سریلانکا لە مەترسیی پەچە و مانتۆ تێگەیشت، ئەی لەم ھەرێمە کەی ئەبێت؟!

بارزان شێخ عوسمان 12/05/2019



سەرەتای ئەم مانگە  ئاژانسەکانی ھەواڵ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی حکومەتی سریلانکا لە بارەی قەدەغەکردنی پەچە (برقع)ی ھێمای تاقمە ئیسلامییەکانەوە ،ئامارێکی بڕیاری پەرلەمان و حکومەتەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ھەندێک وڵاتی ئەفریقایی و جەزایریشیان  بڵاو کردبوەوە لە بارەی قەدەغەکردنی ئەو ھێمایەوە وەک بەبیرھێنانەوەیەک .لەدوای ئەو بڕیارە،  حکومەتی کۆڵۆمبۆ  بڕیاری دا چەقۆ و خەنجەریش لەگەڵ مانتۆی ئیسلامیی قەدەغە بکرێت، چونکە ئەوانیش وەک شاردنەوەی سیمای تێرۆریستان و خراپەکاران، ترسناکن و مەترسییان ھەیە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵ و وڵات ھاوکات حکومەت بڕیاری دەرکرد بۆ  وتار بێژ و پێش نوێژی مزگەوتەکان کە وتارەکانیان بێ مقەستی سانسۆری  دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت تێنەپەڕێت .  ئەم دیاردەی خۆپێچانەوەیە رێنمایی سەرەکیی ئیخوان موسلمینە بۆ ئەندام و ھەوادار و ھاوسۆزەکانی  تا جیا بکرێنەوە لە ژنان و کچانی تری ناو کۆمەڵ ،چونکە لای ئەوان بەئیسلام کردنی کۆمەڵ لە تاکەکانەوە دەستپێ ئەکات و ئەبێت ئیسلامیی لە  جلو بەرگیدا لەوانی تر جیاواز بێت .مەرامەکەش ئەوەیە کەسەرەنجام خۆ پێچانەوە ببێتە نەریت و لەبەرکردنی پۆشاکی ئەوروپایی و خۆراوایی ببێتە  شورەیی .ئەم باندو تاقمە ئیسلامییانە  لە دوای ساڵانی پەنجاوە کە بەھۆی خوێندن و کارکردن و پەنابەرێتیی ھاوڵاتییانی دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی  لە ئەوروپا و ئەمریکا خۆیان خزانە ناو کۆمەڵ  و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتانەوە  ،ئیتر لەرێی قۆستنەوەی ئازادیی پۆشین  لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیاش ،پۆشینی جلو بەرگە ئیسلامییەکەشیان سەپاند بەسەر  ھاوروانین و  ھاوباوەڕەکانیانەوە.بەڵام خۆشبەختانە لە دوای کەشف بونی دەستی ئەم باندە ئیسلامییە تێرۆریستانە  ئەو وڵاتانەش لە مەترسیی ئەم پۆشینە ئیسلامییە تێگەیشتن و ھەریەکەیان بە شێوازێک ھەوڵی قەدەغەکردنی ئەدەن ،ھیچ نەبێت سنورداری بکەن تا بەو جۆرەی ئێستا سیمای دیمەن و ژینگەی جوانی شارستانیی وڵاتەکانیان دزێو نەبێت و مۆرکی تێرۆریستانیان پێوە چەسپ نەبێت.لای ئێمەش لەدوای (الحملە الایمانیە)کەی سەدام حسێن  ھێزە ئیسلامیەکان لە سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان رێک لەساڵی ١٩٩٥ کە خۆیان گیڤکردەوە و کەوتنە خۆ برەویان دا بەم دیاردە قێزەونە و لەپاڵیشیا بە فیک و ھوڕ و ھۆیھا ھۆیھا  دوای کچان و ژنانی سەر روت کەوتن ،و لە فەرمانگە شوێنە گشتیەکانیشا  دەستیان کرد بە تەرویج و بانگخوازی بۆ ئەم جلە دزێوە نامۆیە .ھاندانی دەرەکیی (تورکیای ئەربەکان و ئەردۆگان ،قەتەر ،شانشینی ئال سعود،و خەلیجییەکان ھەمویان، مەجلیسی جیھانیی ئیخوان موسلمین،مونەزەمەکەی عەلی قەراخیی)، کەمتەرخەمی حکومەت و نەبونی ھوشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بێ باکیی حزبەکانیش  بونە فاکتەرێک کە ئەم جلوبەرگە ناشرین و ئیرھابییە لەم ناوچەیە تەشەن بکات و ببێت بە نەریتێک ،تەنانەت ئەوانەش بیپۆشن کە پابەند نین بە رێنمایەکانی  خودی ئیسلامیشەوە ،ئەوە لەسەرتاسەری عێراق ھیچ ،ھەرچی ژنە پەرلەمنتارە و ئەوانەش ئەیپۆشن کە خەریکی  ........ن .واتە ئەم جلوبەرگە نامۆیە بوەتە نەریت لە ناو کوردیشا ،لە کاتێکا ژنانی کامڵ  ئەگەر مۆدە نەبونایە  سەرپۆشێکی سپی جوانیان  ئەدا بە سەروقژیاندا ، بەتەمەنەکانیش سەروبەستێکی وەک حەپسەخانی نەقیبیان ئەبەست، ژنێکی سەلاری وەک رەوان شاد ست بەھیە مەعروف و   ست ئەنجومەنی شێخ عەبدوڵا زوھدی تەمەنی درێژ بێت  ھەزارانی تریش کە مامۆستا یا فەرمانبەر  بون ھەر سەرو قژیان دانەپۆشیوە ، ئەوە کچانی قوتابخانە و زانکۆکان  تەنانەت کچی نەخوێنەوار و ماڵەوەش ھەرگیز سەریان دانەپۆشیوە، لە لادێکانیشا بەھەمان شێوە، لەکاتی سەرماشا قوماشێکی  گوڵگوڵی و رەنگاورەنگیان ئەکرد بە لەچک. ئێستا بە جۆرێک بانگخوازیی بۆ پەچە و حیجاب ئەکرێت کە ژنە ناودارەکان ھان ئەدەن ببنە موحەجەبە ئەگەر ئیسلامیش نەبن و پابەندیش نەبن بە ئاینەوە ،ئەوەتا لەم رۆژانەدا لە سلێمانی پایتەختی سەقافەت دا کە من شەرم دام ئەگرێت  باسی بکەم ،حیجاب کرایە سەری چوارسەد کچ و ژن ، لەوەش شەرمەزاریی تر ئەوەیە  ھەندێک ژن کە پۆستیشتان ھەیە لە ناو حزبە عەلمانیەکەیانا بۆ ھەر مەرامێک بێت  ،لەچکێکی ئیسلامییان کردوە.  دە ھیچ نەبێت بیکە بەسەرپۆشێکی وەک ئەوەی  گیان بەختکردو بێنەزیر بۆتۆ!.جا ھەقە ئیتر کاربەدەستانی حزبیی و حکومیی و، چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، روناکبیران پەی بەم مەترسیی حیجاب و بورقەعە ببەن و سنورێکی بۆ دانێن، لە نەریتەوە بیگۆڕنەوە بۆ دیاردە یەکی نامۆ ، وەک چۆن کاتی خۆی  لە زانکۆکان تاک وتەرای موسڵاوییە موحەجەبە ئیخوانییەکان  ئەبینران،  لەم ھەرێمەش وای لێ بێتەوە .لەسەرەتاوە حزبە سیاسییە غەیرە ئیسلامییەکان لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن  و کەسانی پسپۆریش قسە لەسەر ئەم مەترسییە  ئەمنیی وسیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کلتورییە بکەن  و  لە مەترسییەکانی تێ بگەن و بڵێن ئیتر بەسە تاکەی بێ دەنگیی؟!.