شانۆگەری "باوك" و نمایشێكی نایاب

مەلا بەختیار 15/04/2019


لە (10/4)وە هەتا (13/4)ی ئەم مانگە، هونەرمەندانی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی یۆتۆبۆری و كوردستان، نمایشی شانۆگەری "باوك"یان پێشكەشكرد. دوارۆژ ئامادەبوم و كە تەواو بوو، گوتم: بەس نەبوو ئەم كارە نایابەم لەدەست نەچوو!
شانۆنامەی "باوك" لەنوسینی "ئاگۆست ستریندبێرگ"ی نوسەری سویدی بەناوبانگە، كە لەساڵی (1849-1912) ژیاوەو ژیانئاوایی كردوە. واتا: هاودەمی تشیكۆف، رابەری شانۆی نوێ بووە. خۆیشی نوێگەری كاریگەری لەبواری شانۆدا، هەبووە. ئەو دەمەش، ئیدی ململانێ فەلسەفیەكان، تۆقاندن و تەوقی ستەمكارانی دینی و دونیاییان لەسەر نەمابوو. بۆیە، ئاگۆست، بە ئازادی لەژێر كاریگەری فێرگە فەلسەفیەكانی سروشت (رۆسۆ و زولا)، هەروەها جار جار (نیتشە) و فەیلەسوفی تریش، دەینوسی. بنەچەی ئەندێشە شانۆییەكانیشی لەسەر تیۆری پراكتیكی زانستی مەتریالیستی (ئۆگەست كۆنت) و رەگەزەكانی بیركردنەوەی "داروین" تان و پۆ دەچنی!
شانۆگەریەكە، رەنگدانەوەی ژیانی نوسەر و پەروەردەی خێزان و دەوروبەرێتی. نوسەر لەژیانی هاوسەرێتی دوو ژنیدا، بە دردۆنگی و گومانی ترسناك ژیاوەو شكستی خواردوە. بۆیە، گفتوگۆكان تێكڕا، لەدەوری گرێی دەرونی و دردۆنگی بەرامبەر هاوسەر و باوكی راستەقینەی كچەكەی دەسوڕێتەوە.
ئەو گومانە دەرونیە، ژیان دەژاكێنێ. هەمیشە كێشەی لێدەكەوێتەوە. مرۆڤ دەخاتە ناو گێژاوی دەرونیەوە كێشمەكێشی گومان، لەشانۆگەریەكەدا درێژە دەكێشێ، هەتا دەگاتە ئەوەی كچەكەی و دایەنە مەسیحیەكەی و قەشەكە، بۆیان ساغ دەبێتەوە، ئەنجامی گومانەكە دەگاتە ساغبونەوەی دوابڕیاری هاوسەر دژی پیاوەكە، لەژیانی تایبەتیدا بۆ پەیوەندیی تایبەتی!
ئەم شانۆگەریە، سەرگوزەشتەی بۆ سەرەتاكانی گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و خێزان و هاوسەرێتی ئەو دەمەی سوید دەگەڕێتەوە. كە سەرمایەداری خەریك بوە، وڵاتەكە بتەنێ و ژیانی كۆمەڵایەتی و كەسایەتی ژن و ژیانیان بگۆڕێ.
دەرهێنەر (سدیق عەزیز) و هونەرمەندانی هاوبەشی هەردوو تیپ، بەجوانی نمایشەكەیان پێشكەش كرد. سینۆگرافیای شانۆ، گونجێندرابوو.
ئەكتەرەكان گەلێ جوان رۆڵیان دەگێڕا. دەتوانم بڵێم: دوو تیپی تەواوكەری یەكتری بون. (شەماڵی حەمەڕەش) و (خەرمان هیرانی) پێشەنگ بون. هەر بەڕاستی ناتوانم بڵێم كامیان لەكامیان باشتر بوون. دوو رۆڵی سەنگین، پڕ لەدیالۆگ و بزاوتن دەربڕین، بەجوانی بەرجەستەیان دەكرد.
دەقێكی داهێنراو، وەرگێڕانێكی شایستە. وەرگێڕانێكی كوردی پاراو.. دەرهێنان و نواندنی نایاب، ئامادەبوانیش، بە بێدەنگی لەسەعاتێك و 25 دەقیقەدا، سەرسامی شانۆگەریەكە بوین. لە كۆتاییشدا رێزی زۆری تیپەكەیان گرت. بەخۆشمەوە! ئەوەتا ناچاریشیان كردم بۆ یەكەمینجار، بۆچونی خۆشم بەم شێوەیە لەسەر شانۆگەریەك دەرببڕم.