بنه‌ماڵه‌كانى حوكم له‌كوردستان.. (ى.ن.ك) سه‌رده‌م و عه‌هدى كوڕه‌كان
بەشی دووەم
ئاشكرايه يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان وه‌ك ڕێكخراوێكى نيمچه به‌ره‌يى و دواى كۆنگره‌ى يه‌كه‌ميش وه‌ك ڕێكخراوێكى سۆشيال ديموكرات، دوو قۆناغى سه‌ختى فكريى و چه‌كدرايى به‌سه‌ركه‌وتويى بڕى، تا به‌رپابونى ڕاپه‌ڕين له‌دواى داگيركردنى (كوه‌يت) له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌تى عيراقه‌وه. به‌ڵام، شه‌ڕى ناوخۆيى كوردستان و ڕوداوه‌كانى دواى ڕوخانى رژێمى به‌عس، دوو فاكته‌ربون بۆ لاوازبون وخۆنه‌گرتنه‌وه‌ى ئه‌م ڕێكخراوه له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان، جگه له‌بوارى دارايى كه پێچه‌وانه‌بو، سه‌ره‌نجام ئه‌ميش كارى نێگه‌تيڤى كرد له‌ڕوى كواليتى و ئه‌داو جه‌ماوه‌رييبونى.
به‌درێژايى ئه‌و ساڵانه، يه‌كێتى ورد وردە، له‌چه‌قى ململانێى فكريى وئايديايى دوركه‌وته‌وه‌و ئيمتيازو ته‌كه‌تولات و ئيستيقطاباتى باڵه‌كان، شێوازى ڕێكخراوه‌يى گۆڕى به‌فۆرمێكى نوێ و سه‌قه‌ت له‌مه‌حسوبييه‌ت له‌پێناوى مانه‌وه‌ى خۆيان.
ئه‌م فۆرمه نوێيه، تا ده‌هات بڕستى هێزو ئه‌كتيڤه‌يتبونى له‌حزب ئه‌بڕى، كه‌ئه‌م لاوازيه له‌سێبه‌ريدا قوطبه‌كانى ناو يه‌كێتى كرده ره‌قه‌مى نوێ و دابڕاو له‌يه‌كتر له‌لايه‌ك، و دابڕاوتر له‌كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك له‌لاكه‌ى تر.
ئه‌و دابڕانه‌ش بوه هه‌وێنى داڕزانى ئۆرگانه‌كانى حزب و لاوازبونيان.. دياره يه‌كێتى به‌درێژايى ته‌مه‌نى، هێز و سيحرى، بريتى بوه له‌پشت به‌ستن به‌كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌گه‌ر نا، هه‌رگيز نه‌يئه‌توانى به‌رگه‌ى فشاره‌كانى ئێران و توركيا و قياده‌ى موه‌قه‌ته‌و عيراق و نيومليۆن جاشى ناوخۆيى و صيراعاتى فيكريى كۆمۆنيسته‌كان و ئيسلامييه‌كان بگرێت.
ئه‌مڕۆ، سه‌رده‌م و قۆناغێكى نوێيه..
مامجه‌لال، كه قاسمى موشته‌ره‌ك و چه‌قى كۆكردنه‌وه‌ى هه‌مو دژه‌كان بو، له‌ژيان نه‌ما (خوا لێى خۆشبێت)، سه‌رانى قوطبه ناكۆكه‌كان دژبونيان گه‌يشت به‌ترۆپك، كه‌س ئاماده نيه كاغه‌زى ئه‌وى تر بخوێنێته‌وه، ئه‌م سه‌رانه‌ش ته‌مه‌ن زه‌فه‌رى پێبردون، واقيعى حاڵ به‌ره‌و قۆناغ و سه‌رده‌مى كوڕه‌كانيان هه‌نگاويان پێ هه‌ڵئه‌گرێ.. كه به‌بڕواى من خراپترين قۆناغه‌و چاره‌نوسى (ى.ن.ك) و ئه‌گه‌رى مانه‌وه‌و گه‌شه‌كردن، يان لاوازبون و فه‌وتانى، له‌م قۆناغه دياريى ئه‌بێت.
به‌ته‌حديد، له‌ناو ئه‌م حزبه، سێ قوطب به‌رجه‌سته‌بون (كه‌ناوبردنيان كارى به‌نده نيه، به‌ڵكو شيكردنه‌وه‌يه)، به‌ڵام له‌ئه‌نجامى ململانێ و به‌رژه‌وه‌نديى ئابورى و ده‌سه‌ڵات و نفوز و هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نى سه‌رى قوطبه‌كان وه‌ك نيشانه‌م پێدا، ده‌سه‌ڵات و بڕيار، له‌سه‌ره‌كانه‌وه ورده ورده دائه‌به‌زێت بۆ ناو خێزانه‌كانيان، ئه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه دروسته بۆ هه‌ندێك له‌سه‌ركرده سه‌ربازييه خاوه‌ن نفوزه‌كان، ئه‌وانيش برووزيانكردووه.. هه‌ر به‌و ميكانيزمه‌ش حوكم و بڕيار وه‌رگرتن و شێوازى سه‌ركردايه‌تيكردنى به‌كۆمه‌ڵ له‌ئۆرگانه‌كانى ناوه‌ندييه‌وه، گواستراوه‌ته‌وه بۆ ناو خێزانه‌كان!
ئێستا، يه‌كێتى له‌فره‌سه‌ريدا، بێسه‌ره..
پره‌نسيپ و سه‌ره‌تاكانى دروستبونى ونكردوه، به‌كرداريى بێ ئايديايه، پايه‌ى ئيقتيصاديى حزب كه‌له دوو ده‌يه‌ى ڕابردو كارى زۆرى بۆكرا، ئيفليج بوه، كۆمپانياى خێزانه‌كانى حوكم و كوڕه‌كانيان جێگاى بۆ وه‌به‌رهێنانه‌كانى ئيداره‌ى گشتى (كه‌حزب خاوه‌نيه‌تى) نه‌هێشتوه، ئيحتيكارى بازاڕ‌و به‌ڵێنده‌رايه‌تى و كه‌رتى نه‌وت و كۆمپانياكانى كه‌رته ئابورييه‌كانى ده‌ڤه‌رى سه‌وز، بونه‌ته به‌ديلى بازاڕى ئازاد، كۆمپانياكانى سكيوريتى و ئه‌منييه‌تى تايبه‌ت به‌كوڕانى به‌رپرسان، گه‌شه‌ى پێئه‌درێ و به‌كاردێ!
ئه‌وه‌ى سه‌رده‌مانێك جێگه‌ى شانازى بوو هه‌م بۆ يه‌كێتى و هه‌م جه‌ماوه‌ره‌كه‌شى، (هــ. پ. ك) بوو، كه‌دوا جه‌نگى به‌شداريكردن بوو له‌جه‌نگى دژ به‌داعش، هاوشان له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانيى جيهانيى دژ به‌تيرۆر.
به‌ڵام ئێسته، ئه‌و هێزه‌ى كه‌تاڵه‌بانى وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتيى ڕێبه‌ريى ئه‌كرد، لاواز‌و بێسه‌ره، هه‌ريه‌ك له‌خێزانه‌كانى حوكم، وه زۆربه‌ى به‌رپرسه‌كانيشيان، له‌برى بره‌ودان به‌و هێزه، هێزى تايبه‌ت و مواليى سه‌ربه‌خۆيانيان دروست كردوه‌و پڕچه‌ك و پاره‌يان كردون، زاراوه‌كانى (ده‌سته‌ى تايبه‌تى فڵان و فه‌وج و ليواى تايبه‌تى فڵان و باره‌گاى تايبه‌تى فڵان)، كراوه‌ته به‌ديلى زاراوه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان (هـ.پ. ك) ..!
له‌مه‌كته‌بى سياسى و كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى ئه‌پرسين: دوو ساڵيش ئه‌بێت له‌كام كۆبونه‌وه‌و مه‌حزه‌ردا باسى پلان و گه‌شه‌پێدان و مه‌شق و به‌نيشتمانيكردنى ئه‌م هێزه‌يان كردووه..؟!
به‌داخه‌وه ئێستا، ئه‌و هێزه تايبه‌تانه، يه‌كێك له‌مه‌هامه‌كانيان پارێزگارييكردنه له‌خێزانه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندى و كۆمپانياكانيان، ناوه ناوه‌ش، وه‌ك كارتى فشار ئاماژه‌يان پێئه‌كه‌ن دژ به‌يه‌ك و دژ به‌ڕكابه‌ره ئابورييه‌كانيان.
سه‌رده‌م و عه‌هدى كوڕه‌كان، له‌ناو يه‌كێتيش ده‌ستى پێكردووه..
خێزانه خاوه‌ن نفوز‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان، ژماره‌يان گه‌يشتۆته شه‌ش خێزانى سه‌ره‌كيى، هه‌ندێكيان مۆركى ناوچه‌گه‌رييان پێوه دياره، هه‌روه‌ك چۆن له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتيشدا نه‌وه‌ى خێزانه‌كان خه‌ريكى ده‌ركه‌وتنن و له‌گه‌شه‌كردندان.. زۆر به‌وازحييش چاودێرانى سياسى و هه‌م كادره‌كانيشيان دركى پێ ئه‌كه‌ن، كه له‌ئاينده‌دا شيكردنه‌وه‌ى پێويست له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش ئه‌ده‌ين.
هه‌مومان ئه‌زانين كه قوطبه سه‌ره‌كيه‌كانى حزب، زاده‌ى مێژووى خه‌باتى پڕ سه‌روه‌رى يه‌كێتى و ئه‌حزابه‌كانى تريش بوون.. به‌ڵام خێزان و نه‌وه‌كانيان چۆن..؟ هه‌مان كواليتين؟ شه‌رعييه‌تى ياسايى و حزبييان له‌كوێ هێناوه.. ؟ له‌ئاست مه‌هامه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ن يان نه‌ء؟
به‌دڵنيايه‌وه، ئه‌سته‌مه له‌ئاست ئه‌و مه‌هامانه بن كه‌واقيعه‌كه گه‌ره‌كيه‌تى، ره‌نگه به‌هۆى خێزان و پاره‌و چه‌ك و ده‌سه‌ڵاته‌وه ته‌جه‌موعێكى به‌شه‌رييان مسۆگه‌ر بێت، به‌ڵام تواناى به‌رده‌وام بونيان نابێت، وه له‌مه‌وداى دوريشدا زۆرينه‌ى كه‌وادرو ئه‌ندامانى حزبى و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ش له‌سه‌پۆرتيان به‌رده‌وام نابن، به‌تايبه‌ت كه له‌ئاست هاوكێشه سياسى و ئيدارى و ياساييه‌كاندا شكست دێنن، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌يه كه ڕۆژگارو سه‌ختيه‌كان دروستيان نه‌كردون (دياره نمونه‌مان زۆره)، خاوه‌نى ئه‌و كه‌فائه‌ته‌ش نين كه زه‌روره‌ت بن بۆ ئه‌م قۆناغه پڕ قه‌يرانه، چ له‌ناو خودى يه‌كێتى يان له‌حكومه‌ت، هه‌رگيز ناشبنه به‌ديل بۆ پێشینەکانیان، مێژوو شكستى سه‌دان نمونه‌ى ته‌وريسى حوكمى سياسى و حزبى و ئيدارى و ئيقتيصاديى تێدا تۆماركراوه، ده‌گمه‌نه نمونه‌يه‌ك ببينين كه‌بوبێته فريادره‌سى زه‌مه‌نى خۆى.
به‌ستنى كۆنگره‌ى گشتيى يه‌كێتيى، چاره‌سه‌ره؟
به‌پێچه‌وانه‌ى بۆچونى هه‌ندێك، كه‌به‌چاره‌سه‌رى ئه‌زانن، من واى نابينم، (کۆنگره‌ى ئه‌حزابيش له‌ته‌وقيتى خۆى به‌بڕواى من زه‌روره‌تى حه‌ياتييه)، به‌ڵام هه‌رگيز كۆنگره‌ش نابێته عه‌ساى سيحريى..
راسته يه‌كێتى، به‌درێژايى ته‌مه‌نى، مه‌يدانى صيراعات بووه، به‌ڵام صيراعاتى فكرى، نه‌ك شه‌ڕى پاره‌و ده‌سه‌ڵات و هێزو مانه‌وه! ئه‌مه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ناو يه‌كێتى ئه‌گوزه‌رێ، نامۆبونه‌و جێى هه‌ڵوێسته‌يه.
هه‌ر بۆيه ئيتر ئه‌مه قۆناغه نوێيه‌كه‌يه..
(ده‌ستورييه‌ت و ياسا، پێكه‌وه‌ژيان، عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى، شه‌فافييه‌ت، ئازادى ڕا ده‌ربڕين، ئازاديى تاك و كه‌رامه‌ت پارێزراوى، يه‌كسانيى هه‌ردو ڕه‌گه‌زو ده‌رفه‌تى يه‌كسان بۆ هه‌موان، بازاڕى ئازاد‌و فه‌لسه‌فه‌ى ئيشتراكييه‌تى ديموكرات)، زه‌روره‌تى واقيعيى ئه‌مڕۆيه بۆده‌رچون له‌م قۆناغه.
هه‌ر بۆيه، له‌سايه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه‌باسكران، خێزانه‌كانى ده‌سه‌ڵات چيتر ناتوانن به‌ده‌سه‌ڵاتداريى وبه‌هێزيى بمێننه‌وه، تواناى پارێزگاريكردنيشيان له‌مانه‌وه‌و به‌رده‌وامبون نابێت، ئه‌وه حه‌قيقه‌ت و مه‌نطقه.
له‌گه‌ڵ ڕێزى زۆرم بۆ كه‌سايه‌تى و مێژووى هه‌موان، هه‌ق وايه لێره به‌دواوه، خێزانه‌كانى حوكم باش د‌رك به‌و راستييانه بكه‌ن، نه‌بنه بارى زياتر به‌سه‌ر حزب و خه‌ڵكه‌كه‌يانه‌وه، له‌نێوان دوو ئۆپشنى: پارێزگاريكردن له‌شكۆى خۆيان و مێژووى پێشینەکانیان و ئايينده‌ى گه‌ش له‌لايه‌ك، يان بوونه كاستى سياسى و ئيقتيصاديى خۆسه‌پێن له‌لاكه‌ى تر.. ئۆپشنى يه‌كه‌م هه‌ڵبژێرن.