هونەر و ئایین دووانەی حیکایەتێکی جیاواز

پێشڕەو حسێن 20/01/2019



سەرەتا
بەپێی ئەو پێناسە باوەی کە مرۆڤی دیندار بۆ هونەری دەکات، هونەر ئەو جیهانە سنوردارەیە کە بەپێی باوەڕە دینییەکان بەرگ دەپۆشێ و هەرجۆرە خۆگۆڕین و دەرچوونێک لەو سنورەی ئایین بۆی دەکێشێت نەک بە هونەر دانانرێت بەڵکو بەڕووی پێچەوانەی ئایین و بە خزمەتکاری نادانی و فسق و فیسادی کۆمەڵایەتیش ئەژمار دەکرێت. هەرچەندە ئەم دوو تێمایە لەسەر یەک رێڕەو کار دەکەن و لە پەیامدا بۆ تەزکییە و پاکبوونەوە هەن، بەڵام ئەوەی هونەر جیادەکاتەوە ئەو بیرەیە کە لەدەرەوەی بنەما و پەیڕەوە ئاینییەکان درێژە بە ژیان دەدات و چەمکی خودا و ئیبلیس لە دەرەوەی رێڕەوە ئاینییەکەی وێنادەکاتەوە. مەبەستی ئەم باسە ئەوەیە ئایین و هونەر بەپێی ئامرازە تایبەتییەکانی خۆیان پێناسە بکاتەوەو لە سایەی ئەم بینینەدا جیاوازیەکانیان بخاتە روو، هەڵبەتە رەنگە ئەوەندەمان بەس بێت کە بەپێی مێژووی پێکەوە ژیانی ئایین و هونەر و بەتایبەت لە رۆژئاوا، سەدە تاریکەکان بەڵگەی ئەوەبن، لەهەرکوێ ئایین باڵادەست بووبێت دەستی خستۆتە بینەقاقای هونەر و کۆتوبەندی کردووە و لە قاڵبی خۆیدا تواندویەتیەوە، بەڵام لەدوای رزگاربوونی هونەر لەم بەندوداوە، چیتر ئایین نەیتوانیوە رکێفی بکاتەوە و بەئازادی هەناسە دەدات، کەچی لە رۆژهەڵات لەژێر فرمانی دەوڵەتە ئایینەییەکان و لە کوردستانیش بەهۆی بێ ئاگایی، خەمناکانە هەناسەبڕکێی مانەوەیەتی. 




پەیامی ئایینی
ئایین بە گشتی لە کتێبە ئایینیەکانەوە شەرعیەت وەردەگرێت و پێش ئەوە، مێژووی ئایین مێژووی ئەفسانە و موعجیزەکانە. ئایینیەکان هەموو سەرباری جیاوازییەکانیان فرمانی ئیلاهین و مرۆڤی ئایینی دەبێت موو بەموو پەیڕەویان بکات و لەم میانەیشدا لێکدانەوەی زۆرینەیەکی دەسەلاتداری ئاینییە کە بەپێی خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەو کتێبانە، دەبێتە بنەما و زاتیەت و تێڕوانینی تاکەکەسی رەت دەکاتەوە و تەنانەت زۆرجار بۆ سەلماندنی راستی خوێندنەوەکەی خۆی، دەکەوێتە قاتوقڕکردن و ئەنفال و .... کردنی کەمینەی بیروڕا و خوێندنەوە جیاواز. پەیامی ئاینی هەرچەند لەو خاڵەدا کە رووی لە مرۆڤە لەگەڵ هونەردا یەکانگیر دەبنەوە بەڵام دواجار هەموو خوێندنەوە و دونیابینییەکی جیاواز بۆ ژیان، لە روانگەی مرۆڤی ئاینیەوە لادانە لەو راستەڕێیەی تەنیا کتێبەکەی ئەوە دیاری دەکات و تاکە سەرچاوەی بینین و خوێندنەوەی ژیانە.. ئایین هەمیشە لە هەناسەیەکی باڵاترەوە هەڵدەقوڵێ و رێگە نادات  هیچ جیهانێک لە دەرەوەی حیکایەتەکانی بژی و هەناسە بدات. گرێی ئادەم خەتاکاریی و بێ منەتییە لەوهەموو نیعمەتە ئیلاهییە.



پەیامی هونەریی
هونەر کە لاساییکاری ژیانە لەرێگەی وێناکردنەوەی جیهان لە روانگەیەکی زەمینییەوە هەر لەبنەڕەتەوە دەلاقەیەکە بۆ بینینی جیاواز و لەسەر بناغەی وێرانکردنی هەرجۆرە بینن و پەیامێکی چەقبەستوو کاردەکات و هەمیشە لەهەناوی ئەو جیهانەوە خۆی بنیاددەنێتەوە کە هەر خۆی وێرانی کردووە و بەپێی رێڕەوەی مێژووی پەرەسەندن و گەشەکردنی بیری مرۆیی ئەویش هەردەم لە بەرگێکی نوێدا دەردەکەوێتەوەو هەرچەند بەشێکی زۆری بوونی لە سرووشەوە سەرچاوە دەگرێت بەڵام سرووشی هونەریی دەبێتە خولقێنەری ئەو جیهانەی مرۆڤ دروستی دەکات نەک ئەو جیهانەی ئایین بۆی وێناکردووە. گرێی ئادەم ستەملێکراوی و مەینەتی ناڕەوای ژیانە بەسەر شانیەوە. پرۆمیسەیەکی بەندکراوە، ئۆدیبێکی چاررەش، سیزیفێکی ماڵوێران. نەفرتلێکراوێکی ئەبەدییە و هەر لە ئەزەلەوە مۆری یاخیبوون و تاوان لەنێوچەوانی هەڵکۆڵراوە، تاوانی دەستبردن بۆ دانایی، یاخیبوون لە فرمانەکان. ئادەمی لەناو باخەکانی هونەردا وێنەی ئەو پاڵەوانەیە کە لەیەقین و کەماڵیشدا تەزووی گومان و ناتەواویی گەردوون گەنگڵی دەدات. هاملێتێکە سەرگەشتە و سینەسۆزان، لە ناو چەرخی گردوندا پلیشاوە و داکرماو، لە وەلوەلەی مەخلوقدا سەوداسەر و سەرگەردان. لە گۆشەنیگای فرەرەنگی هونەرەوە، پاڵەوانی واقیعی و خەیاڵی، هەردوو نینا بین یان کلۆف، زادەی ئەقڵی چیخۆف بین یان ئەندێشەی بیکێت، ئیبسن وێنەی کێشابێتین یان پیتەر هاندکە، هەمان ئەو ستەمدیدە بەشمەینەتەین کە ستەمێکی لەمێژینە مرۆڤ بوون و فەنابوونی بەچارەمانەوە نوسیوە.  



حیکایەتی ئاینی
ئادەم هەست بە تەنیایی دەکات، ژیانی ژێر سێبەری دارستانەکانی فیردەوس، هەڵقوڕاندنی شەرابەن تەهورا و خواردنی بەری گشت درەختەکانی، ئەو تەنیاییەی بۆ پڕناکەنەوە کە لەناخیدا دەسوتێ، خوداوەندی میهرەبان بەزەیی بۆ ئەم مەلائیکەتەی خۆی دەجوڵێ و دەست دەبات و لە ئێسقانی سینەی ئادەم، لەناو تەنهاییە قوڵەکەی ئادم خۆیەوە، خاتوو حەوای پێشکەش دەکات، هەر لە سەرەتاوە حەوای پێشکەشکراو دەبێتە هۆکارێک بۆ حەواندنەوەو ئارامی بەخشین بە ئادەم، کەچی هەر زوو دیسان هەستکردنی بە تەنیایی دەیتەنێتەوە و لە سێوەکانی سەر سینەی خاتوو حەوا وەڕس دەبێت، حەوا کە بێ وەفایی و سەرەڕۆیی هاوژینەکەی دەبینێ لەگەڵ ئیبلیسی لە نور خولقێنراو دەست تێکەڵ دەکات و ئەم دووە نەخشەی ئەوە دەکێشن، ئادەمی تاقانەی خودا، لەبەرچاوی میهرەبانی رەش بکەن و نافرمانی و لەخۆبایی بوون و یاخیبوونی ئادەمی بۆ دەربخەنەوە.
خودا لەناو هەموو نیعمەتەکانی فیردەوسەکەیدا تەنیا بەری میوەیەک لە ئادەم حەرام دەکات، ئەمە دەبێتە دەستگەمەی ئیبلیس و بەگوێی خاتوو حەوادا دەچپێنێ بیخاتە مێشکی ئادەمەوە کە ئەو میوەیە وەک خودا دانا و مەزنی دەکات و خودا ئیرەیی بە بەختەوەری وی دەبات کە رێگە نادات لەو میوەیە بخوات. ئادەمی خڵەتێنراو، دەست دەبات و لەبەری میوەی حەرام کراو قەپاڵێک دەدات. ئەمە دەبێتە مایەی ئەوەی خودا  سزای بدات..و...  

حیکایەتی هونەری
بەپێی دوا پەیامی ئاسمانی، یان دوا کتێبی ئاسمانی، مرۆڤ لەئاکامی نافرمانی و ملکەچ نەبوونی بۆ ئیرادەی ئیلاهی لە پێگە و مەقامی ئاسمانیانەی داماڵراوەو بۆ تاقیکردنەوە و گەڕانەوەی ئەبەدی رەوانەی زەوی کراوە. مرۆڤ بە تۆمەتی بەدەستهێنانی دانایی وەک تاوانبارێک دادەبەزێتە ناو زیندانەکەی، بەدرێژایی مێژووی ژیانی لەسەر زەوی لەڕێگەی پەیامبەر و رێبەرە ئاسمانییەکانەوە دەخرێتەوە سەر ئەو رێگەیەی لە ئاسمانەوە بۆی رەوانە دەکرێت، ئەم یاخییە دیسانەوە لەسەر زەوی دەکەوێتە رازاندنەوەی زیندانەکەی، ئاپارتمانت و پرد و ئاسمانبڕ و ئاسماندڕ و کەشپێو دروست دەکات و لەسایەی پێکەوەژیانێکی ساختە هەناوی زەوی کرمۆڵ دەکات و لەهەمووکات زیاتر لە لێواری کۆتایی تاهەتایی نزیک دەبێتەوە، ئاین کە چیتر ئەفسونی خۆی دۆڕاندووە و هزر و بیری زەمینی فرمانڕەوایی دەکات ناتوانێ وەک هەمیشە ئەم گەڕیدەیەی زانین کۆتوبەند بکات و بە موعجیزە و ئەفسونی خۆی ئەم یاخییە رام بکاتەوە. لە ئاکامدا خواوەندی ئاسمانان کە دەبینێ ئەو بوونەوەرە هەمان ئەو ئادەمە یاخیەی هەمیشەیە، بە بەرقی قین و بروسکە و شەپۆلانی توڕەیی خۆی، ماڵوکاشانەی تێکدەنێ و نوقمی مەرگی تاهەتایی دەکات. لەم رۆژەدا ژیان بۆ هەمیشە لەسەر زەوی دەکوژێتەوە. ئیدی بەهەشت و دۆزەخ لێرەوە دەبنە نشینگەی مرۆڤ، شەڕەنگێزان بۆ ئاگر و ساڵحینیش بۆ دارستان و کانیاوەکانی بەهەشت. مرۆڤی گوێڕایەڵ دەگەڕێتەوە ماڵی یەکەمینی و ئادەمی یاخی بۆ دۆزەخ....

رێگای ئاینی
ئەم راستەڕێیە هەرگیز بەلای چەپدا لانادات و موستەقیم دەگرێ و ئەوەی لێی لابدات مولحید و کافر و... 
ئەوەی ئەم سیراتەلموستەقیمە هەڵدەبژێرێ کتێبی ئاسمانی بە سەرجەم تەفسیر و لێکدانەوە جیاوازەکانیەوە، جارێکیتر بۆ مرۆڤی نەخوێنەوار دەبێتە چرای رێ و بێ ئەم کتێبە تاریکەڕێ دەبڕێ مرۆڤ. هەموو نیشانەکانی هاتوچۆی سەر ئەم رێگەیە لە ئاسمانەوە دابەزیون، ئەوەی سەرپێچی ئەو رێنماییانەی هاتوچۆ بکات، تەنیا بە غەرامە رزگاری نابێت بەڵکو دوای گەیشتنە کۆتایی تاریک و نادیاری رێگە، ئاگردانی دۆزەخ لە تاوانەکانی دەیشواتەوە. پاک و بێگەردە ئەوەی لانادات و لەڕێبەدەریشە ئەوەی بۆ بینینی تاکە درەختی قەراغ رێگە و حەوانەوەی بەر سێبەرێ ملی رێگە بەردەدات. 
رێگای هونەری
بە چەپە رێ و کوێرەڕێکاندا تێدەپەڕێ و لە راستایی حەقیقەتدا، تۆی گومانێکی قوڵ دەچێنێ و هەرگیز یەقین ناچنێتەوە، رێبازێکی دیاریکراو نییە بۆ پەیڕەوکردن، ئەندام و لایەنگر و مورید و قیبلەی نییە، هیچ لە تولەڕێکانی ناچنەوە هیچ باخێکی فیردەوس، هیچ هێمایەکی هاتوچۆی لێ نییە تەنیا شوێنی پەڕینەوەی بیری نوێ نەبێ، پڕدڕک و داڵە و گوزەرکردن بەم رێگەیەدا پێی بریندار و دڵێکی پڕ شەوق و ئومێد جێدەهێڵێ.
ئەوەی ئەم رێگایە هەڵدەبژێرێ بەشمەینەتە و تاهەتا بەکولەمەرگی دەژی کەچی دەروونی پڕنوور و دڵی پڕجۆشی ژیانە.


گرێی ئۆدیب وەک یەکەمین یاخیبوونی نمایشیانە

پاش جەنگی یەکەمی ئادەم و خودا، ئۆدیب یەکەم نمونەی ئایدیاڵی دونیای نمایشە کە ورگیراو لە گرێی سوقرات، جامە ژەهری حەقیقەت دەنۆشێ کە کوێرەوەرییە، دەبێتە سومبولی دواهەمین یاخی مێژووی مرۆڤایەتی کە سەرچاوەی ژیانی لە ئەفسانە و حیکایەتێکی تەواو زەمینیانەوە هەڵدەقوڵێ. پادشایەکی زانا و بوێر، کە هەم رزگارکاری گەلە لە دەست پرسیاری ئەبولهول و هەم خۆبەختکردووی رزگاریی زەمینییەکانە لەدەست تاعوونی گومان.
پادشای چاکەکار لەبەردەم هەیوانی کۆشکەکەیدا لە مەرگ و قاتوقڕ و ئاگر و دووکەڵی ئەو تاعوونە دەڕوانێت کە یەخەی گەلەکەی گرتووە، دەستی نزا بۆ ئاسمان بڵند دەکات و ئاسمانیش لەمەڕ پاکبوونەوەی گەلەکەی داوای خوێنی لێ دەکات؛ پاشایەکی مەزن خوێنی بە ناحەق رژاوە و دەبێ بکوژەکەی بکوژرێتەوە تا ئەو بەڵا ئاسمانییە لەگەردنی شارەکەی ببێتەوە، پاشای لاو سوێند دەخوات گەر ئەوکەسە خودی خۆشی بێت دەبێت سزای ئەم تاوانەی بداتەوە، لە ئاکامی گەڕانی بێباکانەیدا شایەتیەکان دەبنە بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوە راستیەی ئەو پیاوەی لە رێگەی دڵف لەبەر بێحورمەتی لە گەڵ پیاوەکانیدا دەکەونە بەر زەبری شمشێرەکەی باوکی خۆی بوەو دواجار پیشبینی و دونیابینی ئاسمان راستە کە دەبوو باوکی خۆی بکوژێت و ببێتە هاوسەری دایکی.. ئەم راستییە ئۆدیبی بێچارە ناچارانە بەدرێژایی ژیانی بەکۆڵیەوە بووە و نەیبینیوە و لێی هەڵاتووە، دواجار لە حەسرەت مەرگی خۆشەویستەکەی پادشای چاکەکار کوێری هەڵدەبژێرێ کە نەیبینی ژیان جگەلەوەی لەنێوچەوانی ئادەم نوسراوە سەفەرێکە لە مناڵدانی جۆکاستای دایکەوە بۆ هەناوی مەرگ و فەنابوون..
پادشا کە هەر دوێنێ سەروەری مەملەکەتەکی بوو، کوێر و سەرگەردان و ریسوا و تاوانبار سزای هەڵاتنی لە چارەنوسێک دەداتەوە کە هەرگیز خۆی هەڵی نەبژاردووە..
لێرەدا دەتوانین بە ئاسانی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەم بەسەرهاتە زەمینییە لەگەڵ یەکەم دیرۆکی ئاینی بدۆزینەوە؛
گرێی ئادەم؛ گرێی باوک
گرێی ئۆدیب؛ گرێی باوک
پەیامی شانۆنامەکە ناچاریی و چارەڕەشی مرۆڤە کە چەند دانا و مەزن و چاکەکاریش بێت هەر دەبێت کۆیلەی مەرگ بێت..
سزای ئاسمان بۆ هەر دوو ئەو یاخیبوانە، ئادەم و ئۆدیب، مەرگە و فەنابوون. ئۆدیب ئەوەی بەناوی ژیانەوە لەسەرشانی ماوە و رەتکردنەوەی خۆکوشتنە وەک جۆکاستا، هەڵقوڕاندنی جامە ژەهراوی پەشیمانییە، پەشیمان لەوەی کە ئاکام پلیشاندنەوە و سوتاندنی ئادەمی بێت لە کورە و گڕکانەکانی تۆڵەی خوداوەندا، کەواتە بۆ خودا لێ ناگەڕێ خۆی لە چارەی خۆی بگەڕێت، بۆ دەبێت ئەوەی ئەو لە چارەی دەنوسێت هەر مەرگ بێت.
بە هەمانشێوە ئۆدیب هاوشێوەی قابیل لە چارەنووسی رادەکات و ئەوەی لە ئاکامی هەڵاتن دەیچنێتەوە تاوانە، تاوانی کوشتنی باوک، وەک تاوانی کوشتنی برا، پێشتر ئاسمان بۆ هەر دوویانی نوسیوەتەوە و هەڵاتن لە ئاکامدا داوی مەرگ و ریسواییە.
مرۆڤ تاوانبارە بە هەوڵدان بۆ زانین و چەشنی سوقراتی شەهید، ئۆدیبیش لە زانین راناکات و خۆی لە حەقیقەت ناشارێتەوە گەر تەنانەت مەرگ و فەنابوونی خۆشی لەدوا بێت

گرێی  مرۆڤی ئەمڕۆیی وەک دواهەمین یاخی 
مرۆڤی ئەمڕۆیی لە روانگەی مێژوو و هونەر و زانستیشەوە، ئەو جۆرەی رەبی ئەنواعە کە ناوسکی زەوی هەڵدەلوشێ و رووی ئاسمان بە دوکەڵی کارگە زەبەلاحەکانی رەش دەکات و زەوی بەرەو نغرۆبوونی هەتایی دەبات، نیشانەکانی ئاخرزەمان دەرکەوتوون و زەوی بە پێی گریمانە زانستییەکان لە مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە. تا هەنوکە زانست نەیتوانیەوە مرۆڤ لەداوی ئەم فەنابوونە رزگار بکات یان مژدەی نەمریی و ئەگەری مانەوەی ئەبەدی لەم سەر زەویە بداتە نەوەکانیشی، ئایین و هونەریش لە بازنەی مێژووی خۆیاندا دەخولێنەوەو لەپەناو سێبەری زاراوەی نوێ و خەیاڵی نوێدا خۆیان دەشارنەوە.
مرۆی ئەمڕۆیی لە هەمیشە زیاتر لە بازنەی ژیانی باو و لە هەناوی بەهەشتە زەمینیەکەیدا لوول دەخوات. لەم ئاستەدا و بەپێی ئەو جۆرە سادیزمە ئاینییەی لە رۆژهەڵاتدا قوڵپ دەدات، مرۆڤی رۆژهەڵاتی لەمڕۆدا لە کورەی تاریکبیری و کەونینە کەلتوری خۆیدا دەسوتێ.
کوردستان کە پنتێکی گرنگی ئەم ناوچەی تاعوونەیە، مرۆڤی کوردیش کە دوا مرۆڤی بێ چارەنوسە، لەهەنای بێ ئاگایی و کۆنەپەرستیدا هەردوو، بێباک لەو ئاگرەی کورەی خۆکوژی کە لەسەر زەوی داگیرساوە، دەیەوێت لەگەڵ ئۆدیبێکی بێدەنگدا بەسەرەوە دیسان وەک ئەوەی لە چارەی نوسرابێت خۆی فڕێ بداتەوە ناو ئەم کورەیە و سەدەیەکیتر بەدیار سارێژبوونی زامەکانیەوە کڕنووش بۆ رۆژێکی وەها بباتەوە، ئەو رۆژەی کە بێباکانە جامی ژەهراوی حەقیقەت هەڵقوڕێنێ و بە رووی مێژوی خۆیدا هەڵشاخێتەوە و مێژوویەکی نوێ بنوسێتەوە، لە سفری گەڕانەوە بۆ مرۆڤدۆستی و برادۆستییەوە دەست پێ بکاتەوە.
هاوتەریبی بەسەرهاتی مرۆی ئایینی و مرۆی ئەمڕۆیی و نەگۆڕی چارەنوسی هەردوو کە مەرگە و فەوتان لەو شوێنەدا لەیەک دەترازێ کە پرسی مرۆی ئەمرۆی کوردیی دێتە گۆرێ، ئەو مرۆڤەی لە دوا هەناسە و دوا قوڵپی ژیانی ئەم زەمینەدا، هێشتا لەداوی چارەڕەشی رزگاری نەبووە و نەیتوانیوە بوونی خۆی تەنانەت بە خودی خۆی بسەلمێنێ.
لە کۆتاییدا، دەبینین، سەرباری جیاوازی لە حیکایەت و پەیام و رێگەکانیاندا، ئایین و هونەر لەم پارچەیەی ژیانی سەر زەوی کە کوردستانە دووجۆر مرۆڤیان دروست کردووە، مرۆڤێک تا هەنوکەش لەوباوەڕەدایە چەند نەزانیش بێت خودا دەتوانێت ژیانی لەسەر زەوی بۆ هەموار بکات و مرۆڤێکیش کە لەوباوەڕەدایە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی دەبێت چارەنوسی خۆی بەدەستی خۆی بنوسێتەوە.







کوردبوون دوا سزا
لە هەنوکەدا و بە روانین لە ئاستی گەشەی هزر و بیری مرۆیی لە جیهاندا، بەبەراورد لەتەک ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و گەشەی زانستی جیهانی، مرۆڤی کورد بە قوڵبوونەوە لەو حوکمڕانییەی مرۆڤەکانی جیهان لە دەوروبەری پیادەی دەکەن، دەتوانێت لە خاڵێکدا کۆی ئەو حوکمڕانیە کۆبکاتەوە کە ئەویش مەرامی جۆردۆستی و خۆشەویستی نێوان تاکەکانی سنوری ئەو حوکمڕانیانەیە بە دەوڵەتەکانی دراوسێشیەوە.
گرێی مرۆڤی کورد لە ئێستادا و بێشەمانە و بێباکانە، رەتکردنەوەی بەرامبەر و خۆکوژی و جۆرێکە لە براکوژی مۆدێڕن کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەم گرێیە گرێی نەبوونی خۆشەویستی نیشتیمانە لەپێش ئەوەی گرێی خۆکوژی بێت.
مرۆڤی کورد لەم دوو دەیەی کۆتایی ژیانی سەر زەویدا لەلایەک سومبولی بەرخودانە بەرمابەر بە دڕندەترین تاریکبیری سەدە و لەلایەکیتریش نمونەی خۆکوژێکی سەمەرەیە کە لە بەرامبەر هەموو ئەو چاوانەی وەک ئایدیاڵی ئازایەتی تەماشای دەکەن خۆی بەرەو کەندەڵانی نەزانی و خۆکوژی گلۆر دەکاتەوە، ئەمەش هاوتای هەمان وێنە کۆنەکەی مرۆڤە لە مێژووی هونەر و بەتایبەت نمایشدا کە وێنەی پاڵەوانە لە ژێر هەرەسی داڕمانی مۆڕاڵ و بەندوبالۆرەکانی ئایین.