لەمەوداو چاوەڕێی سوپرایز بن لەتوركیا

هاوکار فایەق 09/04/2019



لەدوای هەڵبژاردنەكان، حكومەتەكەی ئاك پارتی خەریكە هەنگاو بەرەو لاوازی دەنێت، ئەوە ئاشكرایە كە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە شتگەلێك هەیە لەتوركیا دەبێت گۆڕانكاری بەسەردابێت كە ئاكپارتی پێی خۆشبێت یان نا دەبێت بچێتە ژێر ئەوبارەوەو دەبێت پارتی دەسەڵات لەتوركیا ڕایبگەیەنێت كە ئەو شكۆیەی جارانیان نەماوە ، ئیتر ناتوانن لەوە زیاتر میلەت فریو بدەن.
ئەمە سەرەڕای ئەو هەمو هەڕەشەیەی كە لەلایەن وڵاتانەوە دەستیپێكردوە بەتایبەت ناتۆو ئەمریكاو ئەوروپا ، كەئەمەش وا لەتوركیا دەكات ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو داڕمان بچێت بەجۆرێك كە ئاكپارتی 18 ساڵی تریش دەسەڵاتی بەدەستەوەبێت ناتوانێت باری گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر بەرێت.
لاوازبونی ئاكپارتی دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ یەكەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە لەلایەن میلەتەوە یەكلاكرایەوە و خاڵی دوەم سیاسەتی سەركەوتوی هەدەپە لەهەڵبژاردنەكاندا كە لەشارە توركەكان پەیڕەویكردوە، تاڕادەیەكی باش توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت و بڵێت كە ئیتر ئێمەش دەتوانین هاوكێشە سیاسیەكان یەكلابكەینەوە. كە ئەمەش وای لەئەردۆگان كردوە وەك نێچیرێكی بریندار پەلەقاژێ دەكات و بۆ پەردەپۆشكردنی دۆڕاندنەكەی ئەوەی لەدەستیبَت دژی دیموكراتی و بەتایبەت دژی كوردەكان ئەنجامیدەدات.
دەمەوێت ئاماژە بەخاڵێكی گرنگ بدەم ئەویش ئەوەیە كە دوای هەڵبژاردنەكان هەڵوێستی سیاسی وڵاتان بەرانبەر توركیا وەك خۆی دەمێنێتەوە یان گۆڕانكاری بەسەردادێت ؟
بێگومان وەك چۆن ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هاوكێشەی سیاسی لە توركیا گۆڕی ئاوهاش هەڵوێستی وڵاتانیش بەرانبەر توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردادێت كە هەر لەئێستاوە واخەریكە بەچاوی خۆمان دەیبینین چۆن وڵاتان زۆریان بۆ توركیا هێناوە لەهەمو لایەكەوە دەكەوێتە بەر هەڕەشەی ئاشكرا بەتایبەت لەلایەن ئەمریكاوە من دڵنیام كە ئەم وڵاتانەش خوازیار بون كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیە یەكلا بۆتەوە.
و ئەمریكیەكان و ئەورپیەكان و ئێران و سوریاش بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان تا ڕادەیەك دڵخۆشن و زۆریشیان لاگرنگ بوو ، ئەم ئەنجامە ئاك پارتی بەرەو لاوازی و بڕیاری ناچاركەر دەبات و ئەم وڵاتانە لەجاران زیاتر فشار دەخەنە سەر توركیا بەمەبەستی بەرژەوەندی خۆیان.
توركیا بەرانبەر ئەم دەوڵەتانە لاوازدەبێت و سیاسەتی نێودەوڵەتیش بەرانبەر توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت و بەدڵنییایەوە هەڕەشەكانیشی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان گۆڕانكاری بەسەردادێت بەجۆرێك كە لەئێستادا خەریكە ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ دانوستان لەگەڵ كوردانی رۆژئاوای كوردستان، بۆیە لەمەودوا لەتوركیا سیاسەت و بڕیاری  پێچەوانە و سوپرایز ئاسا سەرهەڵدەدەن.