(ڕوی بێدەنگی) ی زۆرترین ژاوەژاو!

شوقی عبد الامیر 24/01/2019


چەند تێروانینێك لە پێشانگای كتێب لە بەیروت 2018

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بابان حەمە

پاش ئەو دابڕانەی چەند ساڵێكی خایاند، خۆم لە پپێشانگای كتێبەكانی ئەمساڵ بینییەوە لە بەیروت 2018، بەبۆنەی واژۆ كردن لەسەر سێ بەرهەمم كە (دامەزراوەی عەرەبییە بۆ توێژینەوەو بڵاو كردنەوە) بۆیان چاپ كردبووم، جگە لە بڵاوكردنەوەو دابەشكردنی رۆژنامەكەمان (بین النهرین) بەسەر سەردانكارانی ئەو پێشانگایەدا، بۆ ناساندنی بە خوێنەران و خەڵكانی عەرەب زمان و لوبنانییەكان بەشێوەیەكی تایبەت.
ئەو بۆنەیە وایكرد بە گرنگی بزانم چەند تێڕوانینێكی خاڵی لە هەڵوێست ( بێهەڵوێستانە) بخەمە روو، تا ببێتە گەواهیدەرێك بۆ واقعی ئێستای رۆشنبیری و رۆشنبیران، لەو پێشانگایەی بەیروت دا :
-    ژمارەی كەسەكانی پێشانگاكە (سەردانكاران) لە مۆڵەكەدا كەمتر بوون لە ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی ئاسایی سەردانی مۆڵەكەیان دەكرد، لەكاتێكدا كە مۆڵەكان بەدرێژایی 365 رۆژ لە ساڵێكدا كراوەن، بەڵام پێشانگای كتێبەكان چەند رۆژێكی دیاریكراون لەساڵێكدا.
-    رێژەی ئەو سەردانكارانەی پێشانگاكە، زۆرینەی هەرەزۆریان ئەو تەمەنە بوون كە لەسەروو چل ساڵییەوە دەستپێدەكات، گەنج و منداڵانم بەدەگمەت تێدا بینی.
-    ستاندی قاوەخانەی پێشانگاكە، بەراورد بە ستاندی بڵاوكراوەكان،  قەرەباڵغترین جێگە بوو، كە بەدرێژایی كاتژمێری سەردانكردن كورسییەك نەمابۆوە بۆ دانیشتن، بەشێوەیەك رووبەرەكەی هەموو روبەری پێشانگای كتێبەكان و بڵاوكراوەكانی تێپەڕاندبوو.
-    یەكێك لە بڵاوكارە گرنك و سەركەوتوو و بەرچاوەكانم بینی پاش ئەوەی لەسەر نوێترین كتێبی عەرەبی بڵاوكراوەكەیان پرسیارم لێكرد، ئەو  جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كتێبی عەرەبی فرۆشی نییەو نافرۆشرێت، ئەوەشی كە دەفرۆشرێت زۆرینەی وەرگێڕدراوەكانن.
-    چەند سەردانكارێكم بینی كە لەڕێگەی وێنەی بەرگی كتێبەكانەوە، كتێبەكانیان هەڵدەسەنگاند، پاش ئەوەی گفتوگۆ رویدەدا لە نێوانیاندا (بەرگی بەرگەیان لە هەموویان جوانترە؟)
-    هیچ ئەدیب و بیرمەندێكم نەبینی، ئەوە نەبێ كە یان هاتووە كتێبەكەی بۆ سەردانكاران واژۆ بكات، یاخود بۆ موجامەلەی هاوڕێكەی هاتووە كە كتێبەكەی بۆ واژۆ بكات.
-    هاوڕێیەكم بینی، كە یەكێكە لە شاعیرە ناسراوەكان، بوونی منی لە پێشانگاكەدا زۆر پێ كتوپڕ بوو، زۆر بە گەرموگوڕی باوەشی پێداكردم و زۆر شادومان بوو بە ئامادەبوونم، زۆریش سوور بوو لەسەر ئەوەی پێش جێهێشتنی بەیروت یەكتری ببینین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك پرسیاری ئەو كتێبانەی لێ نەكردم كە لەپێشم بوون، تەنانەت دەستی بۆ یەكێكیشیان نەبرد و تەنانەت سەیرێكیشی نەكردن، ماڵئاوایی لێكردم و سوور بوو لەسەر ئەوەی یەك ببینینەوە!
-    شاعیرێكی عیراقی ناسراوی دیكەم بینی كە نێوانم زۆر خۆشە لەگەڵیدا،  چاك و چۆنی و باوەشی پێداكردم و بوونمی لەوێ زۆر پێ كتوپڕ بوو، نەیپرسی بۆچی لێرەم؟ نە دەستی بۆ یەكێك لەو كتێبانە برد كە لەپێشمدا بوون، نە تەنانەت سەیرێكیشی كردن، جەختی لەوەش كردەوە كە شانازی دەكات بە هاوڕێیەتیمان!
-    چەند رۆژنامەنووسێكم بینی كە پرسیاری ئەوەیان لێكردم كام  لەو سێ كتێبانەی خۆتت پێ باشترە تا بیكڕن؟
-    یەكێكی دیكەم بینی ووتی (رۆمان نووسم)، زەرفێكی پێبوو كە كتێبێكی بۆ تێكردبووم بەناوی (هجم)، بەگەرموگوڕییەكەوە پێی ووتم: "نامناسی؟ من فڵانە كەسم، من دەتناسم باشتر لەوەی خۆت بناسیت" .. پاشان كتێبەكەی (رۆمانەكەی) لە زەرفەكەدا دەرهێناو لەسەری نوسی (پێشكەشە بە شاعیری گەورە ............." پاشان داوای لێكردم وێنەیەكی یادگاری لەگەڵدا بگرم كە تێیدا رۆمانەكەی لەنێوانماندا بوو، دواتر جێگەكەی بەجێهێشت و پرسیارێكیش چییە نەیكرد سەبارەت بە كتێبەكانم كە لەبەر دەمیدا بوو.
-    منداڵێكم بینی كە 10 ساڵانی تێپەڕ نەكردبوو، سەیری وێنەكەی دەكردم كە بە كتێبی (ڕوی بێدەنگی) ییەوە بوو، دواتر كتێبەكەی برد تا پارەكەی بدات و بڕوات، پێش ئەوەی نووسەر داوای لێبكات كە كتێبەكەی بداتێ و بۆی واژۆ بكات و ناوەكەی لەسەر بنووسێت پرسیاری كرد: ئەتوانم بە هاوڕێكانم بڵێم كە تۆ بوویت بە هاوڕێم؟ پێم ووت: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، من و تۆ لەئێستاوە هاوڕێین" ئیدی كتێبەكەی گرت بەدەستەوەو بەخێرایی تێپەڕی.

  سەرچاوە: ژمارە 102 ی رۆژنامەی (بین النهرین) 13ی دیسەمبەری 2018


وتاری زیاتر