مەحوی بەندەی لاوازی سوڵتانی عوسمانی!
هێمن عومه‌ر خۆشناو کتێبی دووه‌میشی بڵاو بووه‌وه، به ناوی ״چه‌ند لایه‌نێکی ژیانی مه‌حوی له به‌ڵگه‌نامه‌کانی عوسمانی״دا. ئه‌م هه‌وڵانه‌ی به‌ڕێز هێمن چرایه‌کی ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ن بۆ دنیای تاریکی ڕابردووی ئێمه- به تایبه‌ت دنیای ئه‌دیبانی کلاسیکی ئێمه. ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی بناغه‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردین و مخابن شتێکی ئه‌وتۆ سه‌باره‌ت به ژیان و هه‌ڵوێستیان نازانین. به هه‌وڵه‌کانی هێمن خۆشناو که له ئه‌رشیفخانه‌ی عوسمانی‌دا گه‌ڕاوه و دۆسیه‌کانی تایبه‌ت به مه‌حوی و پێشتر نالییشی هه‌ڵداونه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆکه شتی زیاتر سه‌باره‌ت به‌م دوو ئه‌دیبه‌ی کورد ده‌زانین، که ڕاستییه‌که‌ی پێش ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ی هێمن خۆشناو، ده‌ستمان له‌وه شۆردبوو ئاسۆی ڕوونتر به ڕووی ئه‌م ئه‌دیبانه‌دا بکرێته‌وه. ئه‌وه‌ی زیاتر مایه‌ی خۆشحاڵییه، ئه‌م کوڕه ئیشکه‌ره، له هه‌وڵ و گه‌ڕانه‌کانی له‌م باره‌یه‌وه به‌رده‌وامه.
مه‌حوی پێشتریش باسوخواسی مه‌یله‌که‌ی- له ڕێی شیعره‌کانییه‌وه- بۆ سوڵتانی عوسمانی له گۆڕێ بوو، به‌ڵام به هۆی ئه‌م به‌ڵگه تازه دۆزراوانه‌وه، گومان و چه‌ندڕایی له‌سه‌ر ئه‌م باسه داده‌خرێن. ئه‌م به‌ڵگانه به ڕوونی هه‌ڵوێست و په‌یوه‌ندیی مه‌حوی له هه‌مبه‌ر سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی عوسمانی‌دا ده‌خه‌نه ڕوو. مه‌حویی شاعیر، که نکۆڵی له‌وه ناکرێت له بناغه‌دانه‌رانی شیعری کوردییه و ناوی به حه‌زره‌تی مه‌حوی ده‌برێت؛ له نامه‌یه‌کدا و له به‌رده‌م سوڵتانی عوسمانی‌دا ده‌بێته (به‌نده‌ی لاواز) و بگره به دوورودرێژی دوعانامه بۆ سوڵتانی عوسمانی ده‌نووسێت، که به‌شکوو له ڕێی ئه‌م دوعایانه‌وه تاجوته‌ختی سوڵتانی عوسمانی هه‌ر پایه‌دار بمێنێته‌وه. مه‌حوی جگه له داواکردنی سێ هه‌زار قرووشی به بیانووی خانه‌قاکه‌یه‌وه- ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی مووچه‌یشی هه‌بووه- هاوکات هه‌وڵی خۆشیرینکردنی زیاتر ده‌دات له کن سوڵتانی عوسمانی؛ سه‌رنج بده‌ن مه‌حوی ڕۆژێک خه‌ونێکی به سوڵتان عه‌بدولحه‌میده‌وه بینیوه و هه‌مان ڕۆژ(!) ده‌ستبه‌جێ نامه‌ی بۆ سوڵتان نووسیوه و وه‌ک هه‌واڵێک ئه‌مه‌ی پێ ڕاگه‌یاندووه، که ئه‌گه‌ر دۆستانی ده‌ربار و پێشتر سوڵتان خۆی داوا بفه‌رمو‌ون، خه‌ونه‌که بگێڕێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئاخۆ خه‌ونه‌که بینراوه یان نا، باسێکی دیکه‌یه و باسی من نییه. ئه‌وه‌ی بۆ به‌نده پڕبایه‌خه بوونی ئه‌م به‌ڵگه به‌رجه‌سته و یه‌کلاکه‌ره‌وانه‌ن، که په‌رده له‌سه‌ر ڕووداوی کلاسیکانمان و ڕاستیی مێژووییی هه‌ڵده‌ماڵن.
من لێره‌دا هه‌وڵی شکاندنی پێگه‌ی مه‌حوی ناده‌م، پێشتریش هەوڵم نەداوە نالی بشکێنم، هەرچەند هەندێک لە خوێنەران وا تێگەیشتبوون. شیعرەکانیان باسێکی جیاوازە. ئه‌وه‌ی باسم کردووە و دەیکەم، نێوه‌ڕۆکی به‌ڵگه تازەکانە، به‌ڵام بایه‌خی ئه‌م به‌ڵگانه بۆ دنیای ئێمه له چیدایه؟
یه‌ک: شیعر و شاعیرانی کلاسیک، به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونێکه‌وه که پێی وا بوو خۆیان له قه‌ره‌ی سیاسه‌ت نه‌داوه؛ ڕاستییه‌که‌ی گه‌مه‌که‌رێکی نێو ئه‌و سیاسه‌ته بوون. نه‌ک هه‌ر مه‌حوی و نالی، به‌ڵکوو ئه‌م باسه له مه‌لای ڕومییش به دوور نییه. وه‌ک ڕوونیشه شاعیرانی کلاسیکمان، هه‌میشه لایه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یان گرتووه که خوێنخۆر، داگیرکه‌ر و زۆردار بوونه. دیاره ئه‌مه ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری ناوێت.
دوو: ئه‌ده‌بیات بۆ ئه‌وه دێته ناوه‌وه که دژی پیرۆزییه‌کان بوه‌ستێته‌وه، به‌ڵام پیرۆزییه‌ک وه‌ک خه‌رمانه ده‌وری شاعیرانی کلاسیکی ناوچه‌که‌ی داوه، که زۆر جار کاری کردووه‌ته سه‌ر بۆچوونی خوێنه‌ران و کلاسیکدۆستان له مه‌ڕ شیعری شاعیرانی کلاسیکه‌وه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م پیرۆزسه‌یر‌کردنه بێت وای کردبێت کاتێک شیعرێکی لاواز که‌وتبێته دیوانێکی کلاسیکه‌وه، ئه‌وا هاوڕێیانی موده‌ڕڕیس پێیان وا بووه شیعری شاعیری به‌رباس نییه، (مه‌گه‌ر شاعیرانی گه‌وره‌ی جیهان هه‌رگیز شیعری خراپیان نه‌نووسیوه؟!) یان له سۆنگه‌ی ئه‌م پیرۆزڕوانینه‌وه پێیان وا بووه نالی هه‌رگیز ژنی نه‌هێناوه، که به‌ڵگه‌کانی کاک هێمن، نه‌ک پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی سه‌لماند، بگره ناوی ژنه‌که‌یشی بۆ ئاشکرا کردین. که‌واته هه‌رشتێک که کۆن بوو ناکرێت قه‌پێلکێکی پیر‌ۆزمه‌ند‌انه‌ی بۆ دابتاشین و چیتر خه‌وشه‌کانی نه‌بینین و وه‌ک مرۆیه‌کی بان‌سروشتی لێی بڕوانین. ئه‌م به‌ڵگانه شکێنه‌ری ئه‌و که‌سایه‌تییه وه‌همییانه‌ن، که ئێمه بۆ شاعیرانی کلاسیکمان، چێمان کردبوون.
سێ: مخابن ئێمه یه‌ک ده‌رگەمان بۆ چوونه نێو ژیانی شاعیرانی کلاسیک هه‌یه، ئه‌ویش ته‌نیا شیعره‌کانیانه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای به‌شی ژیاننامه‌ی دیوانی کلاسیکانمان بکه‌ین، ئه‌وپه‌ڕی ده لاپه‌ڕه‌یه‌ک ده‌بێت، که هه‌موویشی زانیاریی کۆن و سواوه و له پێم وایه و وای بۆ ده‌چم و ده‌ڵێن و ناڵێن و فڵانکه‌س له فیسارکه‌سی بیستووه و ئه‌و شتانه‌دا کورت ده‌بێته‌وه. به هۆی ئه‌م به‌ڵگانه‌وه بازێکمان به‌سه‌ر ئه‌م واته‌واته‌دا دا. بۆیە ئەم هەوڵە پێویستی بە هاندانە نەک دژوەستانەوە. ئێمە ناتوانین دژایەتیی ئەوە بکەین کە لە مێژوودا ڕووی داوە.
چوار: بۆ کتێبه‌که‌ی نالییش هه‌مان بۆچوونم ده‌ربڕی، که: ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ڕۆمانێک له باره‌ی ئه‌م شاعیره کلاسیکانه‌وه بنووسین، یان فیلمێکیان له باره‌وه چێ بکه‌ین، هێنده‌ی پێویستمان به به‌ڵگه‌ی به‌رجه‌سته‌ی له‌م چه‌شنه‌یه، نیو هێنده شیعره‌کانیان به دادمان ناگه‌ن.
کەواتە قسەی من ڕوونە، من لە ڕاستییەکی مێژوویی دەدوێم- کە لێرەدا پەیوەندیی پرسیارئامێزی لەمێژینەی نێوان ئەدیب و دەسەڵات لە گۆڕێیە- نەک مەبەستم دژایەتیی نالی یان مەحوی بێت. هەر بۆ نموونە، ئەگەر فیلمێک دەربارەی ژیانی هەر یەک لەم دوو شاعیرە دروست بکرێت، یەکێک لە باسە گرنگەکان هەوڵەکانی هەردووکیانە بۆ پارەوەرگرتن و پارەکێشانەوە لە دەسەڵات، جا بە هەر هۆکار و بیانوویەکەوە بێت. بە لابردن و باسنەکردنی ئەم بەشە، لە پێناو ئەوەدا کە وێنەی کلاسیکانمان لە زەینی خوێنەری کورددا نەشێوێت؛ هەم ڕاستیمان شاردووەتەوە، هەم شتێکی ناپیرۆزمان پیرۆز کردووە کە دژی ئەدەبیاتە، (پەیوەست بەو باسەوە ڕەخنەم لەو پۆرترەیتانەیش هەیە کە بۆ شاعیری کلاسیکی ناوچەکە کێشراون و زۆر مەزنزادە، سۆفیزادە و نوورانیزادە پیشان دراون) هەمیش درۆمان لەگەڵ مێژوودا کردووە.
سەدەی بیستویەکە، ئاسایییە ئەگەر قەناعەت بکەین و هەزمی بکەین، کە شاعیرە کلاسیکە خۆشەویستەکەمان، بە پێچەوانەی شیعرە بەرزەکانییەوە، ڕەفتارێکی نواندبێت.
*سەرنج: ناونیشانی وتارەکە، لە نامەی شاعیر خۆیەوە بۆ سوڵتانی عوسمانی، وەرگیراوە.