سۆمۆ کێ بەڕێوەی دەبات؟!

سامان سنجاوی 10/04/2019



رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە سۆمۆ، کارێکی هەڵەیە، بە سەربەخۆیی ناردنی نەوتی هەرێم، کارێکی راستە لە پێناو ئابوری سەربەخۆ!
چونکە ئەوەی لە عیراق لە دەسەڵاتدایە حکومەتێکی زۆرینەی مەزهەبیە، ئاین و مەزهەبەکانیش پەێڕەوکردنی دەسەڵاتەکانیان لە دەقەکانی لە رابردووەوە وەرگرتوە بۆ حوکمڕانی ئێستاو ئایندەیە، بۆیە ئاین ناتوانێت بەپێی ئەم چەرخە دیموکراسی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکات، دەبێت مێژوومان لەبیر بێت بەهۆی ناعەدالەتی و زۆرداری ئاین، مرۆڤایەتی لە رۆژئاوا لە چاخەکانی ناوەڕاست بەرامبەر زۆرداری دەسەڵاتی ئاین چۆن راپەڕین، هەر ئەم بەرەنگاریانە قۆناغێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا سەردەمی پیشەسازی هێنایە کایەوە، لەسەردەمی پیشەسازیشدا ململانێی چینەکان چوارچیوەیەکی نوێی وەرگرت، چەمک و روانگەی سیاسی نوێی دادپەروەری و یەکسانی و سۆسیالیزم لەبەرامبەر ناعدالەتی ونادادی هێنایە پێشەوە، گەشەیکرد و نەوەستا هەتا ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە ئەوروپا چەسپاندو بەردەوام بوو لە ئازادی گشتییەوە و بۆ ئازادی توێژو گروپ و بەرەو ئازادی تاک لە کۆمەڵی مەدەنیدا خۆی بینیەوە.
ئێستا لە سەردەمی تەکنەلۆژداین و گۆڕانکارییەکان بەردەوامن، کەچی هەتا ئێستا مەزهەب بەپێی پێوەری بەرلە چاخەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا، لە عیراق و ناوچەکە بەردەوامە!
نازاندرێت، عێراق بەرەو کوێ دەڕوات، سونەو پشتیوانیەکانی وڵاتانی هەرێم و زلهێزەکان، شیعە لەناوخۆیدا سەدان ئاراستەو بەرژەوەندی جیاواز و پاڵپشتی جیاوازی وڵاتانی دەرەوەی عیراق، نازادنرێت دوای عادل عەبدول مەهدی کێی تر چ مەزهەب و دێنە پێشەوە..
سیستەمی حوکمڕانی بۆ ساڵێک و دوان نیە، چۆن دەکرێت، هەناردەی نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت.
ئەگەر سۆمۆ چەند شەفاف بێت، بەڵام ئایا حوکمڕانی حکومەتی ئیتیحادی و بەغداو شارەکانی تری عیراق لە بەسڕاوە بۆ موسڵ چەند شەفافن؟!
لە رویی سیاسی و ئابورییەوە، حکومەتی هەرێم چەند ناشەفاف و دەرهێنراوی نەوتی چەند ناڕون بێت، و نەزاندرێت، بەچەند دەیفرۆشێت چەند قەرزارەو چەندی داوەتەوە، چەند گەندەڵی تیادا ئەنجامدەدرێت، ئەمە ببێتە هۆکار رای خۆمان لەسەر ئەو سیاسەتە هەڵەیەی نەوتی هەرێم بگۆڕین، بەباش بزاندرێت، نەوتی هەرێم بۆ سۆمۆ بەدەستەوە بدرێت!
بۆیە پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێم وەک ستراتیژ لێیبڕواندرێ، ئەگەر ئەمڕۆ گەندەڵی و بەفیڕۆدانی تیادا ئەنجام دەدرێت، دەبێ بەرەنگاری ئەو بەهەدەردانە ببینەوە، بڕینی ئەم قۆناغی هەناردەیە سەخت بوو لەسەر گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان، گەڕانەوە بۆ سۆمۆ باجێکی قوڕسە بۆ ئێستاو ئایندە!