ترامپ و ڕوبەروبونەوەیەكی نوێ

کەمال محەمەد 19/06/2019



ململانێكانی ئێران و ئەمریكا مێژویەكی درێژی هەیە ،كە خۆی لە بانگەشەی شەڕ و سزاكان ئەبینێتەوە بەتایبەت سزا ئابورییەكان و هەندێ جاریش لێدان و هێرشی موشەكی و سەربازی بۆ بەسەر بەرژەوەندی و پێگەكانیان لە ناوچەكەدا ،هەرچۆنێك بێت هەردو وڵات هێزی بەرگیری بون لە بەرژەوەندی  و ستراتیژیاندا لە هەمو گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناویندا  بەكارهێناوە ،هەمو گۆڕانكارییەكانیش دەرەنجامی زەمینە خۆشكردنی سیاستی ئابوری و بەربەرێكانی داگیركردنی ئابوری بوە بەو پێیەی رۆژهەڵاتی ناوین ناوچەیەكی ستراتیژ و دەوڵەمەندە بە كانزاكان ،بۆیە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش تەنها بە ویستی بەرجەستە كردنی داخوازییەكانی زلهێزە باڵادەستەكان  نەخشە رێژ ئەكرێت ،تێپەڕبونی قۆناغی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین  دەتوانین بەهەژمونی وڵاتانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دابنێن بۆیە تەواوی دەوڵەتان ئەیانەوێت هێزی خۆیان بسەلمێنن لە مەیدانەكەدا،

ئەم فۆرمە لە سیاسەت و ململانێیەی ئەمریكاو ئێران بەدرێژایی ساڵانی رابردو لە دوای روخانی شای ئێرانەوە نەیتوانیوە بەربەستێك بۆ دەسەڵاتە هەژمونگەراییەكەی دابنێت لە ناوچەكە دا ،بەپێچەوانەوە ئێران بەسود وەرگرتن لە دەسەڵاتە ئایینزاییەكەی كەسەرچاوەكەی سەفەوییەكانە توانیویەتی برە بە دەسەڵاتەكانی بدات ،بەڵگەی هەرە زیندوش ئەمەیە كە ئێران هەتا ئەمڕۆتوانیویەتی هەمان ئەو سیاسەتە پێڕەو بكات ،بەتایبەت لەو وڵاتانەی كە شیعەی تێدایە ،هەرلەسەرەتای دروست بونی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ململانێ بوە ناسنامەی نێوان ئەمریكا و ئێران  ،ئەم دروشمە لەبەرەنگار بونەوە درێژەی كێشاوە  بەشێوەیەك كە چەندان سەرۆكی ئەمریكا  نەیانتوانیوە زامنی نوێنەرایەتی  سیاسەت و ستراتیژی ئامانجەكانی ئەمریكا بكەن لەبەرامبەر ئێراندا ،لەم چوارچێوەیەدا هەریەكە لە جیمی كارتەر و ڕۆناڵد ریگان و جۆرج بۆش و جۆرج دەبلیو بۆش و بن كلینتۆن و ئۆباماش جگە لە خزمەتكردنی سیاسەتەكانی ئێران لەناوچەكە ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نەبینیوە كە ئەمریكا توانای جێبەجێكردنی داواكارییە سیاسی و ئابورییەكانی خۆی هەبێت و تەنیا لەسەر بنەمای دەربازكردنی كێشەكان ساڵانی دەسەڵاتدارێتییان بەرێ كردوە ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لە رابردوەوە بۆ ئێستا بە بنەما بگیرێت لە ناوچەكەدا  !

بە پێچەوانەوەی سەرۆكەكانی پێشوترەوە  ترامپ هەرلە سەرەتای بون بە سەرۆك بریاریدابەكشانەوە لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە،ئەمە ئەو بژاردەیە بوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دو وڵاتەی خستە قۆناغێكی نوێوە و بەسەپاندنی چەندین سزای ئابوریی و رێگریكردن لە فرۆشتنی كانزا و نەوتی ئێرانی هەژمونگەرایی زەنگێكی بۆ ئەو وڵاتە لێدا كە چیدیكە نەتوانێت لەمڕۆكەی دنیای سەرمایەداریدا لەگەورە پیشاندانی هێزی خۆی زێدەرۆیی بكات ،ئەتوانین بڵێین ئەمە یەكەمین سیاسەتی ڕادیكاڵانەی  ئەمریكا بو كە جێگای باس بێت  بە بەراورد لەگەڵ سەرۆكەكانی پێش دۆناڵد ترامپ  ،ئەمەش تا رادەیەكی زۆر ئێرانی خستۆتە دۆخێكی ناسەقامگیری ئابوریی  سەختەوە  كە بەجەنگی سارد ناوزەند ئەكرێت و لەم دواییانەشدا رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەلێدوانێكیدا وتی كە جەنگی ئابوری هیچی كەمتر نییە لە جەنگی سەربازی و گەلی ئێران پێویستە بەرگەی ئەم قۆناغە بگرێت و روبەروی ببێتەوە كەبەرای من مەبەست لێی توانای روبەروبونەی هەرئەگەرێكی جەنگی سەربازییە لەلایەن دەسەڵاتدارنی  ئێرانەوە ،
ئێران وڵاتی كۆبونەوەی تەواوی ئەتنیك و ئایین و مەزهەبەكانە  ناوچەیەك نییە بە ئاسانی لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاواوە شیكار بكرێت و رەنگە كێشەكان بەو شێوەیە ئاسان نەبێت كە ئەمریكا بەتەنها بتوانێت لەرێگەی سەربازییەوە ڕژێمی ئەو وڵاتە بگۆڕێت ،بۆیە ئەمریكا  لەرێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە هەوڵی دۆزینەوەی دەرەتانێك ئەدات كە لەئەگەری شكستهێنانی جەنگی ئابوریدا بتوانێت هێز گەلێك بەدەست بهێنێت بۆ روبەروبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ،

بەرلە هەمو شتێك ئایا ترامپ مێژوی سەرۆكەكانی پێش خۆی دوبارە ئەكاتەوە یان ئەزمونی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی ئەوان وانەبەخشێك ئەبێت بۆی  تا بتوانێت سنورێك بۆ حیسابە هەژمونگەراییەكەی و پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی دابنێت كە بە بڕوای ئەوان مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ،لێرەدا ئەوەی گرنگ دەستنیشانكردنی پێشوەختی بڕیاردان نییە ،بەڵكو ئامادەباشی و توانای روبەروبونەوە و بەرگری هەردو وڵاتە لە هاتنە كایەی هەر پێشهاتێكدا كەكامیان ئەگەیەنێتە خاڵێكی بەهێز ،ئێرانێكی دەسەڵاتداری ناوچەكە كە بەپێی قۆناغەكان لە بەهێزیدایە یان سیاسەتەكانی ترامپێكی جیاوازتر لەسەرۆكەكانی پێشوی خۆی؟.