دوێنێ‌ شێركۆ، ئەمڕۆ حسێن مەنسور

مەلا بەختیار 31/01/2019




دوێنێ‌ ساڵڕۆژی شەهیدبونی (شێركۆ فاتیح)‌و ئەمڕۆش ساڵڕۆژی شەهید (حسێن مەنسور)ە.
دوو كەڵە فەرماندە؛ دوو رۆڵەی هەرە ئازای كەركوك‌و خانەقین؛ دوو پێشمەرگەی كوردستانیەتی كەركوك‌و خانەقین، خوێنی ئاڵیان ئاڵای كوردستانیەتی هەردوو شارەكەی، هەتا هەتایە شەكاندەوەو بەخوێنی خۆیان، سەلماندیان كە ئەگەر:
ئاڵای دەوڵەتان رەشەبای بەرژەوەندیەكان دەیانشەكێنێتەوە، ئاڵای كوردستان شەهیدان بەرزیان كردۆتەوەو بەحەسرەتی كوردستانیەتی كەركوك‌و خانەقین، بەرزتر دەشەكێتەوە.
شێركۆ، شێری كەركوك‌و كوردستان‌و حسێن مەنسورەكەی كوردایەتی‌و خانەقین بوو.
دەبا، پێكهاتەكانی تری ناوچەكانی مادەی (140) كەژاوەی كەڵە شەهیدان‌و قارەمانانی كوردستان، ببینن‌و بزانن، ئایە، كەژاوەی شەهیدانی كەركوك، خانەقین، ژەنگار، دووزخورماتوو، مەخمورو تەواوی تخوبی شاخی حەمرین، چەند ئاپورەیە بەشەهید‌و هێشتا كەژاوەكەش، كۆتایی نەهاتووە. با نوێنەرە بەویژدانەكانی ئەو پێكهاتانەی كوردستانیەتی ناوچەكانی مادەی (140) قبوڵ ناكەن، ئاماری شەهیدانی كوردستانی بەقوربانیەكانی خۆیان لەپێناوی ئەو ناوچانە بەراورد بكەن، هەتا بۆیان دەربكەوێ‌، جیاوازی خەباتی رزگاری كوردستان‌و قوربانیەكانمان، لەگەڵ قوربانی ئەوان، تەنانەت قابیلی بەراوردیش نییە. بۆ؟
چونكە، رۆڵەكانی كورد، خوێن بۆ رزگاری ئەو ناوچە كێشەلەسەرانە دەبەخشن‌و نوێنەرانی ئەو پێكهاتانەش میراتگری داگیركاری سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی داتاشراوی عێراقن (1921)و دژی دەستوریشن.
شێركۆ گیان.. حسێن گیان!
هەرگیز نەدەبوو شارەكانتان، دوای شەهیدبونی ئێوەو سەدان شەهیدی تر، بەو رۆژگارە رەشە بگات، كە ئێستا لە كەركوك‌و ناوچە كێشەلەسەرەكان دەگوزەرێ‌. دەبوایە، ئەو شارانەمان، دوای (15) ساڵ حوكمڕانی ببونایە بە نمونەی شاری خزمەتگوزاری‌و پێشكەوتوو. نەك تاڵان بكرانایەو حكومەتی عەسكەری لەناویاندا بسەپێنرایە. دڵنیام مێژووش، دادگاكەی بەڕێوەیە، زوو یان درەنگ.
سڵاوتان لێ بێ‌.. شێركۆی شەهیدو حسێنی شەهید.