چیرۆکی رادیۆ شڕ و شیتاڵەکەی ماڵی ئێمە

ماجد خەلیل 18/03/2019

 

چیرۆکی رادیۆ شڕ و شیتاڵەکەی ماڵی ئێمە
یەکەمجار کە وشەی (موژدە)م بیست!
لەیادەوەری هەواڵی ئازدی و راپەڕینی (کەرکوک) دا



کاژێرێ تێپەڕی، هێشتا دەنگی تێکەڵ بە تەشویشی رادیۆکەی بنمیجی ماڵە قوڕین و دارینەکەمان دەنگی مژدەی لێوە دەهات. دەنگێکی دەگمەن و پێشتر نەبیستراو. نەک،جارێ دەجار هاواری دەکرد موژدە موژدە. 
موژدە ئەو وشە نامۆ و نەبیستراوەی ژیانی ئێمە. هەرچەند ئەو ڕۆژو کاتانەم کاڵ و کەم لەبیرن. ماڵەکەمان هەڵکەوتوو لە کۆڵانێکی کەمدەست لە ئاوەدانی و دابڕاو لە مرۆڤی رووخۆش و جەنجاڵ لە منداڵی چڵمن و رەشو رووتبوو. نێزیک ئێمە باخچەیەکی منداڵان بوو. بەیانییەک مقۆ مقۆ کەوتە کۆڵان. من چەند کەلایەکم (هەڵمات) توند توند لەمشتما گوشی بوو. ئەوێ دەمێ گەمەی زاڕۆکان یان هەڵماتێن بوو یاخۆ هەلوکێن. ئەم گەمانە گەورەکانیشی سەرقاڵ کردبوو. لەناکاو شار پڕبوو لە مرۆڤی فیرارو هەڵهاتوو لەجەنگ. جەوانەکانی شار لە بەرە دۆڕاوەکانی جەنگی کووەیت هاتنەوە. هەمووان ڕەشتاڵ و رەنگ زەردو تۆقیو لە دێوەزمەی جەنگێکی نابەرابەر، هەموان تەرا لە تەهلیلەی وەتەنولمەدای بەعس و گیرفان بەتاڵ و مفلیس و بێکار. رۆژانە دەچونە دەشت و گەمەی کەلایان و حارسێنیان دەکرد. لەپڕ دۆخەکە گۆڕا. گەمەکە ئاوەژوو بوو، کوڕو کاڵ و پیاوەکانی شارم دەبینی،یەکێ مێزی قوتابخانە، یەکێکی تر مەسینەی ئەدەبخانە، ئەوی دی پانکەی سەقفی باخچەی مناڵان و هی تریش هەبوون تەرمۆزی ئاویان لە کۆڵ بوو. شار وروژابوو، دامەزراوەکانی میری فەرهوود دەکران. وێنەکانی سەدام، ئەوەی هەردوو دەستی خستبوونە سەر کورسییەکە، یان ئەوەی بەدەستێ بڕنەوێکی بەرزکردبوویەوە و بەدارو بەرد پێدەکەنی، پێکەنینێکی سەرنجڕاکێش و پێکەوتوو، پێکەوتوو بۆ لە پێنانی هەموو هیواو رۆحی ئێمە ، یان ئەو وێنەی شاڵێکی شینی کرمانجی پۆشی بوو، ئەوەی ئەوکات پێم وابوو بن باڵی دڕاوە، نەمدەزانی هەوای بن باڵی دەدا، هەوای هەوەسێکی هەرزەو هار، هەوەسی خوێن و خیانەت و خاپورکردنی رۆح. تەماشام دەکرد هەموو ئەو وێنانە و وێنەکانی بەرگی یەکەمی کتێبەکانی ناو جانتاکەم، لەژێر پێیانی کوڕوکاڵدا بوون. چ شۆکێک بوو، چ شۆڕشێ بوو، چ خەون و خەیاڵێکی خۆش و چ جەور و جەهەنەمێک بوو. بەچاوی خۆم پیرەژنم دەبینی قاقا پێدەکەنی، پیرەمێرم دەبینی، تورەکەی توتنەکەی بەبەر پشتوێنییەوە دەردەهێنا، وەکچۆن زوانی دەردەهێنا بۆ تەڕکردنی پەڕەی سیگاری سیگارەکەی، ئیدی نە یەکو نەدووان دایدەگیرساند. هەرسیگارەکان دانەگیرسابوون، شۆڕش داگیرسابوو، ژیان داگیرسابوو. پشکۆ کوژاوەکان داگیرسابوون. مێژوو داگیرسابوو، قازی و پیران و بارزان و جافرسان و کانی سانان و شکاک داگیرسابوون. ئایەتێکی نوێ و سروشێکی نوێ بەناوی ئازادییەوە دابەزیبوویە ناو ئەشکەوتەکانی کوردستان. هاتمە ماڵێ، کڵاشینکۆفێکی لە تەختە دروستکراوی پێچراو لە تیپی سەوزو زەردم کردەشان و وەک ئەو خەڵکە بە باڵی فش و تاوێ بە پێشڕەوی کورد پارتییەو تاوتاوێ بە وتە هەستبزوێنەکانی مام جەلال، یاکەرکوک وخانەقین، هەندێجاریش بە حسکە حسک عەرز دەدڕێ و گولەی دۆشکە نایبڕێ و زۆرجاریش وەک پاسۆکێ سوێندمان بە چوارپارچەی کوردستان دەخواردو وەک ئیسلامیەکیش لە مزگەوتا تەکبیرمان دەکرد. ئەم ساتانە، پاش کیمیا باران و ئەنفالی هەزاران دێهاتی کوردستان بوو، ئەم ساتانە سییحرو سەمایەکی سەیری ئازادی بوون، ئەم ساتانە سیناریۆ نەبوو، سیستەمێکی نامۆبوون بە مێژووی کوورد. باوەڕتان بێ ئەم مەشهدو مێژووەی کە دەیڵێین، فەلسەفەی فلمخوڵقێنی سەدەی بیستی لەخۆدا شوێنکردبوویەوە. ئەوڕۆژانە زاڕۆ بووین، زمانمان بە هۆکاکی پێشمەرگەی حەمەجەزاو لەقەندیلی سەربەرزەوەی شەهید عەلی مەلا هاتەگۆ. ئەو دەمانە زاڕۆبووین بە بەیت و باوەڕی ئازادی گۆشکراین و لە بڵندگۆی کوردایەتییەوە بانگماندا. هێشتا لە گەرمەی راپەڕیندا بووین. رادیۆیەکی کۆنی پیل قوپاوی تەشویشاویمان هەبوو. لەو رادیۆیانەی لە هەموو ماڵێکدا پشت پیلەکانی سلاک و دانشکاو بوو، بۆیە بە لاسیکی دوخوێنی یەکێ لە مناڵەکانمان بەسترابوو. لەبیرمە بابم هەواڵی دەدا بەدەم هەواڵەوە، دروست وەک سیگارەکانی، خاڵی هاوبەشی سیگارو هەواڵەکان لە خەمو مەینەتا بوو. ئەو سەربازێکی فیرار بوو، مۆرتیکارلۆی دەگرت، تارانی دەگرت، بەغداو ئیسرائیلی دەگرت. نەیدەتوانیگوێ لە هەواڵێ بگرێ تەشویشی لەسەر نەبێ. ئەو رۆژە لە بەرەبەیانەوە، دەنگێک لە رۆحەوە، کەس باوەڕی نەدەکرد دەنگی ناو رادیۆکەبێ، بەدەنگی بەرز، بەڵام نزم لە رادیۆکەی ئێمەدا، هاواری دەکرد موژدە. لەبیرمە دە تا پانزە مێرمنداڵ و پیاو، ئاپۆرایان لەدەوری رادیۆکە بەستبوو، پێکڕا ترنجابوونە بن میجی دیمەکێک کە لە نێوەندی دیواری هەیوانەکەدا بوو، رادیۆکە تەنها لەوێدا نقەی لێوە دەهات. چەند ژنێکیش لەدەوری ئەواندا دەیانوت چی بوو، چی بوو. چەند زاڕۆیەکیش،کە یەکێکیان منبووم تەقلیدی رادیۆکەمان دەکرد و دەمانوتەوە موژدە موژدە. زوو زوو دەیوتەوە، ئێرە دەنگی گەلی کوردستانە، ئای چ گۆڕانێکی،گەورە بوو، ئای چ پەرۆشی و پەسنێکی ئازادی و چ ئەوینێکی ئاسمانی داباری بوو، ئای ج کەشێکی کوردانەو چ بارانێکی سیحراوی بۆنی بەهاری بەردابوویە ئەو رۆژانە. پاش واقوڕمان و واتەوات و وچانێکی زۆر، لە منداڵەکان دابڕام و وەک پیرە مێردو مێرمنداڵ و جەوانەکان، گوێم دایە رادیۆکە، پاش سرودێکی نیشتیمانی کە دەیوت: ئاسودەبێ زەبری زیندان، هەڵواسین و پەت و خنکان. بابای بێژەر، شیعرە شۆڕشگێڕانەو شاکارە شکۆمەندانەکەی زیندانی سییەکانی فایەق بێکەسی دەوتەوە:
ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە... هەتا دوایی کەدەڵێ: عەشقی تۆ نەوعێ لەدڵما ئاگری کردۆتەوە...
ئیدی هەواڵی ئازادی کەرکوک،ڕاپەڕینی باباگوڕگوڕ، لە رۆژی نەورۆزدا بلاوکرایەوە.
ئەمە ئەو هەواڵە بوو کە پیاوەکان دەیانوت، بەچاوی خۆمان ببینین باوەڕناکەین!
ئەمە ئەو رۆژە بوو ئەفسانەکان هاتنە وتن، خورافیات وەک خۆری رووناک بینرا، ئەستەمەکان ئاسایی بوونەوە، ئەمە ئەو رۆژە بوو رووباری نیل شەقی بردو کورد پەڕییەوە بەرەو کەرکوک.