خەونمان بە بەرۆکی ئەو هێزە تازەیەوە هەڵواسی، دنیایەک ئومێدی گەورە و بچوکمان لەسەر ئەو پێکهاتە سیاسییە نوێیەی گۆڕەپانی کوردستان هەڵچنی، گەلێک خۆزگەمان لەسەر ئەو جوڵانەوەیە کەڵەکەکرد، بەڵام!!

بەڵام هەزار حەیف زۆری نەبرد، وردە وردە، رووداو بە رووداو، پێشهات دوای پێشهات خەونەکانیان لەباربردین، ئومێدەکانیان سەربڕین، خۆزگەکانیان بێسەروشوێن کردین!

ئاخر ئێمەی گەنج و لاوی خوێنگەرم، بە ئاڵایەکی نیللیەوە، بە چاوی پڕ هیواوە، بە سەری پڕ خەونەوە تەماشای (بزووتنەوەی گۆڕان)ـمان دەکرد و، پێمانوابوو ئیدی ستەمکاریی و نادادیی لەسەر دەستی ئەو سەرکردە گۆڕانخوازانەوە دێتەدیی.

ئێمەی گەنجی گۆڕانخواز چەندە خۆشبین بووین، 
خۆری چاکسازیی سیاسیی و دادی کۆمەڵایەتیمان تەنها لە ئاسمانی رووبەرێکی بەرزی ناو گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانییەوە دەبینی، کە پێی دەگوترا "گردەکە".

کەچی هەنگاو بە هەنگاو توڕەبونەکانی ئێمەیان لە دەنگی گۆڕانخوازییەوە لە نێو سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە گۆڕی بۆ کارتی دانوستان لەپێناو کورسی و ئیمتیازە بێشومارەکان.

ئێمە چاوەڕێ بوین دەنگەکانمان ببنە هێزی گۆڕانکاریی و کۆتاییهێنان بە ستەم و نادادیی، نەک کەرەستەی مامەڵەپێوەکردن بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دوو حزبەکە و ماشینەوەی دەستکەوتی ناشەرعیی.

ئەوان بەسەر پشتی ئێمەوە، بەسەر شەپۆلی ناڕەزایی ئێمەوە چونە سەر کورسیی نەرمی دەسەڵات و ئیمتیاز و بێدەنگیی و سەرکزکردن.

ئای چۆن هەروا ئاسان کردیانین بە پردی گەیشتن بە مەرامەکانیان، خۆبەپاڵەوانکردن، گەوجاندنی رایگشتی و وەگەڕخستنی ماکینەی راگەیاندنی پۆپولیست و عەوامخەڵەتێنە؟!

بەڵێ، سەرەنجام (گۆڕان) تەنها بووە هێزی ئومێدکوژ و دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێ بودەڵە و دوولەتکردن و لاوازکردنی (یەکێتیی) و زلترکردنی (پارتیی)!

وتاری زیاتر