پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!

مەلا بەختیار 15/01/2019



لەوەڵامی وتارێكماندا لەسەر (مەترسیەكانی پاشەكشەی دیموكراسی‌و پەرەسەندنی گەندەڵی) هەروەها، لەسەر تاڵانكردنی نەوتی كەركوك، سەدان كۆمێنتی نایاب نوسراوە، بەڵام هەندێكی رەخنەشن. ئەوەی لامان سەیرە، زۆربەی رەخنەكان لەلایەن گۆڕانخوازەكانەوە نوسراوون. پرسیاری سەرەكی رەخنەكانیش، ئەوەیە كە:
بۆچی مەلا بەختیار، پێشتر ئەم رەخنانەی نەدەگرت. هەروەكو بیانەوێ‌ بڵێن: رەخنە پاوانی گۆڕانەكان بووەو بەس!
لەوەڵامی ئەمانەدا دەڵێین: پێش جیابونەوەی دۆستانی گۆڕانیش، لەمەكتەبی سیاسیدا، گەلێك لەو رەخنەو سەرنجانەمان داوە، كە سەركردەكانی گۆڕانیش شایەتن.
دوای جیابونەوەی گۆڕانیش، زیاتر لە (25) بۆ (30) وتارمان هەیە لە (15) ساڵی رابردوو لەسەر تاڵانی‌و نادادپەروەری‌و ناڕەزایی خەڵك، بەرامبەر دەسەڵات‌و یەكێتی. لە كۆڕو چاوپێكەوتنەكانیشدا، تێكڕا، هەڵوێستی خۆمان لەسەر دیاردە دزێوەكان نەشاردۆتەوە.
سێ‌ ساڵ لەمەوبەریش، لەسەر تاوان‌و تاڵانەكانی ناو كەركوك لەناو مەكتەبی سیاسی بەرامبەر پارێزگارو ئەو كەسانەی بەرپرسیاری دۆخی ناو كەركوكن، هەڵوێستی لێبڕاومان هەبوو.. بەڵێنیش درا چارەسەر بكرێن. بەڵام دێزەبەدەرخۆنە كرا. بۆچونەكانمان‌و پرۆژەكەمان لەوكاتەدا وەكو دیكۆمێنت ماوون.
لەسەر (30) هەزار بەرمیلە نەوتە تاڵانكراوەكەی ئێستای كەركوكیش، كە لە وتارەكەمدا ئاماژەم پێداوە، دۆستێك كۆمێنتێكی ماتماتیكی نوسیووەو ژمارەكەی بە ژمارەی گریمانەیی، بەدرۆخستۆتەوە. بەرپرسێكی بەرێزیش، كۆمێنتی پشتیوانی لەسەر كۆمێنتی ناوبراو نوسیوەو ئۆباڵی دزینی نەوتەكەی خستۆتە سەر (حەشدی شەعبی)‌و بڕێكی كەمی بەستۆتەوە بە بەرپرسان.
بێگومان ئەم كۆمێنتانە، بە مەرام نوسراوون‌و پاساو بۆ باندی دزی‌و شەوكوتی‌و سەرانەسەندن لە سەرمایەداران دەهێننەوە. پەیوەندیشیان بە قوتب‌و پایەو هێزە چەكدارە تایبەتیەكانەوە هەیە. (جارێ‌!) لەوەڵامی ئەم دوو كۆمێنتانەی بە ماتماتیك‌و چەواشەكاری ئەم دوو بەرێزە نوسراوون، تەنها ئاماژە بە وتارێك‌و زانیارییەك دەدەین كە لە ژمارە (413)ی هەفتەنامەی (باس)ی ئەمڕۆ (15/1/2019-سێشەممە) بەناونیشانی (نەوتی كەركووك‌و بەبەرچاوی خەڵكەكەیەوە دەدزرێت‌و كەركووكیەكانیش ناچارن بۆ دەبەیەك نەوت سەرە بگرن) لە لاپەڕە (4)دا بڵاوكراوەتەوە. تەنها ئەم پەرەگرافە دەگوازینەوە كە تیایدا هاتووە:
((شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، پێشتر بۆ هەفتەنامەی (باس) رایگەیاند: "نەوتی كەركووك لەدوای داگیركردنی شارەكەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە دەبرێتە ئێران‌و بە دوو شێوە هەناردە دەكرێت، شێوەیەكیان حكوومەتی عێراق بە تانكەر دەینێرێتە ئێران، كە ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دەبێت هەناردەكردنی نەوتی هەر پارێزگایەك بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ ئیدارەی ئەو پارێزگایەو ناردنی ئەو نەوتەش لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئێستا بەبێ‌ رەزامەندیی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەڕوات‌و ئەوەیان گوایە بەفەرمی دەنێردرێت، بەڵام خۆی لەخۆیدا نایاساییە".
شاخەوان عەبدوڵڵا، روونی كردەوە، ئەوەشی كە بە نافەرمی‌و لەرێگای تەنكەرەوە دەنێردرێت ئەوەیە، كە رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بە تانكەرو بە قاچاخ دەدزرێت بەرەو ئێران‌و داهاتەكەشی بۆ حكوومەت‌و بۆ كەركووك‌و كەركووكیەكان نییە، بەڵكوو بۆ حەشدی شەعبی‌و هەندێك لە مافیاكانی كوردە.))

دەی بەڕێزینە، لەو (200) هەزار بەرمیلە (100) هەزاریشی راست بێ‌، تۆ بڵێی بەرپرسە هاوبەشەكانی حەشدی شەعبی لەسلێمانی لە شیعە شیعەتر بن‌و رازی بن بە كەمتر لە (30) هەزار بەرمیل پشكیان بەر بكەوێ‌؟!
ئەگەر، ئەو كاروانی تەنكەرە دزراوانە راست نین، بۆچی جێگری سكرتێری گشتی دوو مانگ لەمەوبەر هێزی تایبەتی بۆ چاودێری تەنكەرە نەوتەكان ناردووەو تەنانەت لەدەوروبەری (كۆرمۆر)یشدا، سەیتەرەشیان بۆ داناوون؟! ئایە ئەو دوو بەڕێزە، كە یەكێكیان لە راگەیاندنی ئەلكترۆنی چالاكەو ئەوی تریشیان كاربەدەستێكی باڵایە، ئایە دەتوانن بە خەڵكی بڵێن: كێن ئەوانەی بۆریە نەوتەكان دەشكێنن‌و بە حەرەسیاتەوە، لەناوچەی یەكێتی ساغیاندەكەنەوە.
لەكۆتاییشدا دەڵێین: پاساو بۆ تاڵانی مەهێننەوە. وا چاكە میللەت رازی بكەن‌و گەندەڵكار و تاوانكار سزا بدەن!! ئەوەی پاساو بۆ تاوان‌و تاڵان دەهێنێتەوە، یان شەریكیانە، یان دەیەوێ‌ پشكی بەر بكەوێ‌!!