مەلا بەختیار، یەکێتیەکی پەرێزپاک

رەمەزان شێخانی 16/07/2019


مەلا بەختیار یەكێكە لەسەركردە هەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بە پیاوی فیکرو قەڵەم و كتێب دەناسرێت لەو حزبەدا . ئەو سەركردەیە كە هەمیشە خەمی رۆشنبیری و رۆشنفكری كورد و خزمەتكردنی ووشە و كلتوری كوردی لەكۆڵ ناوە لە پاڵ ئەركە سەرەكیەكەی لە خزمەتكردنی حزبەكەی و ئامانجە رەواكانی میللەتەكەی.
ئەو سەركردەیە دەیەوێت لە ڕێگەی رۆشنبیری و فەرهەنگ و ئەدەبەوە گەلی كورد بەهەموو جیهان بناسێنێت و بەردەوام لە رێگەی  رۆشنگەری و فێستیڤاڵی گەلاوێژ و کۆڕو سیمینارەکانی دیکەو بانگێشتکردنی نوسەرانی بیانی و عەرەبی و عیراقی زیاتر دۆزی رەوای گەلەكەی بە زۆرترین كەسایەتی و وڵات بناسێنێت. 
یەكێكی دیكە لە سەروەریەكانی ئەم پیاوە ئەوەیە هەمیشە پشتی كردوەتە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆی و هاوشێوەی هەندێك لە بەرپرسەكانی دیكە بەدوای چاڵە نەوت و ریزە تەنكەری نەوت دا نەبوەو بیری لای كۆكردنەوەی سەروەت و سامان و دامەزراندنی كۆمپانیا و مۆڵ و ماركێت دا نەبوە، لەكاتێكدا هەندێك بەشوێن گەندەڵی و كۆكردنەوەی سەروەت سامان دابوون ئەم بەردەوام سەردانی ماڵە شەهید و ئەنفالەكانی كردوەو هاوبەشی كردوون لە خەم و ناخۆشی و ناسۆریەكانیاندا كە ئەوەش یەكێكە لە سیفەتە هەرە جوانەكانی كە تا سەر ئێقسان بە وەفایە بەرامبەر هەڤاڵ و هاوسەنگەرو هاوڕێ دێرینەكانیداو دەتوانین بڵێین یەكێكە لەو سەركردانەی كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن كە پەرێزیان پاكە لە رووی گەندەڵیەوەو خاڵێكی پڕ شانازیە بۆ مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبایەتی ئەو كەڵە سەركردەیە. 
دەتوانین بڵێین بنەبڕكردن و دەركردنی عەرەبە هاوردەكان لە ساڵی 2003 لە خانەقین بە خاڵێكی  رەونەقەداری دیكەی ئەو سەركردەیە دادەنرێت و بەپشتیوانی ئەو توانرا بە ماوەیەكی كەم ئەو شارە لە دیۆزمەی تەعریب پاك بكرێتەوە. 
كاك بەختیار بەتەنها هەر لەخەمی كوردانی باشوور دا نەبوە بەڵكوو هەمیشە خەمی پارچەكانی دیكەی كوردستانی لەكۆڵ ناوەو بەردەوام هاوپشت و پشتیوانی پارچەكانی دیكەی كوردستان بوە. یەكێك لە چالاكییە هەرە بوێرەكانی بەشداریكردنی بوو لە كۆنگرەی هەدەپە لەئەنقەرەو  بە وتارێك جۆش وخرۆش و تین و تەكانی بە كۆنگرەكە دا كاتێك لە نێو هۆڵی كۆنگرە و لەناوجەرگەی توركیای تۆرانی و بە دەنگێكی بەرزو دلێر و جوامێرانە پر بەگەرووی هاواری دەكرد ئەی رەقیب هەر ماوە كورد زمان كە ئەوەش بە پشتیوانێكی ماددی و مەعنەوی دادەنرێت بۆ كوردانی باكوور و تەكانێكی بە سەرخستنی كۆنگرەكە بەخشی.
من نەمبینیوە هیچ ساڵیك ئەو پیاوە خاكییە ساڵ یادی شەهید بوونی ئارام لە بیر بكات و هەمیشە و لەهەموو ساڵێكدا لە رۆژی شەهیدبوونی ئارامی سەركردەدا كاك بەختیار سەردانی تەنگی سەری كردوەو لە دیار گۆڕی شەهید ئارام ئامادەی هەبوە. 
پێویستە هەر چیە زووە ئەو پیاوە تێكۆشەرو خاكی و دڵسۆزە كە لە ئێستادا هەندێك نیگەرانە لە رێڕەوی حزبایەتی یەكێتی، داواکانی بۆ خزمەتی یەکێتی جێبەجێ بکرێن و لەم ماوەیەدا کە پرۆژەکەی بۆ گۆڕانکاری و نوێبونەوەی یەکێتی دەخاتەڕوو، پرۆژەکەی بکرێتە بەرنامەی دورنماو ستراتیژی یەکێتی و کارێک بکرێت کە  رۆڵی مێژویی و پێویستی خۆی بگێڕێت چونكە ئەو كەسانەی ئەمڕۆ نەیاری ئەو پیاوەن كەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخوازی شەخسی و بنەماڵەین، ئەوەی ئەم لەوانە جیادەكاتەوە بەشداری گەندەڵیەكانیان ناكات و ئامادە نیە پشت بكاتە ئەو بەها پیرۆزانەی كە خودی خۆی باوەڕی پێیەتی و دەزانێت خزمەت بە ژیانی حزبایەتی و كوردایەتی دەكات و شەریكایەتیان بكات لە گەندەڵیەكانیان.