یادێكی خەمباری، سەركردەی گەورە عەلی عەسكەری

مەلا بەختیار 07/07/2019


ئەمڕۆ، ساڵرۆژی (41) ساڵەی شەهیدكردنی سەركردەی گەورەو رابەرێكی رۆژگاری سەخت، عەلی عەسكەرییە. من نامەوێ، جگە لەم قسانەی بۆ مێژوو دەیانڵێم، جارێ هیچ شتێكی تر بڵێم.
شەهید عەلی عەسكەری، نەك هەر سەركردەیەكی عەسكەری و سیاسیی كۆڕی خەباتی پەنجاكان، هەتا حەفتاكان بوو، بەڵكو بەپێی باوەڕی كوردایەتی و رێبازی سیاسیی خۆی، لە قۆناغە سەختەكاندا پێگەیشتووە. باوەڕی بە دروشمی بریقەدار و لافلێدانی سیاسی نەبووە. سوریش بووە لەسەر قەناعەتی خۆی كە لەگەڵ (كۆمەڵە)ش ناكۆك بوو. بەڵام شەهید عەسكەری، باوەڕی پتەوی بە باوەڕی خۆی هەبوو.
لێرەدا من نامەوێت قەتماغەی شەڕی ناوخۆ و كۆستی قوربانیەكان هەڵبدەمەوە. بەڵام لاشم گرنگە بۆ هەموولایەك رونیبكەمەوە كە:
عەلی عەسكەری، دوای دوبەرەكی شەستەكان، بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە شەڕی ناوخۆ نەمابوو. دەشیوت: كارەساتە برایم عەزۆ و هەڤاڵەكانی شەهید كراون. بەڵام هەر رێگەی ئاشتەوایی پێ باش بوو. من خۆم دوای شەهیدكردنی حەسەن خۆشناو و كارەساتی هەكاری وام بیرنەدەكردەوە. لەگەڵ دەستكردنەوە بوم. بەڵام شەهید عەلی، كە رابەرایەتی هەڵمەتی هەكاریشی دەكرد، دژی شەڕ بوو. تەنانەت لەدوا كۆبونەوەی سەركردایەتیی یەكێتییش، پێش بەڕێكەوتنی كاروانی هەكاری، لایەنگری چارەسەر بوو. بەڵكو سور بوو لەسەر ئەوەی رێگەی پێبدرێ لەهەكاریدا، سەركردایەتیی (پارتی- قیادە موەقەتە) ببینێ و چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە.
شەهید رەسوڵ مامەند، بەندە، عادلی قیادە موەقەتە، عەلی كۆ و شەهید داود دەكەیی، بە نامەی شەهید عەلی عەسكەری، لە (17/7/1977) لە قەندیلەوە كەوتینەڕێ، بۆ ئەوەی مام جەلال و كاك ئیدریس بۆ ئاشتەوایی، ببینین. بەڵام بەداخەوە، ئەوكاتە، پارتی، خوێندنەوەی جیاوازیان هەبوو بۆ روداوەكان و هەڵمەتی هەكاری. هێزەكەی یەكێتیان بە مەترسی لەسەر چارەنوسیان دەزانی، دۆخی نێوان هەردوولاش، زەمینەو ئەقڵیەتی شەڕ بەسەریا زاڵ بوو، نەك ئاشتی.
عەلی عەسكەری و شێخ حسێن و رەئوف بەگ و هاوڕێكانیان كرانە قوربانی. قوربانیەك، شۆڕشی نوێی كوردستانی هەتا دوای راپەڕینیش، سەرەڕای دامەزراندنی (بەرەی كوردستانی) لەخوێنی رۆڵەكانی سور هەڵدەگەڕان.
بەندە، خۆم لەهیچ شەڕێكی بەرگری كردن لە یەكێتی بێبەری ناكەم. بەڵام زۆر بەپێویستی دەزانم، شەهیدكەرانی عەلی عەسكەری و سەركردەكان و هەزاران تێكۆشەر، لەشەڕی ناوخۆ، بكرێنە پەندی ویژدان و پێویستی یەكڕیزی كوردایەتی، لەهەموو بەشەكانی كوردستاندا.
هەرگیز سیاسەتی دژایەتی یەكڕیزی كورد، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا، بە دروشم و چەواشەكردنی رایگشتی، ناچێتەسەر. درۆودەلەسە هەڵبەستن، لەپەنای پاساوی دڵسۆزی بۆ یەكێتی دژی پارتی، هەر ئەو گەندەڵ و هەلپەرستانە دایان دەتاشن، كە لەبازاڕی شێواودا، گوزەری گەندەڵی گەرم دەكەن. هەموو ئەوانەی لەهەردوو بەرەی شەڕی ناوخۆدا، تائێستاش دەماری رەقەبەرایەتی ئەستور دەكەن. ئەمانە، قاچیان لەناو گەندەڵیدا چەقیوەو زمانی شەڕی ناوخۆش دەگێڕن.
یادی سەربڵندیت بەخێر شەهید عەلی عەسكەری سەركردەی گەورە. یادی تەواوی هەڤاڵە هاوكێلەكانیش بەخێر، كە بونە قوربانی شەڕی ناوخۆ.