"دشداشە" لەبەرەكانی كەركوك

فەریق حەبیب 07/05/2019


فەریق حەبیب
ئەوەی ئێستا سەردانی كەركوك بكات‌و پیاسەیەك بەناو شارەكەدا بكات یان بچێتە هەر فەرمانگە، نەخۆشخانە، بازاڕ، باخچەیەكییەوە هەست بەگۆڕانێك دەكات بەراورد بە سەردەمی بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر، گۆڕانەكە لەدیمەنی شەقامەكان یان كۆڵانەكان یاخوود لەشێوازی ژیانی كەركوكییەكاندا نییە، بەڵكو زیادبوونی عەرەبە دشداشە لەبەرەكان‌و كەمبوونەوەی كوردە قات‌و شەرواڵ لەبەرەكانە!
ماوەی چەند رۆژێكە لە كەركوكم، گوزەرێكم بەناو بازاڕە سەرەكییەكانیدا كرد، رێم كەوتە نەخۆشخانەو باخچە‌و هەندێك لەشوێنەكانی تری. ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنجی راكێشام زۆریی ژمارەی ئەو عەرەبانەیە كە"دشداشە"یان لەبەردابوو، هاوكات لەگەڵ كەمتر بەدیكردنی ئەو كوردانەی جلوبەرگی كوردیان لەبەردابوو.
ئەو سەرنجەم لای هەندێك لە هاوڕێیانم باس كرد، وتم نەوەك من هەڵەبم‌و بەڕێكەوت ئەو هەموو دشداشە لەبەرانەم بەرچاوكەوتبێت، كەچی ئەوانیش هەمان تێڕوانینان هەبوو، تەنانەت یەكێكیان وتی: ئەی نازانی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دشداشە لەبەر لەكەركوكدا باریووە؟ 
لەنێو نەخۆشخانەی ئازادی شارەكەدا كە خۆشبەختانە هێشتا ناوەكەی بەكوردی ماوەتەوەو وەكو بەڕێوەبەرە كوردەكانی فەرمانگەكان تەعریب نەكراوە، ژمارەیەكی یەكجار زۆر دشداشە لەبەرم بینی، تەنانەت ئێوارانێكی لەنێو هۆڵی نهۆمی سێهەمی نەخۆشخانەكەدا دانیشتبووین لەپڕ یەك ریزی درێژ دشداشە لەبەر یەك لەدوای یەك هاتن‌و سەردانی نەخۆشێكیان كرد، ریزەكە ئەوەندە دوورو درێژ بوو، وای لە من‌و چەند خزمێكم كرد كە لەگەڵمدابوون كۆنترۆڵ لەدەست بدەین‌و پێبكەنین، بەڵام نەمانهێشت ئەوان بزانن، نەوەك هەستیان برینداربكەین‌و سەرەنجام دووچاری كێشەش بین. دیارە ئێمە رێز لە كەلتور‌و جلوبەرگ‌و نەریتی هەموو نەتەوەیەك دەگرین‌و پێكەنینەكەمان لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو هەرگیز بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر كاروانی وا دوورودرێژی دشداشە لەبەرمان لەكەركوكدا نەبینیبوو.
لەدوای 2003ەوە تا 16ی ئۆكتۆبەر، ژمارەی ئەو كوردانەی جلوبەرگی كوردییان لەبەر دەكرد بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش زیادی كردبوو، هەموو بازاڕ‌و شوێنە جیاجیاكانی كەركوك جمەیان دەهات لە قات‌و شەرواڵ لەبەری كورد. رەنگە ئەو كاتەش عەرەبەكان پێیان وتبێتن قات‌و شەرواڵ لەبەری كورد باریووە.
كوردێك كە پانتۆڵ‌و كراسێكی لەبەردابوو پێی وتم: "من بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر بەردەوام جلوبەرگی كوردیم لەبەردەكرد، بەڵام لەوە بەدواوە، هەمیشە بەمجۆرە دەردەچمەدەرەوە"، ئەو هیچ كەسێكی نەبینیووە بەهۆی جلوبەرگی كوردییەوە كێشەی بۆ درووستكرابێت یان توانجی لێدرابێت، بەڵام وای بەباش دەزانێت لەئێستادا جلوبەرگی كوردی لەبەرنەكات.
لەشەقامی كۆماری كە یەكێكە لەشەقامە قەرەباڵخەكانی كەركوك، ژمارەی ئەو كوردانەی جلوبەرگی كوردییان لەبەردابوو بەپەنجەی دەست ئەژماردەكرا، بەڵام جمەی دەهات لە دشداشە لەبەر. كوردێك بۆی گێڕامەوە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە زۆر بەكەمی نەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەی‌و كچەكانی بنەماڵەكەیاندا وەكو جاران ناچنە شەقامی كۆماری، "چونكە لێوان لێوە لە دشداشە لەبەر‌و زۆربەیان بەشێوەیەكی ئەوەندە نەشیاو تەماشای ئافرەت دەكەن دەڵێی هەرگیز ئافرەتیان نەبینیووە"، ئەو كەسە وای وت.
هەروەك چۆن ئێمە شانازی بەجلوبەرگی نەتەوەیی خۆمانەوە دەكەین، عەرەبەكانیش مافی خۆیانە شانازی بە شداشەكەیانەوە بكەن‌و دەشبێت رێزیان لێبگرین. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە‌و شیاوی تێرامانە ئەوەیە هەر كاتێك كورد شارەكەی بەدەستەوەبێت جلوبەرگ كوردی لەبەرەكان زیاد دەكەن‌و گاهێكیش عەرەب حاكم بێت دشداشە لەبەر زیاد دەكات، ئەوەش لووتكەی بەرجەستەبوونی بیری تایفەگەریی‌و نەتەوەپەرستی نیشان دەدات، هاوكات ترۆپكی ئەو ململانێ‌ نەتەوەییە دەردەخات كە ساڵانێكی دوورودرێژە لە كەركوكدا رەگی داكوتاوە.
راڤەكردنی دیاردەكەش زۆر سانایە، لە 2003ەوە كە كورد لەكەركوك باڵادەست بووە، عەرەبەكان نەیانوێراوە بەئارەزووی خۆیان جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان لەبەربكەن، ئێستا دوور لەدەسەڵاتی كورد قەرەبووی 14 ساڵی رابردوو دەكەنەوە‌و تەنانەت زیادەڕۆیش دەكەن لەو كارەیاندا، كوردیش 14 ساڵ بوو بێ‌ ترس‌و دوودڵی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆی لەبەردەكرد، بەڵام لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ترسی ئەوەی هەیە لەبەركردنی جلوبەرگە كوردییەكەی كێشە‌و سەرئێشەی بۆ درووست بكات، بۆیە لانیكەم بەكەمی لەبەری دەكات.
تا ئەو دۆخ‌و بیركردنەوەش بەسەر كەركوك‌و دانیشتوانەكەیدا زاڵ بێت، ئەستەمە هیچ نەتەوە‌و پێكهاتەیەك بتوانێت لەو شارە دەولەمەندەی جیهاندا بەئاسوودەیی بژێت، دووریش نییە رۆژێك لەڕۆژان بەفیتی لایەنێكی وابەستەی وڵاتانی ئیقلیمی فیتنەیەكی گەورەی تێدا درووست بێت‌و هەمووان تێیدا زیانمەند بن.