ئایا جه‌نگ له‌نێوان ئه‌مریكا‌و ئێران‌دا رووده‌دات؟
له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ئایاردا، جه‌نگی سایكۆلۆژی‌و لێدوانه ئاگرینه‌كانی نێوان ئه‌مریكا‌و ئێران زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، كه ده‌رخه‌ری هه‌ڵكشانی ململانێكانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌و گه‌یشتنیانه به‌ئاستێكی مه‌ترسیدار.
كاتێك دۆناڵد تره‌مپ فه‌رمانی تووندكردنی سزاكانی سه‌ر ئێرانی كرد‌و كه‌رته‌كانی ئاسن‌و پۆڵا‌و مس‌و ئه‌له‌مه‌نیومی كرده‌ئامانج كه 10%ی كۆی هه‌نارده‌كانی ئێران پێكده‌هێنێت، ئیتر هه‌ڕه‌شه‌و شه‌ڕه‌قسه‌كانی نێوان به‌پرسانی باڵای هه‌ردوو وڵات چووه قۆناغێكی تره‌وه، تره‌مپ رایگه‌یاند رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئێران به‌دوورنازانرێت، پۆمپیۆ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه به‌تووندی وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێكی ئێران ده‌ده‌نه‌وه، جۆن بۆڵتن‌و سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكاش قسه‌ی خۆیان كرد، له‌به‌رانبه‌ریشدا حه‌سه‌ن رۆحانی وڵاتانی ئه‌وروپای ئاگاداركرده‌وه كه پابه‌ندبوون به‌به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانیان به‌به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ڵده‌په‌سێرن، سه‌ركرده‌كانی سوپای پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمز-یان كرد كه یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی په‌تڕۆڵی جیهانی پێداتێپه‌ڕده‌بێت.
هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌ر له‌ئاستی قسه‌و لێدواندا قه‌تیس نه‌مان، به‌ڵكو گۆڕان به‌كردار، ئه‌مریكا كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌براهام لینكۆڵن-ی گه‌یانده ناوچه‌كه‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه بێته‌نێو گه‌رووی هورمزه‌وه، فڕۆكه‌یه‌كی زه‌به‌لاح‌و پێشكه‌وتووی گه‌یاندووته ناوچه‌كه كه ته‌واوی سیستمه‌كانی مووشه‌كی‌و ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانی هێزی به‌رانبه‌ر راده‌گرێت.
فڕۆكه‌هه‌ڵگری ی‌و ئێس ئێس ئه‌براهه‌م لینكۆڵن كه هه‌ڵگری 85-90 فڕۆكه‌یه جگه له‌جۆره‌ها مووشه‌ك‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی تر، مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه له‌جه‌نگ‌و ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له پرۆسه‌ی ئازادی عیراق له 2003و ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لوولی بیابان له 1991 به‌شداری كردووه، هه‌روه‌ك به‌شداری له‌جه‌نگی ئه‌فغانستان له 2001و بۆردوومانكردنی سوداندا كردووه جگه له‌سه‌ركردایه‌تیكردنی ئه‌و هێزانه‌ی به‌شدارییان كرد له‌جه‌نگی دژ به سۆماڵ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا. كه‌واته ئه‌و فڕۆكه‌هه‌ڵگره زه‌به‌لاحه‌ی ئه‌مریكا به‌شداری له‌زۆربه‌ی جه‌نگ‌و ململانێكانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كردووه، ته‌نها ئێران نه‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ندێك له‌چاودێرانی سیاسی‌و پسپۆڕانی بواری سه‌ربازی باوه‌ڕیان وایه ته‌نها له‌حاڵه‌تی نزیكبوونه‌وه‌ی روودانی جه‌نگدا ئه‌مریكا فڕۆكه‌هه‌ڵگری ئه‌براهه‌م لینكۆڵن ده‌جوڵێنێت‌و ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌مجاره لووله‌ی تۆپه‌كانی‌و ئاراسته‌ی مووشه‌كه‌كانی‌و هه‌ڵفڕینی فڕۆكه‌كانی رووه‌و ئێران بێت.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و پێشهات‌و پێشبینییه مه‌ترسیدارانه، بێجگه له‌ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی پێكدادان‌و بۆردوومانی سنووردار، روودانی جه‌نگێكی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی جه‌نگی عیراق‌و ئه‌فغانستان، به‌دوور ده‌زانم، دوور نه‌ك مه‌حاڵ، چونكه هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا‌و ئێرانیش ده‌زانن روودانی ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌و چه‌شنه چ كاره‌سات‌و ماڵوێرانییه‌ك بۆ ناوچه‌كه‌و ئابووری جیهان‌و ته‌نانه‌ت بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵاتیش درووست ده‌كات.
ساڵی پار كرژیی‌و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا‌و كۆریای باكووریش گه‌یشتنه ئاستێكی ئه‌وه‌نده مه‌ترسیدار كه هه‌ندێك پێشبینی روودانی جه‌نگێكی ئه‌تۆمییان ده‌كرد، به‌ڵام دوای گووشاره توونده‌كانی ئه‌مریكا، كۆریای باكوور سازشی له‌سه‌ر زۆر له مه‌سه‌له‌كان كرد‌و رێگای گفتوگۆی گرته‌به‌ر، كه تائێستاش به‌رده‌وامه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاكام، به‌ڵام تارمایی جه‌نگ نه‌ما.
ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، سه‌رۆك تره‌مپ راشكاوانه ده‌رهه‌ق به‌ئێران وتی: ئابڵوقه‌یان ده‌خه‌نه‌سه‌ر گووشاری تووندیان لێده‌كه‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی له‌كۆتاییدا سازش ده‌كه‌ن‌و خۆیان داوای گفتوگۆمان لێده‌كه‌ن، دوێنێ 9ی ئایار، هه‌مان شتی دووپاتكرده‌وه‌و وتی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی به‌دوور نازانرێت، با ئێرانییه‌كانی په‌یوه‌ندییم پێوه‌بكه‌ن‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ئه‌تۆمی نوێ واژۆبكه‌ین.
یه‌كێك له حیكمه‌ته‌كانی بوونی هێزی سه‌ربازی زه‌به‌لاح‌و كاریگه‌ر بۆ هه‌ر وڵاتێك به‌كارهێنانێتی بۆ هه‌ڕه‌شه‌پێكردن‌و سه‌ره‌نجام ملكه‌چپێكردنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر‌و ناچاركردنی به‌ڕازی بوون بۆ داواكارییه‌كانی، واته مه‌رج نییه هه‌میشه بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ به‌كاربهێنرێت.
تره‌مپ له ساڵی پاره‌وه سزا ده‌خاته‌سه‌ر تاران‌و چاودێریی به‌رپرسانی ئێران‌و ره‌وشی ناوخۆی ئه‌و وڵاته ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی بزانێت ئاخۆ نزیكبوونه‌ته‌وه له‌وه‌ی سازشی بۆبكه‌ن، په‌یتا په‌یتا گووشاره‌كان زیاده‌كات، سزای حیزبوڵا‌و حه‌ماس‌و هاوپه‌یمانه‌كانی تری ئێران ده‌دات، ئێستاش هه‌ر چاوه‌ڕوانه، ئه‌گه‌ربێتوو یه‌ك ئاماژه‌ی راسته‌قینه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانه‌وه پێبگات بۆ سازش‌و وتووێژ یه‌كسه‌ر ده‌یقۆزیته‌وه‌و ده‌ستبه‌رداری سزا‌و جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كان ده‌بێت‌و ئامانجه‌كانی به‌گفتوگۆ به‌ده‌ستده‌هێنێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بێت‌و لێپرسراوانی ئێران هه‌ڵه‌ی ستراتیژی نه‌نوێنن‌و لێكدانه‌وه‌ی ناڕاست بۆ بابه‌ته‌كه نه‌كه‌ن، ئه‌و كاتیش پێشبینی چاودێرانی سیاسی‌و سه‌ربازی دێته‌دی.