بازاڕی ئازاد یان ئازادیی بازاڕ؟!

هاوڕێ توانا 16/05/2019


وەکو چۆن سیستەمی سیاسی و ستایلی حکومڕانی لە کوردستان، ناچێتە چوارچێوەی هیچ تیۆریا و فەلسەفەیەکی سیاسی، ئەوا سیستەمی ئابووری هەڵبەت ئەگەر شتێک بەناوی سسیتەمی ئابووری هەبێت، بێگومان کەنا چێتە ژێر باری هیچ تەحلیل و تەفسیرێکی ئابووری، کە ئێستا لە دنیادا کە کۆمەڵێک مۆدێل و سیستەمی ئابووری تەجروبەی کراوە هەیە کە واهەر میلەت ودەوڵەتێک پەیڕەوی لێدەکات.
 هەڵبەت لێره ئەگەر نیازت لێ حاڵی بوون و قسەکردن بێت لەسەر ئابووری و جۆری بازاڕ بزنس و بانک وەبەرهێنان، یان ئەوەی بەکۆ سیستەمێک، یان دائیرەیەک ڕاگیر دەکات و ناوی لێدەنرێت سیستەمی ئابووری، ئەوا هیچ پیویست ناکات ئێمە بەچین سامانی گەلانی ئادم سمیث و تێزەکانی ڕیکاردۆ یاخود کەپیتاڵەکەی کاڕڵ مارکس بخوێنیتەوە، چونکە بێگومان ئەوکایەش وەکو باقی کایەکانی تر، لە کوردستان شێوێندراوە و شازێنراوە و تەواو لۆکاڵی کراوتەوە! 
ئەگەرچی زۆر لە لێکۆڵەر و لێزانانی کایەی ئابووری بەلۆچکردن بە قسەو فڕێدانی تەستەواژەی ناو تیوری تێزەکانی ئابووری، ئابووری کوردستان گرێ ئەدەنەوە بەسیستەمی سەرمایەداری (کەپیتالیزم )، بەڵام ئەوەی ئێمە کە ڕۆژانە دەیبینین و ئینجا بەراودی دەکەین بەو خوێندنەوەی تەجروبەی سەرمایەداری، کە ئێستا بۆتە ئاین و عەقدەی خۆرئاوا، جیاوازییەکەیان وەک ئاسمان و ڕێسمانە ! ڕاستە ئێستا سەرمایەداری وەک وەحشێک بووەتە بەڵا بەسەر گەردونەوە و هەڕەشە لەژیان و ژینگە دەکات، بەڵام لە سەرمایەداریش ئەحکام و بەها وهێڵ خەتی سوری هەیە، دەی کەچی لە ئابووری کوردستان ئەوەی پەیڕەوی لێدەکرێت هیچ هێڵ و خەتێکی سوری نییە هیچ ڕێساو یاسایەکی کارپێکراوی نیه! 
لێره گەشەکردنی ئابووری تەریبە بە گەشەکردنی نایەکسانی و تۆخکردنەوەی چینایەتی. چینایەتی واتا بەرهەمهێنانی کەمینەیەکی پڕ و خستەوەی زۆرینەیەکی قڕ ! کە ناتوانێت پێداویسته سەرەتایەکانیشی دابین بکات ! هەڵبەت لەسایەو سێبەری ئەم (سیستەمەی ) کە لە هەناو ڕحمی کایەی سیاسی و حکومڕانی (دیسپۆتیزم) دا لەدایکبووە، ئێمە دەبین، کەوا لە پاڵ باڵەخانە بەرزەکاندا خەڵکی بێ خانوو، لە پاڵ ڕیستۆرانتە، خۆش و گەورەکاندا خەڵکی بێ پارە، لەپاڵ ئۆتۆبێلە مۆدێل بەرزو گران بەهاکان پێچەوانەی دەبینین ! واتا گرفتەکە ئەوەیە ئەم گەشەیە کە ڕۆژانە سیاسی و حکومڕانەکان بە کۆرس بۆمانی دەڵێنەوە، گەشەیەکی ساختەیە، ئەوەی هەیە تەنها هەڵتۆ قین و درووستبوونی سەرمایەی کەسی و حیزبیە یان لە باشترین حاڵەتدا سەرمایە و ئابووری نزیکەکانی حیزب و خزم ! 
بۆیە دەکرێت کە وائەوەی شیاوی ناو لێنان و شوناس بێت، بۆ ئەم فۆڕمە ( ئابووری مافیایی بێت) ئەمەش بەدەستور و تیۆریەکانی ئابووری، ئابووریەکی تەواو پاسیڤە، چونکە دەرکەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و قەیرانی دارایی و شەڕی توش هاتووی داعش، مەعلومی کرد، شتێک نیە لە کوردستان بەناوی گەشەی ئابووری بێت، بەڵام وەک چۆن لێره، هەموو چەمک و ڕێساکان لینگاو قوچ کراون، سەرئەنجام پێوەر و فوتە ئابوورییەکانیش بەو دەرد براون ! بۆنموونە مەقولەی بازاڕی ئازاد تەرجمە کراوە، بۆ (ئازادی بازاڕ !) کە تیایدا ئەو کەمینەیی پارە بەدەست مۆنۆپۆڵی بازاڕ دەکات و زۆر ئازادنە مامەڵە بەهاوردەی دەرمانەوە دەکات تا خورما ! 
بێ ڕەچاوکردنی کوالێتی و زەڕیبەدان، چونکە دیارە سیاسییە تیجارەکانی ئێستایی ئێمە، ئازادی بازاڕیان بە بەربەرەڵایی بازاڕ تەرجمەکردووە، ئەگەر نا ئازادی بازاڕ و بازاڕیی ئازاد نەک دوو دیوی یەک دراو نیە بەڵکو ڕێک پێچەوانەو دژ بەیەکترن.