لێدانی پارێزگاری سلێمانی‌و دوو قارەمانی ئەفسانەیی (21/12/1976)

مەلا بەختیار 20/12/2018



دوای شەهیدكردنی شیهاب‌و جەعفەرو ئەنوەر (21/11/1976)، رقێكی پیرۆز لەناخی هەموو ئەندامێكی (كۆمەڵەی رەنجدەران) جۆشی دەخوارد‌و داوای تۆڵەسەندنەوەیان دەكرد. سەیر ئەوەیە، ئەوەی لەهەموان زیاتر لەكاتی هێنانی تەرمەكاندا، داوای تۆڵەسەندنەوەی دەكرد، كە هاتینە سەر جێبەجێكردن، ترسنۆكترین كەس دەرچوو.
مەفرەزەیەك، بە بڕیاری شەهیدان: عەلی عەسكەری‌و ئارام‌و كاك سالار عەزیز بریتیبوون لە (5) پێشمەرگە هاتنەوە سلێمانی. لەمانە، یەكێكیان روخا و، دوانی تریان (فشەكەر) بون‌و نەخشەكانیان دەشێواند. بۆ خۆدزینەوە لە چالاكیەكە، كێشەی گەورەیان لەناو مەفرەزەكەدا (لەماڵی شەهید ئەحمەدی موهەندیس) نایەوەو بەهەزار حاڵ لێكم كردنەوەو تەنها شەهید (سۆران)‌و (فاخر)م هێشتەوە. دوو فشەكەرەكە، یەكێكیان گیراو ئەحمەدی موهەندیسی بەگرت داو لەسێدارەش درا.
كە دڵنیابوین لەجوامێری سۆران‌و فاخیر، نەخشە گۆڕدرا. شوێن ئامادە كرا. سەیارەی گواستنەوە دیاریكرا. چاودێری پارێزگا بەوردی ئەنجامدرا. چەك‌و شوێن‌و كاتی لێدان، ساغكرا. ماڵی كشانەوەی پێشمەرگە دەستنیشان كرا. 20 لەسەر 21ی 12ی 1976 رێكەوتی ئەمشەو، لەگەڵ سۆران‌و فاخیر كەبابم بۆ بردن‌و پلانەكەمان تاوتوێ‌ كردو دڵنیا بوم دوودڵ نین. بەیانیەكەی سەعات هەشت چوینە مزگەوتەكە. بەپلایس قفڵی دەرگای سەربانی مزگەوتەكەمان شكاند. سۆران‌و فاخر سەركەوتن‌و دامەزران بۆ دەستڕێژ.
چومە سەر شەقامی مەولەوی‌و بەرامبەریان وەستام. كاك دلێری سەید مەجید لەبەرامبەرمدا چاوەڕێی تەلەفۆنی دەكرد، وەكو پەرلەبێلێك كە پارێزگار كەوتۆتە ڕێ‌. بەڵام كەمێك دواكەوت. من هەر نەشڵەژام. بەئیشارەت سۆران‌و فاخیریشم ئارام دەكردەوە. لەپڕ هات. دەستم بۆ هەڵبڕین تەقە بكەن. كاتێكم زانی:
سۆران‌و فاخر، وەكو دوو قارەمانی ئەفسانەیی، دەستڕێژیان لە مارسیدیسە رەشەكەی پارێزگار كرد. چاوم لێبوو، وەكو شەستەباران، دایانبێژا. من‌و كاك دلێر، كشاینەوە. سۆران‌و فاخیریش، گەیشتنەوە سەیارەكەو گەیاندرانەوە ماڵی شەهید سەرداری برینپێچ.
دیمەنی لێدانی پارێزگار، دەتگوت فلیمە. ئازایەتی سۆران‌و فاخر، هەرگیز وێنا ناكرێ‌. شڵەژانی حكومەت‌و چالاكیەكە، خەڵكی شاری كردبووە خاوەن شانازییەكی گەورەو دڵسۆزان پیرۆزباییان لەیەك دەكرد. ئیزگەی لەندەن باسی كرد. مام جەلال هەمیشە دەیگوت: دوای لێدانی پارێزگار، متمانەی ئێمە لەسوریاو لیبیاو لەناو فەلەستینیەكاندا، بەرز بوەو، ئامادە بون هاوكارییەكی زیاترمان بكەن.
سۆران هەورامی.. شایەنێتی وەكو قارەمانی ئەفسانەیی لە گەشترین لاپەڕەدا تۆمار بكرێ‌. فاخیریش، نمونەی شۆڕشگێڕی كەركوكی‌و كوردستانی بوو. دوو قارەمانی هەورامی-سلێمانی‌و كەركوكی، ئەم داستانەیان تۆمار كرد. من‌و دلێری سەید مەجیدو عەبدوڵڵای خورشە (ئاسۆ) لەخزمەتیان بوین. سڵاو لە ئارامگای سۆران هەورامی، كە بەراستی لەگەڵ فاخیردا، قارەمانی ئەفسانەیی بوون. بەگیانی بەرزی شۆڕشگێڕێتی (ئەوسا!) ئامادەبون لە تۆڵەسەندنەوەی رابەرە شەهیدەكانیاندا، گیانیان ببەخشن.