مەترسییەكی گەورەو بێ دەنگییەكی ترسناك

کەمال محەمەد 15/06/2019


تێپەڕكردنی ئەم مەترسییە هەروا بە ئاسانی ،هەنگاو ئومێدەكانی گەلەكەمان بۆ یەكپارچەیی و پاراستنی خاكی كوردستان تادێت قورستر ئەكات ،ئەو كات شانسی ئەوەش دەرەخسێنێ كە وڵاتێكی داگیر كاری وەك توركیا پاڵپشت بە بیانوی هەبونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانەوە بە شێوەیەكی نەخشە بۆكێشراو هەوڵ بۆ   داگیركاری باشور بدات ،بەرفراوانكردنی دواین كردەو جموجوڵە سەربازییەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێم هەمان هێزی هەژمونگەرایی ئەو وڵاتەیە بەدرێژایی مێژوو لە میانەی هەوڵە بەردەوامەكانی ئاسیمیلەكردن و بێكاریگەركردنیان وەك نەتەوەیەكی مێژویی لەبواری سیاسی و  ناسنامەی هاوچەرخی كوردانەوە ،ئەو جارە لەپارچەی ژێر دەستی عێراقدا كە تا ئێستاش  كێشەی كورد بە شێوەیەكی بنەرەتی چارەسەر نەكراوە خاكی باشور روبەروی یارییەكی مەترسیداری ئاكپارتی و وڵاتی توركیا بۆتەوە هەروەك بڵێی راستینەی گەل و قەوم و خاكی كورد بە نەبو دابنرێت ئاو جوگرافیا و خاكەكەی بەكار دەهێنێت ،ئەم جۆرە لە هەڵوێست و سیاسەتەی توركیا خاكی باشور مەحكومی  رێگایەك ئەكات كەهەر ئان و ساتێك شیمانەی داگیركردنی هەیە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ ئەوەی پێگەی كورد و خاكی هەرێمی كوردستان لە رێگەی گۆڕانكاری و پێشكەوتنی زیاترەوە كاریگەری نەكاتە سەر بەشەكانی دیكەی كوردستان و رێخۆشكەر نەبێت بۆ قەوارەیەكی سیاسی وەها كە پێشخستنی خۆبەرێوەبەرێتی نەتەوەییان ئەنجامگیر ببێت ،بونی چەندین بنكەو بارەگای توركیا لە هەرێمی كوردستان كێشەیەكە كە ساڵانێكی درێژ بێ وەڵام ماوەتەوە لەلایەن حكومەتی هەرێم و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە، كە نەیانتوانیوە وەك نوێنەری گەل لە رێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان و رێكەوتنە ئابورییەكانیانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە سنورێك بۆ جموجوڵە سەربازییەكان و دەركردنی بارەگاكانی توركیا بكەن لە خاكی هەرێم ،ئەگەر لە قۆناغەكانی رابردودا دەنگێك یان نارەزایەتییەك هەبوبێ لە شەقام و میدیا و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە ،بەڵام بەداخەوە لە قۆناغی ئێستادا كە هیچ كات لە قۆناغەكانی پێشو باشتر نییە لەروی مەترسییەوە بۆ خاكەكەمان جۆرێك لە بێ دەنگی باڵی كێشاوەتەوە سەر میدیا شەقام و حیزبەكانەوە ،بەتایبەت ئەو حیزبانەی كە بەشدارن لەو كابینەیەی كە بڕیارە پێك بهێنرێت ،ئەوەی ئەم راستییە ببینێت ئەوەیە كە ئەم هێزانە نایانەوێت بكەونە گێژاوی بەرژەوەندییەكانیانەوە لەروی هێزی چۆنایەتی و چەندایەتییان لە حكومەتی داهاتودا،

كردەوەو پراكتیكی لەمجۆرەی توركیا جارێكی دیكە ماهییەتی فاشیستانەی ئەم وڵاتە پیشان ئەدات بەرامبەر بە نەتەوەی كورد بەتایبەت لە دوای ریفراندۆمەكەوە ڕۆڵی تەواوی لە دۆخی كەركوك و هەرێمدا ئەگێڕێت ئەمەش هەوڵێكی مەترسیداری پارتی ئاكپارتی دەسەڵاتداری توركیایە كە سێبەر و شوێن پێی خۆی پیشان ئەدات ،جێگای مەراقە بەهۆی نەبونی هیچ هەڵوێستێكی سەركردایەتی كوردەوە سەركردەیەكی وەك سەدر بێتە دەنگ  سەرەڕای ئەوەی لە عێراقی رۆژی ئەمڕۆماندا كە كورد بە پێگەی دەسەڵاتی هەرێمی گەیشتوەو هیچ سۆز و هێزێكیشی نییە بۆ لەدەسەڵاتە هەرێمییەدا بۆ پارێزگاریكردن لێی ،لێرەدا ئەوەی ئەمێنیتەوە  بەرگری خۆیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و رێكخراوەكانە بۆ ئەوەی كۆتایی بەو بێ دەنگییە ترسناكە بهێنرێت بەرامبەر بەو مەترسییە گەورەیەی كە  هێزی تاودانی داگیركەران خێراتر ئەكات لەئەگەری نەبونی هیچ نارەزایەتییەكدا .