عەلی‌و درۆ!

نەشوان ئەحمەد سەعید 05/11/2016

لە مێژوودا زۆر نمونە هەیە لە كەسانێك كە زۆر دەڵێن‌و بەو هۆیەشەوە زۆر تێدەكەون، بەوەش گوفتار‌و رەفتاریان جیاوازیەكەی ئاسمان ‌و ڕێسمانە، ئەو كەسانەش دروست ئەوانەن كە دروستكەری روداو نین بەڵكو بەكار دەهێنرێن بۆ بە بازاڕ كردنی سیاسەتی چەوت یان بە كەلتور كردنی درۆ‌و چەواشە.
لە دوای دیداری مێری‌و وتەكانی  مەلا بەختیار، هەموو ئەو راستیانە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرابوو، كە سەرۆكی پەرلەمان كەلە پشكی گۆڕانە، بەشێكە لە هۆكاری ئەم بارودۆخەی چەقبەستووە سیاسییەی ئەمڕۆیە.
بەداخەوە، ململانێ سیاسییەكان، لە باشوری كوردستان؛ دۆخێكی وای خوڵقاندوە كە ئەمڕۆ كەسانێك كە هێندەی گەردێك سەریان لە سیاسەت ناخورێ‌و سەرەداوی كارێكی سیاسیشیان نەبینیوە، دێت‌و شیكردنەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری دەكات كە لە بنەرەتدا نەك كاری ئەو نیە بەڵكو لێشی تێناگات.
لەكوردستان، ئەو پەرێزە دیموكراسیەی هەیە‌و زۆر كەموكوڕی‌و بۆشاییشی تیادایە، بەڵام هەڵبژاردن كە یەكێكە لەپایەكانی دیموكراسی، ئەنجامی لەشێوەی ئەوە هەیە‌و ئەوەتا هەڵبژاردن‌و دیموكراسی بۆتە هۆی ئەوەی كەسانێكی  وەك عەلی حەمەساڵح (كە نامانەوێ وەك خۆی بدوێین‌و پێی بڵێین هەڵەوەڕ، چونكە ئەگەر كەسێك لە كوردستان لە 10 ساڵی رابردوو بە زۆر گوتن‌و كەم كردار ناسرابێت ئەوا عەلی حەمە ساڵح ە‌و ووشەی هەڵەوەڕ دەق بۆ خۆی دەبێت)، ببێتە پارلەمانتار‌و، جار جار لە فەیسبووكەكەی خۆیەوە كۆمەڵێك وشەی ناشرین، درۆ، داتاشین‌و چەواشەكاری فڕێ بدات... كە بەداخەوە ئەگەر یادەوەریەكی كەم هەبوایە ئەبوو عەلی شەرمی بكردایە قسە بكات چونكە بەڵێنگەلی گەورەی داو جگە لە قسە هیچی تری لێ سەوز نەبوو، كە دەبوو لانیكەم ئێستا لەو دۆخەدا دەستی لە كاری پارلەمانتارە هەڵ بگرتایە وەك خۆی لە بانگەشەدا وتی.
لەگەڵ   خستنەرووی راستییەكان، ئیدی عەلی‌و كۆی عەلییەكانی ئەم هەرێمە درۆكانیان باڵاتر دەكەن، خەڵكی چەواشە دەكەن‌و تۆمەت دەبەخشنەوە، تا لەسەر دەسكەوت‌و رۆڵی خەباتگێڕەكانی دوێنێ‌و سیاسیەكانی ئەمڕۆ،  رەواج بە هەڵوێستی بێهەڵوێستی خۆیان بدەن.
عەلی حەمەساڵح‌و تەواویی هاوبیچمەكانی كە ئاشكرایە لە كوێدا شەنی درۆكانیان دەكەن‌و زانیاریان لە كوێ پێدەگات تا هۆشی خەڵكی پێ گۆش بكەن، بیریان چووە كە ئەم دۆخەی ئەمڕۆ زادەی سیاسەتە هەڵەكانی ئەوانە، بیریان چووە كە ئەگەر یەكێتی‌و سەركردەكانی نەبا؛ ئەوا ئێستا تۆزی گردەكەشیان نەدەما، بەڵام دێن بۆ دووبارە جۆشدانەوەی درۆكانیان لە فەیسبووكەوە تۆمەت دەبەخشنەوە.
ئاخر، عەلی حەمەساڵح-ێك؛ كە هێندەی نەك مەلا بەختیار بەڵكو بچوكترین پێشمەرگەی یەكێتی ساردی‌و گەرمی بۆ كورد نەچەشتبێت، با پێمان بڵێ، لەماوەی  7 ساڵی كاری پەرلەمانی، چی   بۆ شارەكەی خۆی كردوە، ئەو شارەی كە ناوێرێت بۆ یەك چركە تێدا دەنگ بەرز بكاتەوە.
ئەوەی سەیرە عەلی دێت‌و باسی نەخوێندەواری دەكات، بیری چوە كە كۆمەڵێكی زۆر لە سەركردە‌و بەرپرسە بەڕێزەكانی ئێستای گۆڕان، لەبەر پێشمەرگایەتی، لەبەر ئەوەی ئەمرۆ بۆ عەلی بەدی بێنن نەیانتوانی خوێندن تەواو بكەن، كە ئەگەر ئەمە تانە بێت پێم وایە گردەكە پڕ ئەبێ لە كەسانی بەڕێز كە عەلی تانەیان لێدەدات.
لە كۆتایی دا، بە عەلی دەڵێین؛ با ئیتر كاڵاكانتان لە راگەیاندنەكانەوە هێندەی باڵاتان بێ، نەك لە باڵای خۆشتان زیاد بێ‌و خەڵكی پێ فریو بدەن، چونكە خەڵكی باش لێتان تێگەیشتووەو باشیش دەتانسێت!