یەکێتی و مەترسی هەژمونی دەستەگەری بۆ سەر ژیانی حیزبی

رەنج قەرەداغی 11/07/2019


ئەگەر چی یەکێتی لەیەکلایی کردنەوەو پێشکەشکردنی کاندیداکانی بۆ پۆستە وەزارییەکانی کابینەی ٩ ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەونی نەیار و رکابەرەکانی لەگۆڕنا، بەتایبەت لەوەدا کەگرەویان لەسەر قوڵبونەوەی کێشەکانی ناو هەناوی یەکێتی و تەکەتولە جیاوازەکان دەکرد.
بەڵێ لەوەدا یەکێتی تائاستێک پێچەوانەی خەونی نەیارانی زوتر لەوان چوەمەیدان، بەڵام ئەمە هیچکات پاساو نییە بۆ ئەوەی ئێمە، ئەوانەی خۆمان بەخاوەنی ئەم حیزبە ئەزانین و هەر بەراستیش سەروەرییە مێژووییەکانی ئەم حیزبە ئێمەی بۆخۆی و خەبات تێیدا پەلکێشکردووە، چاو لەکەموکورتی و ناتەواوییەکانی ئەم پرۆسەیەو نادادییەکانی ناوخۆی خۆمان دابخەین.
نەخێر کێشەکانی هەناوی یەکێتی کەمنین و رەنگدانەوەی تەکەتولاتیش لەسەر ژیانی حیزبی و تەنانەت لەسەر یەکلایی کردنەوەی پۆستە وەزارییەکانی حکومەتیش لەمەترسیدارترین ئاستی خۆیاندان.

ئەوەی گرنگە لەم گۆشەنیگایەوە بیخەینە بەر پرۆسەی رەخنەو رەخنەلەخۆگرتنی ژیانی حیزبیی یەکێتی، شێوازی یەکلاییکردنەوەی پۆستە وەزارییەکانی یەکێتییە، نەک کاندیدەکان، من رام وایە هەموو بەربژێرەکان وەک هەموو کادرانی لێهاتووی یەکێتی لەکەسایەتییە شایستەکانن، بەڵام بارە نەخوازراوەکەی ئەم پرۆسەیە، شێوازی دابەشکاری و خواستی دەستەگەریی دوور لەبەرژەوەندی خودی یەکێتی و نزیک لەبەرژەوەندی باڵباڵێنی ناو یەکێتییە.

ئەمەوێ بڵێم ئەمە ئەو زەنگە مەترسیدارەیە کەپێماندەڵێ، ئەگەر ئەم نەفەسە لەیەکلاییکردنەوەی دوو پرسی دیکەی داهاتووی نزیکی یەکێتیدا بەردەوامبێ، ئەوا هەنگاوی زۆر گەورە بەرەو مەرگی راستەقینەی ژیانی حیزبی دەنێین، کەبێگومان ئەو دوو پرسەش بریتین لە: 

١- پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی دیکەی حکومەت و وەزارەتەکان.
٢- پرسی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی.

لەیەکەمیاندا ئەگەر خواست و نەفەسی دەستەگەری و باڵباڵێن بەوجۆرەی هەیە زاڵبێت، ئەوا بەشێوەیەکی رەها کادرو جەماوەری یەکێتی و ئۆرگانەکانی هیوابڕاو ئەبن لەژیانی حیزبی و بەها باڵاکانی بنەماکانی حیزبایەتی و بەرەو پێشچونی پرسی دیموکراسی و کۆمەڵی مەدەنی، ئەو بەها باڵایانەی ئێمەمانان و زۆرێک لەجەماوەرە دڵسۆزەکەی یەکێتی بەرەو یەکێتی کێشکردووە.

لەئەگەری بەردەوامی ئەم خواست و نەفەسەی دەستەگەری لەپرسی دووەمیشیاندا (کۆنگرە)، ئەوا دەستەو دەستەگەرەکان نەک هەر زیان بەیەکێتی و ژیانی حیزبی و بەها رێکخراوەییەکان دەگەیەنن و بێئەرزشیان دەکەن، بەڵکو هەنگاوی گەورەو بەپەلە بەرە و مەرگی ژیانی حیزبی و لەگۆڕنانی ئەورێبازە ئەنێن کەبەرێبازی نیشتمانی و رێبازی پیرۆزی مام ناوی دەبەن.

بۆیە بەتێروانینی من پێویستە بەهەرجۆرە، رێنەدەین خواستی نەخوازراوی دەستەگەری دژە یەکێتی، بەردەوامی هەبێ و دەستی بگاتە یەکلاییکردنەوەی ئەو دوو پرسەش لەداهاتوی ژیانی حیزبی یەکێتیدا.

وتاری زیاتر