خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ پڕۆژەو قسەکانی مەلا بەختیار

لوقمان بەرزنجی 27/07/2019

 


لوقمان بەرزنجی- ئەڵمانیا

هەموو یەکیەتیەکان و ئەوانەی لەدەرەوەی یەکیەتیشن و بە هەموو حزبە کوردستانیەکانیشەوە ..ئاگادارن کە ماوەی چەند مانگێک دەبێت بەڕێز مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان . بە ئیختیاری خۆی چۆتە ماڵەوە و چەند مانگێکیشە بەشداری هیچ کۆڕو کۆبوونەوەیەکی حزبەکەی ناکات. هەرچەندە لە چەند دیدارێکی تەلەفزیونیدا، بەشێک لە هۆکاری چونە ماڵەوەکەی بۆ یەکیەتیەکان و خەڵکی کوردستان ڕوون کردەوە ، چەند مانگێک لەمەوبەر لە بەشێکی ڕونکردنەوەکانیدا لە تەلەفزیون هۆکاری چونە ماڵەوە و دانیشتنی گەڕاندەوە بۆ هەندێک خاڵی زۆر گرنگ کە بۆتە دیاردە لەناو حزبەکەی ئەویش بوونی گەندەڵی و خزم خزمێنەو مەحسوبیەت بۆ پۆستە حکومی و حزبیەکان . لەدیدارێکیدا گوتی ( تەحەدا دەکەم ئەگەر کەسێک گەندەڵیەکی لەمن دیبێ و باسی نەکات ) هیچ کەسێک و لایەنێک و هەتا نەیارانیشی لەناو حزبەکەی خۆی نەهاتنە سەرخەت و وەڵامێکیان بۆ ئەو تەحەدایەی مەلا بەختیار پێنەبوو .

 

لە ڕۆژی 20 ئەم مانگە مەلا بەختیار پرێس کۆنفراسێکی گرت و لە پرێس کۆنفراسەدا ، پڕۆژەیەکی بۆ چاکسازی حزبەکەی ڕاگەیاند لەو پڕۆژەیەدا کۆمەڵێک بابەتی هەستیارو گرنگی وورووژاند . تاڕادەیەکی زۆریش باسی لە زۆرێک لە عەیب و عارو دیاردەی نامۆ لەناو حزبەکەیدا ووروژاند... بەشێوەیەک لە چەند دێرێکی پڕۆژەکەدا، هەڵچونێکی زۆری پێوە دیاربوو بەتایبەتی لەسەروەزعی ناوخۆی حزبەکەیان و پەیوەندیان لەگەل حزبە کوردستانی و حزبە سوسیال دیموکرات و دیموکراتیە جیهانیەکان . هەروەها پشتگویخستنی ڕاو بۆ چونی کادیرو ئەندامانی خوارەوەی حزبەکەو دوور کەوتنەوەی زۆرێک لە سەرکردەو کادیران و ئەندامان و وازهێنانیان لە یەکێتی لەبەر ناعەدالەتی ئەمەشیان تەوەرێکی دیکەی قسەکانی بوو ، هەروەها ئەوەی کە زۆر زەق بوو لە پڕۆژەکەیدا ئەوە بوو لە پڕۆژەکە کە ووتی ( حزب نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێندەی یەكێتی سایتی نهێنی‌ و پەیجی سەیروسەمەرەی شكاندن ‌و تۆمەت هەڵبەستنی هەبێ) هەڵبەتە درکاندنی ئەو جۆرە نهێنیە دەچێتە خانەی نهێنیە زۆر تایبەتەکانی حزبەکەی. ئەم ڕستەیە لای من زۆر سەیربوو. سەیرەکەی لەوەدابوو کە یەکەم جارە گوێبیستی سەرکردەیەکی پلە یەکی حزبێک دەبم . بەو شێوەیە باس لە حزبەکەی خۆی بکات، هەروەها سەبارەت بە تەکتولکاریش لە ناو حزبەکەی زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێت (خاوەن سەفتە دۆلارەكان، سەرقاڵی قووڵكردنی گیانی دەستەگەری ‌و كڕینی ویژدانی كادر‌ و كردنەوەی دەیان سایت ‌و پەیجی پیاهەڵدانی ئەم‌ و ئەو و شكاندنی هی ترن، لەناو كادراندا بووەتە باو، كە هەڵگەڕانەوە لە یەكێتی ‌و دژایەتیی یەكێتی، سوودی زیاترە لە دڵسۆزی بۆ یەكێتی) هەروەها لە پڕۆژەکەدا زۆر ڕاشکاوانە پەنجە بۆ کەسانێک درێژ دەکات و بە ناو ناویان دەبات کە چۆن کاریان کردوە لەدژی ئەو . بەبۆ چونی من دەکرا مەلا بەختیار ئەو پڕۆژەی بخستایە بەردەم مەکتەبی سیاسی و لەناو مەکتەبی سیاسی قسەی لەسەر بکرایە .

 

بەڕای من هۆکاری پێشکەش نەکردنی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مەلا بەختیار بەتەواوی لە مەکتەبی سیاسی بێ ئومێد بووە و وەک خۆی دەڵێ سەرکردایەتی لەبەر کاری تایبەتی خۆیان ناپڕژێنە سەرئەوەی کە بایەخ بەو پڕۆژەیە بدەن و ناچار بوو بێت بەبەر چاوی هەموو خەڵکی کوردستان قسەکانی خۆی بکات هەروەها لە دوای چەند ڕۆژێکیش ووتوویەتی هێشتا نهێنی زۆرم ماوە گەر بێمە دەنگ.

نائومێد بوونی مەلا بەختیار لە گوێ لێنەگرتنی لەلایەن سەرکردایەتی حزبەکەی ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خودی مەلا بەختیاریش بەشێک بووە لەوەی کە یەکیەتی بەو ڕۆژە بگات و لەدوای ئەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەبەر ژیانی تایبەتی خۆیان و حاشیەو دەوربەریان هیچ ئاگایان لە ڕێکخستنەکانی خوارەوە نەما.... نە کۆبوونەوەی حزبی ما ... نە ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن ما .....نە پرەنسیپی حزبی ما ......لەسەروی هەموشیان حزب هیچ فیکرێکی پەیڕەوی تێدا نەما و پاشەگەردانیەک لە ناو یەکێتی دا دروست بوو ئیستا هیچ ئەندامێکی یەکیەتی نازانێت ئامانجی حیزبەکەی چیە و لە پێناو چی دا خەبات دەکات .... ئەو ڤایرۆسەی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ئەندام و کادیرانی حزب ووردە ووردە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە بچوکترین شانەی حزبەوە سەرکەوت و بۆ کەرت و کۆمیتەو و دواتر مەڵبەند و دواتر سەرکردایەتی ئیستا ڤایرۆسی یەکتر نەخوێندنەوەو باڵباڵێن خودی مەکتەبی سیاسیشی گرتوە بەمەلا بەختیاریشەوە، دەبوایە ئەو پڕۆژە بەر لە چونی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال بۆ بەغدا پێشکەش بکرایە چونکە هەموو دەزانین ئەو وەزعە نا سروشتیەی ناو یەکیەتی لەدوای چوونی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال کەوتە ئەو ململانێیە و هەرچەندە ڕەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا هەرزوو ئاماژەی بەو مەترسیەکردو گووتی دەبێت بەهەموو شێوەیەک یەکڕیزی یەکیەتی بپارێزین و ئەندام و کادیرانی یەکیەتی بەسەر بکەینەوە و لە غیابی جەنابی مام جەلال ئێمە جلەوی ئەو یەکیەتیە بگرینە دەست، نەبادا بە لاڕێدا بچێت بەڵام دواتر ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ش هەرچی هەوڵی دا هیچی بۆ نەکرا و دواجار بڕیاری جیابوونەوەی داو ئەویش گورزێکی گەورەی لەکەمەری یەکیەتی دا هەندەی دیکە یەکیەتی لەخشتە برد . بە کورتی ئەو پڕۆژەی مەلا بەختیار زۆر زەحمەتە لەلایەن سەرکردایەتیەوە قبوڵ بکرێت ..دیارە هەر ئەو زەحمەتیەشە کە وای لە مەلا بەختیار کرد پەنابەرێتە بەر پریس کۆنفراسە و بە مەسەجێکی ڕوون و ئاشکرای بێ پێچ و پەنا بەتەواوی ئەندامانی حزبەکەی بڵێت. ئەوە پڕۆژەی منە بۆ دەرباز بوون لە کێشمە کێشە گەورەی دووچاری یەکێتی بووە .

 

مەلا بەختیار لە ڕێگەی ئەو پڕۆژە و پریس کۆنفراسەدا ، بە گوێی هەموو دۆست و ئەندام و کادیرانیدا چرپاندی گوتی من ویژدانی خۆمم ئاسودە کرد و نەخشە ڕێگایەکم بۆ یەکیەتی دیارکرد بۆ ئەوەی یەکیەتی لەو قەیرانە دەرباز بێت بەڵام ئەوەی دەمێنتەوە ئەوە ئێوەن لەناو ڕێکخستنەکان کە تاچەند پشتیوانی لەو پڕۆژەیە دەکەن و دڵسۆزیتان بۆ حزبەکەتان هەیە و باوەڕبوونتان چۆنە بۆ هەستانەوەی حزبەکەتان کادیرو ئەندامانی خوارەوە ، بە بۆچوونی من دیسان دەیڵێمەوە موستەحیلە ئەم پڕۆژەیەی مەلا بەختیار لەناو مەکتەبی سیاسی حزبەکەی قبوڵ بکرێت ...چونکە تەماع ی تاکە کەسی و مەسەلەکان بەرژەوەندی تایبەتی تێکەوتوەو خاوەن بەرژەوەندیەکانیش هێزو پارەو دەسەڵاتیان لەدەستدایە ، مومکین نیە هیچ جۆرە پڕۆژەیەک لەو جۆرە قبوڵ بکەن .

وتاری زیاتر