مەترسیەكانی پاشەكشەی دیموكراسی‌و پەرەسەندنی گەندەڵی (بە ئامار و ژمارە)

مەلا بەختیار 13/01/2019


(16) ساڵە رژێمی بەعس روخاوەو چەندین هەڵبژاردن لەعێراقدا، كراوە. ئایە لەو ماوەیەدا:
- عێراق توانیویەتی پەرە بە دیموكراسی بدات؟
- عێراق توانیویەتی رادەی گەندەڵی كەمبكاتەوە؟
- عێراق توانیویەتی تاڵان‌و تاوان نەهێڵێ‌؟
- عێراق توانیویەتی، تەزویر لەهەڵبژاردندا، وەكو تاوان سەیر بكات؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، با هانا بۆ ژمارەو رێژەو ئامار بەرین. چونكە كاتێك ژمارەو ئامار، ساغدەبنەوە، ئیتر پاساو داتاشینی تایفەگەری‌و دەسەڵاتدارێتی، ناخوات.
لەم هەفتەیەدا، رۆژنامەی ئیكۆنۆمیست، ریزبەندی سیستەمە دیموكراسیەكانی جیهانی بڵاوكردەوە. بەپێی ئەو ریزبەندییە لەناو (167) سیستەمی دیموكراسی‌و بەناو دیموكراسی، عێراق لەپلەی (114)هەمیندایە. لەوەش سەیرتر، عێراق لەوڵاتانی ئەفریقا (بوركینافاسۆ)و (ئۆگاندا)، هەروا لە (پاكستان)یش، ئاستی دیموكراسی خراپترە.
هەروەها، لەناو (10) وڵاتی جیهاندا، كە لەهەڵبژاردندا گەندەڵی‌و تەزویر هەیە، عێراق چوارەم پلەی هەیە.
بەپێی خەمڵاندن لەعێراقدا زیاتر لە (400) ملیار دۆلار بەگەندەڵی لوش كراوە! هەر بەپێی ئاماری حكومەتی عێراق خۆی لەعێراقدا (172) كۆمپانیا هەیە، كە تێچونیان (500) ملیار دۆلارە. بەڵام (17%)یان كاردەكەن!!
بەپێی زانیارییە پەخشكراوەكان (كە هەتا ئێستا بەدرۆنەخراوەتەوە) لە چاڵگە نەوتەكانی (جمبور) لەناحیەی تازە خورماتوی كەركوكدا، رۆژانە ئێستاش (30) هەزار بەرمیل نەوت، بە كاروانی تەنكەری بەرپرسان تاڵان دەكرێ‌.
كاروانی ئەو نەوتە دزراوانە، شەوانە بەرەو سلێمانی رێچكە دەبەستن‌و بەپێی سات‌و سەودای تایبەتی ساغدەكرێنەوە.
ئەو ژمارەو ئامارانەی رۆژنامەی متمانەپێكراوی وەكو (ئیكۆنۆمیست) كە سەرچاوەی زانیاریەكانی هەمیشە راستن، (دزی‌و گەندەڵی‌و تەزویر) بونەتە سێگۆشەی ترسناك لەعێراقدا. كە ناتوانین هەرگیز كوردستان‌و ناوچە كێشەلەسەرەكانیان لێدەرهاوین. ئەم سێگۆشە ترسناكە، تەنهاوتەنها، بە دەسەڵات دەكرێ‌‌و لەسایەی دەسەڵاتیشدا، بەو كاربەدەست‌و بەرپرسانە ئەنجامدەدرێ‌، كە پلەی باڵای دەسەڵاتی حكومی‌و سیاسی‌و هێزی چەكداری تایبەتیان هەیە. لەئاستی عێراق‌و كوردستاندا، بۆگەنی گەندەڵی‌و پاشەكشەی دیموكراسی‌و دەستكاریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و راووڕوت، لەهەموو ئاستەكاندا ترەكیووە. هەربۆیە عێراق لە (114)مین ریزبەندی سیستەمە دیموكراسیەكان‌و چوارەمین وڵاتە لەناو (10) وڵاتدا، لە تەزویری هەڵبژاردن‌و گەندەڵیدا.
دەركەوت.. تەنها هەڵبژاردن‌و بوارەكانی میدیای ئازادو رەخنەگرتن، هیچ وڵاتێك‌و ئەزمونێك ناكاتە دیموكراسی. بەڵكو، دیموكراسی لەسەردەمی جیهانگیریدا، رەهەندی فراوانتری هەیە. لەپێشەوەیاندا..
ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و سزای تاڵانكاران‌و سەروەری یاساو بەدیهێنانی سیستەمی مۆدێرنەیە، لەهەموو بوارەكانی حوكمڕانی‌و خۆشگوزەرانی‌و دادپەروەری. نەك بە چەمكە كلاسیكیەكان، حوكمی تایفەگەری‌و حزبایەتی‌و هێزی چەكدار، لەژێر پەردەی رواڵەتی دیموكراسیدا، ناوبەناو هەڵبژاردنی سەیروسەمەرە ئەنجام بدرێ‌‌و سیستەمە بەسەرچوەكان‌و سەركردە لەبەرچاوكەوتوەكان، بەزەبری هێزی چەكدار بسەپێنرێنەوە. ئەنجامەكەشیمان بینی. لەبەغدادی پایتەختدا (30%)ی خەڵك بەشداری هەڵبژاردنی كرد. ئەوەتا، هەتا ئێستاش، پێكەوەنانی حكومەت، خراوەتە گرەوی بەرپرسیارانی ئەم نەهامەتیانە لەعێراقدا.
ئەگەر كوردستانیش نەویسترێ‌ بەدەردی عێراق‌و دەوڵەتە داڕزیوەكانی بەناو دیموكراسی بچێ‌، دەبێ‌ ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان، بە پرۆژەی نەشتەرگەری ستراتیژی:
-یان كۆی سیستەمی حوكمڕانی كوردستان‌و رەفتار و كرداری كاربەدەست‌و بەرپرسان، بگۆڕدرێن‌و یاسایان بەسەردا دەسەپێنرێن.
-یاخود، لەهەڵبژاردنەكانی ئایندەدا، دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردنەكان‌و پروپاگەندەكانی میدیایی‌و هەژمونگەری چەكداری، چیكە بەرگەی گۆڕانكاری هاوكێشە كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و سایكۆلۆژیەكانی رای گشتی ناگرن. دڵنیاین، رەوڕەوەی گۆڕانكارییە مێژوییەكان لەسەر هیچ لایەك ناوەستێ‌‌و، وەرچەرخانی چاوەڕواننەكراویش، لەهەڵبژاردن‌و قوڵبونی ناڕەزاییەكان، بەڕێوەیە.