گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا

کەمال محەمەد 18/05/2019


كاتێك بۆ نێو قوڵاییەكانی مێژوو شۆڕ ببینەوە چەندین كەسایەتی و سیاسی و سەركردە بەدی ئەكرێت ،دەشێ هەریەك لەمانە لەرووی دیدگای سیاسی و چەمكی تێڕوانینەكانیان بۆ حكومڕانی و كۆمەڵگا و دۆزی نەتەوەكەمان هەریەكەو بۆچون و رێگایەكیان گرتبێتە بەر ،بۆیە بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە باشوری كوردستانیش توانستی سیاسی و سەركردەیەكی نوسەری  وەك نەوشیروان موستەفا لەم قۆناغ و جوگرافیایەدا لە خۆ گرتوە ،لێرەدا لەوە زیاتر باس لە مێژوو ناكەم ،زیاتر مەبەستم جەخت كردنەوەیە لە مێژووی سیاسی ئەم دە ساڵەی كۆتایی  كە هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی گەورەی بە خۆیەوە بینی ئەویش دروست بونی یەكەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی بو كە دامەزرێنەرەكەی نەوشیروان موستەفا بو لە رێگەی دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە توانی لەیەكەمین بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكاندا رێژەیەكی بەرچاو دەنگ بەدەست بهێنێت ، بۆیە نابێت نكوڵی لە رۆڵی كەسایەتی و بیركردنەوە و پرەنسیبەكانی بكەین كە پێویستی و تایبەتمەندی هەر كۆمەڵگایەكی ئەخلاقی و سیاسییە لە كاتی جێبە جێكردنیدا ،كە لە هەر كوێ و زەمانێكدا بێت ئەتوانێت كۆمەكی خۆی پێشكەش بە قۆناغ و گۆڕانكارییەكان بكات بە ئامانجی گەشتن بە كۆمەڵگایەكی ئەخلاقی و سیاسی  كە بتوانێت  ئازادی و یەكسانی و دیموكراسی  بەرهەم بهێنێت و دەستەبەری بكات ،

هەروەك ئەزانرێت ١٩/٥ ساڵیادی كۆچی دوایی یەكێكە لە سەركردە و سیاسی و نوسەری كورد نەوشیروان مستەفا كە دو ساڵ لەمەوبەر كۆچی یەكجاری كرد و دوای خۆی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرنامەكانی بۆ چاكسازی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ هاورێكانی بە جێهێشت ،بەو ئومێدەی بزوتنەوەكە بتوانێت بەردەوامی بە هەبونی خۆی بدات و  ببێتە موڵكی هەمو ئەوانەی خەونی گۆڕانكاری و كۆمەڵگایەكی دیموكراتیان هەیە و رەنجی ئەم چەن ساڵەی خۆی نامۆ نەكات كە ئازادیخوازانی ئەم هەرێمە و كەسانێك بە درێژایی مێژووی ئەم بزوتنەوەیە  رەنجیان بۆ داوەو ماندوبون لەگەڵیدا بەڵام  بەداخەوە لەدوای كۆچی دوایی  نەوشیروان مستەفا هاورێكانی نەیانتوانیوە پارێزەر و هەڵگری ئەو میراسییە سیاسییەی سەركردەكەیان بن و دەرفەتی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی گۆڕان بدەن بۆ گۆڕانكاری لە چۆنێتی سیستەم و دانانی سیستەمێكی پەرلەمانی و مانەوەی بزوتنەوەكە دژی بەتەورێس كردنی سیاسەت و كردنی بە موڵكدارێتی و خێزانی هاوشێوەی پارتە سیاسیەكانی دیكە ،یەكەمین هەنگاو كە سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە كردیان خاوەندارێتی كردنی موڵك و ماڵ و میدیای ئەم بزوتنەوەیە بو بەناوی كورەكانییەوە كە ئەمەش هەنگاوێكی مەترسیدار بو بۆ بەخێزانیكردنی بزوتنەوەكەو تەورێسێكی دیكەی سیاسی ،چون دنیای سیاسەت ئەوەمان پێ ئەڵێت هەركات پارەو میدیا لای هەر تاك و گروپێك دەستی بەسەردا گیراو و قۆرخ كرا بێ گومان جێبەجێكردن و سەپاندنی هەر بڕیارێك دواجار ئەگەرێتەوە بۆ خاوەندارێتی لە پارەو میدیای ئەو حیزبە سیاسییە یان ئەو عەقڵییەتە خێڵەكییە ،

یەكێكی دیكە لە كێشە پەیوەندیدارەكان بەم بزوتنەوەیە هەڵوەشاندنەوەو لادانە لە پرەنسیبەكانی كەهۆكاری گەیشتن بەودۆخە قەیراناوییەیە كە بزوتنەوەكە خۆی لە دۆخی شكۆداری جاران داماڵیوە ،بەجۆرێك كە لە گۆرینی سیستەمی سیاسییەوە بوە بە داهێنەرێكی نوێی تەورێسی سیاسی ،ئەمە ئەو خاڵەیە كە دەبێت بە گرنگییەوە راوەستەی لەسەر بكەین ،كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دروستبونیدا هەوڵی وەرچەرخاندن و گۆڕینی كۆمەڵگا و سیاسەتی ئەدا ،بە شێوەیەك هیوایەكی وەهای لای هەموان دروست بوو كە دەشێت یەكسەر سیستەم بروخێت یان بگۆڕدرێت ،
بەڵام ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان وەك دەركی پێ ئەكرێت دوائەڵقەی كۆی ئەو زنجیرە رەخنانەیە كە لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانی و تەورێسی سیاسی هێزەكانی دیكەی ئەم هەرێمەیان ئەگرت ،بەهۆی هەڵوەشاندنەوەو لادان لە پرەنسیبەكان و پرۆژەی گۆڕانكاری راستەقینە كەئەمەش ئاسانكاری بۆ دروست كردنی خێزانێكی نوێی سیاسی و موڵكدارێتی لە بەشێكی دیكەی داهاتی گشتی ئەم هەرێمەوە كردوە وەك هێزەكانی دیكەی دەسەڵات ، بۆیە پێویستە بریارو سیاسەتەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان پێچەوانەی  پرەنسیب و پێڕەوی ناوخۆی ئەم حیزبەوەیە ،ئەوەی دوێنێ ئەركدار كرابو لەدەركردنی بریار و هەڵسەنگاندنی روداوەكان و سیاسەتی بزوتنەوەكە وەك چڤاتی گشتی و ژوورەكان بە پێی پێڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە ،ئەوا ئەمڕۆ تەنهاوەك جێبەجێكاری بریارەكانی پشت پەردەوە ئەبینرێت كە روونە بڕیارەكان چۆن و لەكوێ و كێ ئەیدات !

لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە دو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانەوە كرد ،كە لەهەریەك لەو دو هەڵبژاردنەدا سەرەڕای بونی ساختەكاری وەك پیشەی هەمیشەیی لە هەڵبژاردنەكاندا بەڵام  رێژەی دەنگەكانیشی بەرێژەیەكی ئێجگار كەمی كرد كە ئەتوانین بڵێین زۆرینەی ئەوانەی كە بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد لەدەنگدەرانی ئەم بزوتنەوەیە بون بەهۆی بێ هیوابونیان لە كاری سیاسی و خەباتی پەرلەمانی و نەبونی هەڵوێستێكی راست و پێویست لە ساتەوەختی روداوەكان ،بەنمونە روداوەكانی ١٦ ئۆكتۆبەر و ریفراندۆمەكەی ٢٥/٩ ساڵی  ٢٠١٧ دا و هەروەها هەڵپەساردن و كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن چەندین كەسی ناو ئەم بزوتنەوەیەوە كە لای زۆرێك لە سەركردەو لایەنگرەكانی  ئەم بزوتنەوەیەوە  بەلادان لە پرەنسیبەكانی  گۆڕان و نەوشیروان مستەفا  لێكدرایەوەو سەرەنجام بەرەیەكی نارازی دروست كرد  ،بۆیە لەو كاتەدا بەهۆی نەبونی سەركردەیەكی كاریگەرەوە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و نەگەڕانەوە بۆ ئۆرگانەكانی گۆڕان و گوێ نەگرتن لەرەخنەو بۆچونە جیاوازەكانی رەخنەگران و نوسەر و ڕۆشنبیرانەوە ،روداوەكان وپرسە گرنگەكان كاریگەرییەكی گەورەیان دروست كرد لەئەنجامی رێژەی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكان و نەیانتوانی پارێزگاری لەو میراتە سیاسییەی بزوتنەوەكەو خودی نەوشیروان مستەفاش بكەن ،بۆیە سەرەڕای پێویستی داننان بە هەڵەو شكستەكانیان سەركردە كاربەدەستەكانی ئەم بزوتنەوەیەو خودی كوڕانی نەوشیروان مستەفاش داوای لێبوردنیان لە دەنگدەران و خەمخۆرانی ئەم بزوتنەوەیە نەكرد و پەند و ئەزمونیان لەبەهەڵەدا چونەكان و شكستەكانیان  وەرنەگرت ،بۆیە ١٩/٥ ساڵیادی نەوشیروان مستەفا پێویست بوو بۆ دارشتنەوەی رێگاچارەیەكی كردارییانە بۆ دەستنیشان كردن و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی بزوتنەوەكەو ئەو دۆخەی كە تێیكەوتوە نەوەك دوبارە بەكارهێنانی ناو ناسنامەكەیەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكی زیاتری ئەوانەی كە ڕۆژگارێك هاورێی تەمەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی  ئەو سەركردەوە بوون، بۆیە پێویستە باشتر دەرك بە ئەخلاق و سیاسەتی ئەو كەسایەتییە بكەن و بۆ مێژووەكەی بگەرێنەو