متمانەدان بەسەرۆكی هەرێم و بەیعەتدان بە بارەگای بارزانی !

کەمال محەمەد 27/05/2019


بەپێی رەخساندنی دەرفەتەكان و ئامادەكارییەكانی پەرلەمان لە كۆبونەوەی  ٢٨/٥ كە بۆ دەنگدان بۆ سەرۆكی هەرێم ئەنجامدراوە  لەلایەن حیزبە سیاسییەكانەوە كە بونیاد و جێگیر كردنی سیستەمێكی خێزانییە كە باڵ ئەكێشێت بەسەر كۆی پرۆسێسە سیاسی و دەسەڵاتدارییەكان لەم هەرێمەدا ، لێرەدا ئەو رەوشەی بە درێژایی مێژووی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنەكانی دوێنێ بەرەنگاری ئەبونەوە دژی تاكرەوی و دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە سیاسی و جومگەكانی بڕیاردان بون لەلایەن هێزێكەوە كە پارتییە ،وا ئەمڕۆ ئەو سیستەمە سەراپاگیرییەی حكومڕانی لای حیزبێك و بنەماڵەیەك بە دیاریكراوی هەنگاو بەرەو بون ئەنێت و رەواجی پێ ئەدرێت ، مسۆگەر ئەمە بە مەترسییەكی گەورە دائەنێم چ بۆ پرۆسەی سیاسی هەرێم و چ بۆ ئاییندەی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی كە رەنگە دواجار لە قاڵبی پاشكۆ بوون رزگاریان نەبێت بە ئاسانی دەرەتانێك نەیەتە پێش كە خۆیانی لێ  دەرباز بكەن ،رەنگە دواجار هەبونەكەشیان وەك هێزێكی سیاسی خاوەن رۆئیا و پرەنسیب بكەوێتە دۆخێكەوە كە بە ئاسانی نەناسرێنەوە !

سەرباری ئەوەی كەوا متمانەدان بە كەسێك ئەدرێت كە ئەستۆپاكی بۆ كرابێت بۆئەوەی قابیلی متمانەكە بێت ئەمە بۆ دنیای سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و یاساییش هەمان بابەتە ،بۆ ئەوەی تای تەرازوو بەلای ئەخلاقی سیاسی و ویژداندا بشكێتەوە ،بۆیە متمانە پێدان تەنها رێورەسمی پشتراسكردنەوەی كەسێك یان هێزێك نییە كە قەیرانی بونیادی و سیستەمی رۆژی ئەمڕۆمان كە ئەنجامی ئەو كاولكارییە ئابورییەیە كە دوچاری هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بوە ،لەكاتێكدا بێیت بۆ كێشەی بەردەوامبون و بەردەوامنەبونی كۆمەڵگا و هەرێمێكی بەسیستماتیكراو بە بیانوی ناچاری و رێككەوتن و بەرژەوەندی حیزبییەوە ئەندام پەرلەمانەكانت ناچار بەوە بكەی كە حقوق بەلاوە بنێن و تەورێسێكی سیاسی گشتگیر بكەن بە ئەمری واقیع !

بەو پێیەی كە پارتی ئاماژەی پێداوە كە سەرۆك لە هەڵبژاردنی ئاشكرای پەرلەماندا زۆربەی دەنگەكان بەدەست ئەهێنێت كە ئامارەكە نزیك لە ٩٠ دەنگ ئەخەمڵێنێت  بەپێی ئەو رێكەوتنانەی لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەماندا كراوە ،سەرەڕای ئەوەی پێمان ئەڵێت كە دامەزراوەیی پەرلەمان باڵاترین پێگەی بڕیاردان و رەچاوكردنی بریارەكانی گەل نییە لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە ،بەڵكو ئەو ڕۆڵەش ئەخاتە ڕوو كە چۆن حیزبەكانی دەرەوەی پارتی هێزی خۆیان لەدەست داوەو نەیانتوانیوە سیاسەت بكەن بە ئامرازی چارەسەركردنی كێشەكان تا لە رێگەیەوە كۆمەڵكا بە هێزی زهنییەت و ویژدانی خۆی گونجاوترین سیاسەت و سیستەم هەڵبژێرێت ،

رازیبونی كۆی هێزە سیاسییەكانی بە سیاسەتی پارتی و بێ دەنگ بونیان لەمەر كردنەوەی بارەگای بارزانی و گەرانەوەیان بۆ ئەو بارەگایە جۆرێكە لە بەیعەتدان بەو دامەزراوەیەی بان یاسا و دەستور ،بۆیە ئەگەر پارتی لە رێگەی پەرلەمانەكەیەوە رۆژێكی بۆ متمانەدان بە سەرۆكی هەرێم دیاریكردبێ ،ئەوا لەرێگەی بارزانی گەورەوە كە خۆی لەسەرو هەمو دامەزراوەكانەوە ئەبێت تەواوی ڕۆژەكانی بۆ بەیعەتدان بەو بارەگایە بە كراوەیی هێشتۆتەوە ،بێگومان لە پشت ئەم سیاسەتەی پارتییەوە مەبەست لێی فڕێدانە دەرەوەی كۆی حیزبە سیاسییەكانە لە گۆڕەپانی سیاسیدا  و ڕۆڵەكەشیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بچوك كراوەتەوە كە لە نێو پارتی بەگشتی و بنەماڵەی بارزانیدا هەیە كە مەبەست لێی راگرتنی هاوسەنگی باڵەكانە لەناو ئەو حیزبەدا ئەمەش لەمیانەی لێگەڕینیان لە حەقیقەت  و  قبوڵكردن وتێپەڕكردنی هەژمونگەرایی و سیاسەتی پارتی دا .

یاریكردن لەناو ئەم سیاسەتەدا وەكو ئەوە وایە لەپەنجەرەیەكی وشكی وابەستەبونە لە دنیای سیاسەت بڕوانیت ،كاتێك سیاسەت و تێڕوانینەكانی خۆت بۆ كۆمەڵگایەكی سیاسی خستبێتە ژێر سیاسەت و چەپۆكی حكومرانی پارتێكەوە كە تەنها خۆی بە خاوەنی هەرێمەكە بزانێت و بڕیاری لەبارەوە بدات ،بەڵام كاتێك بڕیاردانەكانی شكست بە دوای خۆیدا ئەهێنێت بیخەیتە ئەستۆی ئەوانەشی كە ڕەها بونی حاكمی هەرێمەكەیان پێ بەخشیویت  ،هۆكاری سەرەكی تەواوی ئەمانەش جێبەجێكردنی ئەجێنداكانە لە لایەن ئەو هێزانەوە كە ئامادەیی پێدانی هەموو دەسەڵاتەكان بە پارتی كە  ئەگەر دۆخەكەو تەواوی رێكەوتنەكان لەگەڵ ئەم هێزانە لێكبدەینەوەو شیكارییان بكەین .