یەکی ئایارو عائیدون!

مەلا بەختیار 01/05/2019



ئەمڕۆ یەکی ئایار، جەژنی کرێکارانە.. جەژنی چینایەتییە کە  لەسەدەی نۆزدەمدا،  بەڕووداوێکی خوێناوی، بڕیاری لێدراوە.
وا سەدەو نیوێک بەسەر رووداوەکەدا تێدەپەڕێ. ئەوکاتە، کرێکار دەبوایە (١٤-١٦) سەعات لەڕۆژێکدا کاری تاقەت پڕوکێن بکات، ھەتا بە بژێوییەکی ژیانی کولەمەرگی رازی بێ!!
ئێستا لەزۆربەی وڵاتاندا، سەعاتی کار (٦-٧) سەعاتە. کرێی ھێزی کاریش بەرزترە. تەنانەت لەوڵاتانی رۆژئاوادا، دەستەبەری کۆمەڵایەتیش، کە بەشی زۆری سۆسیال-دیموکراتەکان دابینیانکردووە، چەسپیوە. بەڵام کرێکارانی وڵاتانی دواکەوتوو، کە زۆربەیان (نەوت و جەوت)یشیان زۆرە، لەچاو وڵاتانی رۆژئاوا، ژیانی چینایەتی سەخت دەبەنەسەر.  کرێکاران تێکڕاش، لەچاو چینی سەرمایەدار و مشەخۆرەکان ھەر  ژیانی سەختیان ھەیە، بۆیە خەباتی ناوکۆیی کرێکاران، ھێشتا ئەرکی ھاوبەشیان ماوە .
چەپ و سۆسیال-دیموکراتەکانیش، ئەرکی دوورو درێژیان بۆ دادپەروەری راستەقینە ھەر ماوە. بەڵام بەئایدۆلۆژیەت و خەباتی پیشەیی گونجاو لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکان نەک بەرێبازی کلاسیکی کرێکاری!
حزبی سۆسیال-دیموکرات، لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باشوری دواکەوتووی جیھاندا، ھێشتا لەچاو سۆسیال- دیموکراتەکانی رۆژئاوا، ئەرکیان سەنگین و دوورودرێژ ترە لەبواری چینایەتی و دادپەوروەریدا. کەچی مەخابن، لەو دەوڵەتانەی سۆسیال- دیموکراتەکان لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەن، لایەنی ھەرکەمی ئەم ئەرکەیان رانەپەڕاندووە. بەکوردستانیشەوە، بەڵکو لەناو فارس و عەرەب و تورکی نەتەوەی باڵادەستی دەڤەرەکەدا، دەمارگیری نەتەوایەتی بەسەریاندا زاڵە. بەداخەوە، سۆسیال- ئینتەرناسیوناڵیش، چاوی لەم دەمارگیرییە پۆشیوە. 
ئێستا، گەندەڵ و گەندەڵکاران، بونەتە ناونیشانی بەرزی نارەزایەتی خەڵک و راپەرینەکان. ھەر حزبێکی سۆسیال- دیموکرات، لە دوژمنایەتی کردنی گەندەڵیدا، شۆڕشگێڕ نەبێ، چارەنوسی وەکو حزبەکەی  (زین العابدین) لەتونس و چەشنی پارتەکەی موبارەکی میسر، باشتر نابێ. لەناوچەکەشدا، خەریکە تورکیا پێدەنێتە قۆناغی ھاوچارەنوسی تونس و میسر!
بەندە، لەژیانی لاوێتیدا، کرێکاریم زۆر کردووە، چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوایەتی، پێکەوە منیان لەبۆتەی خەبات قاڵکردووە. بۆیە، ھەرگیز ناتوانم لەم دوو سەنگەرە، دوور بکەومەوە.
ئەمڕۆ، یادی (٤٤) ساڵەی گەڕانەوەمە بۆ خانەقین. ئەویش، دوای ئەوەی وەکو (عائیدون) لە(١٤/٤/١٩٧٥) و لەڕێگەی مەنزەریە- خانەقین گەڕامەوەو  خۆماندا بەدەستەوە. ئای چ رۆژگارێکی شوم و پڕ لەشەرمەزاری بوو، کە ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە! ھەزاران کەس بوین بەزیلی عەسکەری بردیانین بۆ خوارووی عیراق. لەوێش لەبیابانێکدا، ئۆردوگایەکیان لەچادر بۆ دروست کردبوین.. لەیەکی ئایاریشدا ڕێگەیاندا گەڕاینەوە خانەقین. 
وا ئەمڕۆش، ھەر بەو یادەو بۆ چەند ئەرکێکی گرنگ، گەیشتومەتەوە شارەکەم، کە لەگلێنەی خۆم خۆشترم دەوێ. بۆیە ھەرگیز ناتوانم لەراگرتنی کوردستانییەتی خانەقین، کەمتەرخەم بم.. رێگەش نادەین، تەعریبی نوێ، لەبەرگی شۆڤێنێتی عەرەبییەوە بگۆڕن بۆ بەرگری تائیفەگەری عەرەبی و دیسان شارەکە ببەنەوە بۆ دۆخی سەردەمی داگیرکردنی بەعس..
خۆشحاڵم.. لەم شارە ئازیزەمدا، پەرێزم لەگەندەڵی پاکەو متمانەی خەڵکەکەمان لەدەستنەداوە. ئەوەی ئەرکیشمان بێ، درێغی ناکەین لە خزمەتکردنی خانەقین.. ھەروەکو شارە ئازیزەکانی تری کوردستان.
یەکی ئایار و (عائیدون) لەیادەوەریماندا، تەنھا ھاندەری خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی و دیموکراسییە. بەھیوای دادپەروەری لەجیھاندا، ھەموو لایەنە چەپەکان، باپتەوتر خەبات بکەین.

 

مەلا بەختیار 
خانەقین- ١/٥/٢٠١٩