دیموكراتیە كارتۆنیەكەی توركیاو كوردستانەكەی بایدەمیر

هاوکار فایەق 05/03/2019


هاوكار فایەق
گەر سەیری سیاسەتی ناوخۆی توركیا بكەین دەبینین كەسیاسەتێكی داپڵۆسێنەرو تۆقێنەرو ڕەشبگیری بەرامبەر كوردەكان پەیڕەو دەكات بە بیانوی جۆراوجۆرو بێبنەما كادری پارتە سیاسیە كوردەكان بۆ زیندانە تاریكەكان ڕاپێچ دەكات و بێ جیاوازی لەگەڵ 40 ملیۆن كورد وەك تیرۆرست هەڵسوكەوت دەكات ، كە ئەمانە تەواو پێچەوانەی مافەكانی مرۆڤ و ئەو دیموكراسیە كارتۆنیەیە كە توركیا بانگەشەی بۆ دەكات.
وەك دەزانین لە31 مارسدا وابڕیارە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی توركیا بەڕێوە بچێت لەم كاتەدا پارتی دەسەڵات بەهەمو شێوەیەك ئاستەنگ و بەربەستی خستۆتە بەردەم پارتە كوردیەكان و هەوڵی داخستنیان دەدات و كادێرو لایەنگرانی پارتە كوردیەكان دەستگیر دەكات و بەهەمو شێوەیەك ڕێگریدەكات لەئەنجامدانی چالاكیەكانیان .
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا ئەردۆگان لەكۆبونەوەیەكی جەماوەریدا هۆشداریدایە كوردەكان كە لەتوركیا شوێنێك نیە بەناوی كوردستان ، ئەوەی دەیەوێت لەكوردستان بژی با بچێتە باكوری عێراق و كوردستان لەوێیە.
لەلایەكەوەپێم شەرمە كە سەرۆكی وڵاتێك بەنیوەی دانیشتوانەكەی بڵێت بابڕۆن وتوركیا بەجێبهێڵن و لێرە شوێنێك نیە بەناوی كوردستان و لەجێی خۆیدا نیە كە سەرۆكێك داوا لەمیللەتێكی 40 ملیۆنی بكات كە زێدی خۆیان جێبهێڵن .
لەلایەكی ترەوە زۆر خۆشحاڵم كە سەرۆك كۆماری توركیا بەزاری خۆی ناوی كوردستان دێنێت و بەناچاری دەڵێت كە شوێنێك هەیە بەناوی كوردستان ، كە ئەویش خۆی لەخۆیدا دەسكەوتێكی گەورەیە و ئەردۆگان و نەیارانی كوردیش باش دەزانن كە ئەم بەشەی كوردستانە كە لەداهاتودا دەبێتە هەوێنی كوردستانی گەورە بۆیە زۆر لێی دەترسن.
ئەمەوێت شتێكتان وەبیر بهێنمەوە كە توركیا لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە كەزۆرترین ڕۆژنامەنوسی تێدا دەستبەسەر كراوە، خودی وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەبەوەدەكات لەسەرەتای ساڵی تازەوە تاكو ئێستا 15 هەزار ئۆپەراسیۆن بەبیانوی جۆراوجۆرو بێ بنەما بۆسەر پارتە كوردیەكان ئەنجامدراوە، لەچ وڵاتێكی دونیادا بینراوە لەماوەی تەنها 3مانگدا 15 هەزار ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەناوی تیرۆرو تیرۆرستەوە بۆ سەر میللەتێكی دیموكراتخواز ئەنجامدرابێت، لەكاتێكدا توركیا بۆ چونەناو یەكێتی ئەوروپا بانگەشەی ئازادی و دیموكراتی دەكات ، ئەمەیە دیموكراتی لەتوركیا؟
گەر توركیا پێی وابێت بەم ڕەفتارانەی دەتوانێت كورد لەتوركیا سەركوت بكات ئەوا بەهەڵەدا چوە چونكە بەم هەڵسوكەوتەی لەگەڵ كوردەكان دەیكات تەنها دەتوانێت هەندێك كاتی زیاتر لەبەردەم بەهێزبونی كوردەكان لەتوركیا بەدەست بهێنێت و ناوچەكەش بەگۆڕانكاری خێرادا تێپەڕدەبێت ، ئیتر كاتی ئەوە هاتوە كەتوركیا گوێ لەداخوازیەكانی كوردەكان بگرێت .
لەكۆتایشدا هەر بە وتەیەكی عوسمان بایدەمیر وەڵامی وتەكانی ئەردۆگان دەدەمەوە، كە ساڵی پار لەناو پەرلەمانی توركیاداو بەدەنگی دلێر وتی كوردستان ئەوەتا لەناو دڵماندا.