یەكهەڵوێستی‌و سەركەوتنی فراكسیۆنەكان‌و پاشەكشەی موزایەدەخوازان

مەلا بەختیار 24/01/2019



مەلا بەختیار

خۆشحاڵم، دوێنێ‌ شەو (23/1/2019) فراكسیۆنە كوردستانیەكان، بە یەكهەڵوێستی كوردایەتییان، داكۆكییان لە زیادكردنی بودجەی كوردستان، لەبوارەكانی موچەو فەرمانبەران‌و پێشمەرگە كردو سەرەنجام، توانییان، یەكێك لە كێشە بنەڕەتیەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، كە ساڵەهایە، بەناكۆكی ماوەتەوە، چارەسەر بكەن. ئەمەش، هاوكاتی هەنگاوە سیاسیەكانی تری دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەریانخست چارەسەری ستراتیژی ئابوری، بەغدادە.
ئەم یەكهەڵوێستییە، رەگ‌و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە ئابورییەی حكومەتی هەرێمیش، وەكو شایستە داراییەكانی كوردستان، ساڵەهایە داوای كردووە، بەڵام كاریگەری تایفەگەری لەسەر حوكمڕانی عێراق، وایان كردبوو، پێچەوانەی ئەو شایستە بژێوییە بسەپێنێ‌. ئەمە لەكاتێكدا، پێشمەرگەی كوردستان، لەكاتی تێكشكانی سوپای عێراقدا، سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرەنگاری گرتبوو. كەچی دەوڵەتمەدارانی عێراق زەق زەق خوێنی رژاوی پێشمەرگەو كەژاوەی بەڕێكراوی شەهیدانیان دەدی، بەڵام ئەقڵیەتی تایفەگەری‌و پیلانگێڕی، رێی نەدەدان، تەنانەت بژێوی ماڵ‌و مناڵی پێشمەرگەش دابین بكەن.
فەرمانبەرانی كوردستانیش، لەكاتی داڕمانی نرخی نەوت‌و، قەیرانی ئابوری جیهانی‌و، ناوچەییداو بەناچاریی گرتنەبەری سیاسەتی پاشەكەوتی موچەدا، مەینیەتیەكی بێڕادەیان تەحەمول كردو ئەو پشوودرێژیەشیان، وەكو شانازییەكی بەرەنگاری سەختیەكانی ژیان‌و گوزەران دەژمێردرێ‌. هەرچەندە دەشویسترا، ئەم قۆناغە سەختە، بە رێگەی ئاژاوەو سیاسەتی پۆپۆلیستی، حكومەتی هەرێم (سەرەڕای هەڵەكانیان) بەرەو هەڵدێر ببرێ‌‌و كوردستان چەشنی لیبیاو یەمەن لێبكرێ‌، بەڵام زۆرینەی گەلەكەمان، بە دركی نەتەوایەتییان، پشوودرێژییان هەڵبژارد، نەك پشێویی سیاسی‌و هەڵدێری دەسەڵاتدارێتی.
هەشبون، دۆخی داراییان بە هەل دەزانی بالۆرەی دوو ئیدارەیی لێبدەن‌و دڕكی هەلپەرستییان لێرەو لەوێ‌ بچەقێنن؛ كەمیش نەبون ئەوانەی خۆڵەمێشی موزایەدەیان بەپاساوی بەرگری لە یەكێتی دەپرژاندە چاوی بەشێكی رای گشتی، تایبەتی نەوەی دوای راپەڕین.. بەڵام هەموو ئەو سیاسەتە دوور لە ئەقڵانیەتەی سیاسەت، لەبەردەم سیاسەتی ریالیستی شكستی خوارد، ئەگەرچی هێشتا پاشماوەی زیانبەخشی ئەو سیاسەتە هەڵبەزو دابەزە، لەناو هەموو لایەنەكاندا، بێ كاریگەر نین. هەربۆیە، حكومەتی نوێی كوردستان، دوای نزیكەی چوار مانگە، پێكنایەت!
لەكاتێكدا، دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییە پەرۆشەكانی باشتركردنی گوزەرانی خەڵك دەكەین‌و ئومێد دەخوازین، لەسەر ئەركە دیموكراسی‌و نەتەوایەتی‌و دەستوریەكانیان، هەروا بەیەكهەڵوێستی بمێننەوەو ناكۆكی لەكوردستان جێبهێڵن‌و كۆكی لەبەغداد بپارێزن.
ئیدی.. پاساو لەبەردەم حكومەتی هەرێمیش نەما، كە دەستبەجێ‌، دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، بە كۆی سیستەمی حوكمڕانی‌و دژایەتی گەندەڵی‌و مشەخۆریدا بچێتەوەو چاكسازی بنچینەیی لە حوكمڕانیدا بكات. دیارە پەرلەمانی كوردستانیش، لە ئەركە سەرەكیەكانی، دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیەكەی، كاراكردنەوەی كارنامەی تەواوكردنی دەستوری كوردستانە.. هەروەها، وردتر چاودێریكردنی پابەندبونی حكومەتە، لە جێبەجێكردنی پرۆژەو بەرنامەی راگەیەندراویان لەناو ئەو لایەنانەی حكومەت پێكدێنن.
پێشمانوایە، دوای جێگیربونی موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران، زەمینەی سەقامگیری سیاسی‌و حوكمڕانی باشتر دەڕەخسێ‌، بۆئەوەی سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێن. تەنها چارەسەركردنی تەنگوچەڵەمەی خەڵكیش، دەستەبەری قوڵكردنی پرۆسەی دیموكراسییە.. نەك بێباكیی سیاسی‌و حوكمڕانیی.. چونكە هەموو بێباكییەك، لە جومگە سەرەكیەكانی سەروەری یاساو ژیانی خەڵك، مەترسی گەورەی هەیە لەسەر چارەنوس، نەخوازەڵڵا لەم هەلومەرجە هەستیارەی ناوچەكەدا!!