نامەیەکی کراوە بۆ کابینەی نوێ

بارزان شێخ عوسمان 11/07/2019



لەگەڵ تێبینیەکاندا سەبارەت بە پێکھاتەکانی کابینەی نوێ ،پیرۆزبایتان لێ ئەکەم .
یەکەم ئەرک پێشکەشکردنی پرۆژەی قانونی قەدەغە کردنی نیقابە لە شوێنە گشتیی و رەسمییەکان (وا لە تونس کە حزبێکی ئیخوانیی زلیش ھەیە ،لێی نەترسان و قەدەغەیان کرد) ھاوکات رێگرتن لە خوێنەوەی وتاری ھەینی یە کە لەئەنکەرە و ریاز و دەوحەوە لە مزگەوتەکانی سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستانەوە ئەدرێت بەگوێی خەڵکی بێچارەدا.
کابینەی نوێ ئەرکی زۆر قورسی لەسەرشانە،ئەبێت ھەرزەیی سیاسیی بن بڕ بکات تا گەلەکەمان جارێکی تر روبەڕوی نەھامەتیی نەبێتەوە ،لەوانە:- سەربەخۆیی ئابوریی، ریفراندۆمی ناوەخت ، ھەڵکردنی ئاڵای ئیستفزازیی لەسەر ناوەندە رەسمییەکانی ناوچە جێ ناکۆکەکان ). چاوێک بخشێنرێتەوە بە پروگرامەکانی خوێندندا ھەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ ،بەتایبەتی وانەی ئاین و مێژو ،با ئاین باسی مێژوی ئاینەکان بکات لە پۆلی یەکی بنەڕاتییەوە نەبێت،مێژوش با وەک پروگرامی ساڵانی شەست و ھەفتای ئەوسای عێراق بێت کە بەعس تەداخولی نەکردبو. نەکەن بەو سوپا و پۆلیس و ئاسایشە نیشتمانییە تێبکەون کە ئیسلامییەگان بانگەشەی بۆ ئەکەن و بەداخەوە موسەقفی ناو ھەندێک حزب ئەیڵێنەوە،،وا بکرێت دو سێ ساڵی تر پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش پڕ ئەبێت لە داعش و ریش پان وەک پاکستان و ئەفغانستان .بە وەزیری خوێندنی باڵا بڵێن سەیرێکی زانکۆ و پەیمانگاکان بکات ھەم جمەیان دێت ھەم بوە بە لانکی تێرۆر و دەرچوەکانیان کۆمەڵی کوردەوارییان ژەھراوی کردوە بە بیری تاریک پەرستیی بەتایبەتیی خوێندنگە و نەخۆشخانەکان ئەوە فەرمانگەگان ھەرھیچ. وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان زۆر گرنگە لەوانە پاراستنی زمان و رێوشوێنەکانی کاری میدیا کە لەم پاشا گەردانییەی رزگار بکات ، زمانی کوردیی شێوێنراو لە ریزی پێشەوەیانە،لەم فەرمی و وشە داتاشراوە بێ مانایانەی رزگار بکات و،سنورێکیش بۆ ئەدەب سزیی ھەندێک میدیا دابنێت .وەزارەتی پلان دانانیش گرنگترینیانە ھەق وایە ئەو وەزارەتە کارا بکرێت و بە پلانی زانستیی و واقیعیی ،تا کوردەواریی لە بێ پلانیی و مەزەنەکردن و گۆترە رزگاری ببێت ،بڕوا بکەن پلان دانان دایکی وەزارەتەکانە بێ ئەو ھەرچی بکەن رەنج بەخەسارن ،بە مەرجێک پلانی خەیاڵیی و گریمانیی نەبن .زۆر ئەرکی تریش کە ئێوە باشتر پەیی پێ ئەبەن .