یادی گەڕانەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرۆك مام جەلال بۆ كوردستان

مەلا بەختیار 20/07/2019

ئەمڕۆ (20/7/2019) چل‌ودوو ساڵ بەسەر گەڕانەوەی مام جەلال، بۆ كوردستان، دوای (5) ساڵ لەژیانی تاراوگە، تێدەپەڕێ‌.
هەندێك جار، سەركردەكان، لەناو گەلان‌و حزبەكاندا، بەناچاریی هەڵدێن. كەچی تەنها مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا، ئامادەبون، تاراوگە بەجێبهێڵن‌و بگەڕێنەوە بۆ شۆڕشی تازە بەرپاكراوی پارتیزانی.
كە مام گەڕایەوە، ساڵێك بوو مەفرەزەكان پێكهێنرابون. هێشتا، تاقە دەڤەری رزگاركراومان نەبوو. رژێم لەوپەڕی دەسەڵاتی عەسكەری‌و ئەمنیدا بوو.
هەبوون، هەرگیز باوەڕیان نەدەكرد مام بگەڕێتەوە. دەیانگوت: هەتا ناوچەی ئازادكراومان نەبێ‌، نایەتەوە، كەچی مام، تەنانەت لەدایكبونی (قوباد)یشی جێهێشت‌و بەكۆرپەیی لەئامێزی هێرۆی هاوسەرو هاوڕێی جێهێشت‌و خۆی بۆ ئامێزی كوردستان‌و سەنگەر گەڕایەوە.
بەندەو رەسول مامەندی جوامێر، بەنوێنەرایەتی كۆمەڵەو بزوتنەوە، بە نامەی شەهید (عەلی عەسكەری) بەڕێوە بوین سەردانی مام‌و سەركردایەتی پارتی بكەین، بەڵام لەم رۆژەدا بەرێكەوت، (مام) گەیشتەوە نیشتمان‌و لە هەكاری‌و لە گوندی (ماسی رۆ) بینیمان. هەر ئەو سات‌و كاتە، شەهید سەید كەریم‌و كاك نەوشیروان‌و سامان گەرمیانی‌و عادل شكورمان بینی. شەهید سەید كەریم‌و سامان گەرمیانی وەكو پڵنگ بەدەوری مام جەلالەوە بوون، هەتا گەیشتینە هێزەكانی یەكێتی، ئیتر بەشێك لە پێشمەرگەكانی كاك سالارو كاك بەكری حاجی سەفەر بوون بە یەكەمین دەستەی پارێزەری مام، لەپیپَشەوەیاندا شەهید عەبدوڵڵا ‌و هاوڕێ‌ كامەرانی پێنجوێنی.
چركەساتێكی مێژوویی لەبیرنەكراوە. رابەرێك، بەگۆچانێك‌و بە هەگبەی پڕ لە بیروباوەڕی شۆڕشگێڕێتی، بە پێكەنین‌و گوتارو هەڵوێستی جۆشدانەوەكانی، دەگەڕێتەوە. دوای چەند رۆژێك، یەكەمین دیداری مام‌و شەهید عەلی عەسكەری‌و شەهید د.خالیدو كاك سالارو ملازم عومەرو سەید كاكەو شێخ حوسێن‌و شەهید سەعدی گچكەو ملازم تایەرو ئازاد هەورامی‌و سەركردە شەهیدو زیندوەكانی تر، وەكو رۆژێكی مژدەبەخش، دێتەدی.
یادێكی هەتا بڵێی پڕاوپڕە لە وردەكاری بیرەوەری.. با هەڵیبگرین بۆ رۆژگارێك بتوانین بەراشكاویی باسی بكەین.