من‌و راستیەكانی هەڵبژاردن

مەلا بەختیار 09/12/2018


پێشەکی:


لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ساڵی 2013، مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وتارێكی بەناونیشانی (من و راستیەكانی هەڵبژاردن) لە رۆژی 11/11/2013 لە ژمارە 444ی رۆژنامەی چاودێر بڵاوكردەوە، تێیدا زۆرێك لە راستیەكانی ئەو هەڵبژاردنەی ئەوكاتی ئاشكراكردبوو، كە تێیدا یەكێتی لە هەڵبژاردنەكەدا 18 كورسی بەدەستهێناو وەكو جۆرێك لە شكست و پاشەكشە سەیردەكرا. هەر ئەوكات كۆمەڵێك هەلپەرست كەوتنە رەخنەی نابەجێ و دەیانویست پاشەكشەی دوای هەڵبژاردنەكە بقۆزنەوە بۆ مەرامی شەخسی. بۆیە مەلا بەختیار بەو وتارە وەڵامی هەموو هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەكانی دایەوە. ئێستاش وەكو سایتی چاودێر، ئەو وتارە دەخەینەوە بەردەم رایگشتی، تاوەكو  راستیە مێژوییەكان بخرێنەوە بەردەمیان و كەسانی هەلپەرست نەتوانن راستیەكان ئاوەژوو بكەنەوە.


من‌و راستیەكانی هەڵبژاردن
مەلا بەختیار-11/11/2013

هەڵوێستەیەك لە كارەساتەكان
ئەگەر.. لەباتی سەركەوتن، ژێركەوتن بەرژەوەندی خەڵكی دابین بكردایە، ئاخۆ هەلپەرستی چەند پەرەی بسەندایە؟!
لەتەمەنی (43) ساڵەی سیاسیمدا، لەمێژووی شۆڕشی ئەیلول‌و شۆڕشی نوێدا، چەندین شكست‌و كارەساتم بینیووە:
- كارەساتی دوای خیانەتنامەی جەزائیرم لە (6/ی ئازاری 1975) بینیووە، هەموو خەڵك نەك هەر هەرەسی نەهێنا، بەڵكو هەبون باشتر ئامادەی بەرگری بوون.
- خۆبەدەستەوەدانی بەلێشاوی (1977) م، لەشۆڕشی نوێدا، بینیووە، شۆڕشگێڕەكانی شۆڕش (بزوتنەوەو كۆمەڵە) پێش گەڕانەوەی جەنابی مام جەلالیش، درێژەیان بە خەبات دا.
- كارەساتی هەكاریم دیووە (بەهاری 1978) گیانی شۆڕشگێڕێتی جۆشتر داو یەكێتی لە لێواری روخانەوە هەڵسایەوە.
- تێكشكانی سەردەمی ئەنفال‌و كیمیابارانم دیووە (1988 – 1990) كە بەلێشاو پێشمەرگەو خەڵك، پاڵپێوەدەنران بچنەوە لای رژێم، خەبات هەر درێژەی پێدراو پارتیزانەكان.. قارەمانی ئەفسانەیی ئەو رۆژگارە بون.
- كۆڕەوی (1991) رووداوێكی تراژیدی نەتەوەیی بوو، كۆڵنەدان هەر بەردەوام بوو. بەتایبەتی لەناو شارەكانداو سەرەنجام بەرەی كوردستانیش گەڕانەوە بۆ حوكمڕانی!
- 31/ ی ئابمان بەسەردا هات، كەم تێكۆشەری راستەقینەی یەكێتی روخا. روخاوەكان لە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیەوە بۆ پلەو پۆستەكانی خوارەوەش، خراپ نائومێد بوبون (رۆژێك دێ‌ باسیان دەكەین) یەكێتی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، سەركەوتەوە.
- لەدوای دوا شكستی 31/ی ئابەوە، یەكێتی، نالەبارترین رووداو رویتێكردبێت، جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. لەمكاتەشدا، كەمترین سەركردەی یەكێتی بەرگری لە یەكێتی دەكرد. زۆربەیان دەستی بەرژەوەندیان بە كڵاوی خۆیانەوە گرتبوو. سەرەنجامی ئەم جیابونەوەیەش، دابەزینی رێژەی دەنگەكانی یەكێتی بوو لەهەڵبژاردندا. ئەمە لەكاتێكدا، یەكێتی لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كوردستاندا (30/1/2005)، پێش ئەوە، یەكەمی كوردستان بوو.
- ئەم دابەزینەی رێژەی دەنگەكان (نەك كورسیەكان لەچاو هەڵبژاردنی 2009 و 2010) كاریگەری نالەباری لەسەر یەكێتی هەبوو. ئەوەی من سەرنجی دەدەم، لەشۆڕشدا، هیچ شكستێك‌و، لە حوكمڕانی‌و هەڵبژاردنیشدا، هیچ هەڵبژاردن‌و روداوێك، لەپاڵا پەرۆشیی بۆ هەڵسانەوەی یەكێتی، گیانی رق‌و كەلەبەرە تاریكەكانی هەلپەرستی‌و پلەپەرستی لە مێژووی یەكێتیدا، وەكو ئەم ئەنجامەی هەڵبژاردن، نەوروژاندووە. جێی داخە، بەشی بەرچاوی ئەم رق‌و هەلپەرستیە، تەنانەت رەخنەی دڵسۆزانیش، بۆچونەكانیان لەسەر زانیاری هەڵە رۆناوە. لەم نوسینەدا، هەوڵدەدەم زانیاریەكان راستبكەمەوە، ئەگەر هەشبێ‌، ئەم زانیاریانە رەتبكاتەوە، ئەوكاتە باقی راستیەكانی ژێر بەڕەیان بۆ دەخەمە سەر بەڕەی ئەم لیبرالیەتە بێپێزەی لەژیانی حیزبایەتیشدا، دەستیانداوەتێ‌!!

گۆڕان لەمەودوا چی دەكات؟
ئێمە ناتوانین باسی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی بكەین، ئەگەر باسی گۆڕان نەكەین. گۆڕان، توانی رێژەیەكی بەرچاوی دەنگەكانی یەكێتی راكێشێتە لای خۆی؛ بەڵام هەتائێستا، جگە لە وروژاندنی هەست‌و هەڵوێستی توندی خەڵك، كە هەلومەرجەكە بۆ ئەم وروژاندنە جارێ‌ یارمەتیەكی باشی داوون، كە ئەو بەشە خەڵكە بچێتە ژێر كاریگەرییان، بەڵام وەكوتر، نەیانتوانیووە ببنە ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە یەكێتی، هیچ نەبێ‌ لە دەسەڵاتی یاساداناندا. بڕیاری بەشدارینەكردنیشیان لە حكومەت، دوای (2009) دروستنەبوو، ئەنجامەكەشی لەم هەڵبژاردنەدا دەركەوت، كورسییەك دابەزین، ئەمە لەكاتێكدا بۆ (30 – 35) كورسی بەرنامەی هەڵبژاردنیان دانابوو. تەنانەت خۆیان وا ئامادە كردبوو، سەركەوتنی ئەوتۆ بەدەستبێنن، بەبێ‌ ئەوان پێكهێنانی حكومەت قورس بێت.
گۆڕان، ئێستا چی دەكات‌و نایكات؟ ئایە میتۆدی سیاسی خۆی بەرامبەر دەسەڵات دەگۆڕێ‌ یان ناگۆڕێ‌؟ بەرنامەی نوێی دەبێ‌ بۆ بەشدارییەكی واقیعی لەدەسەڵات یان نا؟ سیاسەتی بەرامبەر یەكێتی‌و پارتی، لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، چۆن چۆنی دەبێ‌؟ ئایە پێیوایە لەسەر هەمان رەوت‌و سیاسەتی لەمەوبەری ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بێ‌، دەتوانێ‌ تەرازووی هێز بەلای خۆیدا تەواو بگۆڕێ‌ یان نا؟
ئایە.. گۆڕان بیری لەوە كردۆتەوە، لە ئۆپۆزسیۆندا، چ شتێكی تازەی پێیە بەدەسەڵاتی بڵێ‌؟ ئایا بۆیان دەركەوتووە، هەرچی رەخنەو هاندان‌و ناڕەزایی لە هەمانەكەیاندا هەبوو، وتیان، جگە لە كاریگەری سلبیان بۆ سەر جەماوەری یەكێتی، هەروەكو لەهەڵبژاردنی (2009)وە دەركەوتووە، هیچ كاریگەرییەكیان بۆ سەر پارتی نەبوو. بەڵێ‌:
- لەهەڵبژاردنی (2009) ی پەرلەمانی كوردستان، گۆڕان كاریگەری لەسەر پارتی نەبوو.
- لەهەڵبژاردنی (2010) ی پەرلەمانی عێراق، كاریگەری لەسەر پارتی نەبوو.
- لەهەڵبژاردنی (2013)ی پەرلەمانی كوردستانیش، دوای (4) ساڵا دوژمنایەتی پارتی، دەركەوت پارتی رێژەی دەنگەكانی زیاتر بووە. تەنانەت لە سلێمانیش. ئەمە لەكاتێكدا پارتی‌و یەكێتی، بەجیا لیستیان دابەزاند.

كەواتا: گۆڕان، دژایەتی پارتی بكات، هەر لە دەنگی یەكێتی دەخوات. دژایەتی یەكێتیش بكات، هەر پارتی بەهێزدەكات.
ئێستا گۆڕان و ئەو گێژەنگە سیاسییەی تێیكەوتووە، لەبەرامبەر بەشداریكردن‌و نەكردن لە دەسەڵات، جێدێڵین، كە لەهەموو حاڵەتێكدا، ئەم گێژەنگەی گۆڕانیش، بەزیانی جەماوەرو بەرنامەی یەكێتی دەشكێتەوە. سەرەڕاش، با چاوەڕوان بین، بزانین دوا بڕیاری گۆڕان لە چ بەستێنێكی سیاسی‌و حوكمڕانیدا لەنگەر دەگرێ‌. ئەوكاتە یەكێتی، بەرچاوی رۆشن دەبێ‌‌و دەشبێ‌ یەكێتی، لەهەموو حاڵەتێكدا، واز لە خۆشباوەڕی سیاسی لە ململانێ‌ سیاسیەكاندا بەرامبەر هەموو لایەك بێنێ‌، ئەگینا، هەتا یەكێتی سیاسەتی خۆپارێزی پەیڕەو بكات، هەتا فكرو گیانی شۆڕشگێڕێتی ریالیستی نەژێنێتەوە، بەتایبەتی زۆربەی بەرپرسەكان، هەرگیز یەكێتی ناتوانێ‌ گرەوی ململانێ‌ چارەنوسسازەكان بباتەوە. ئەمەش مەحاڵە بێتەدی، هەتا بەرپرسە تێوەگلاوەكان بە بازرگانی، لە بازاڕو بەرژەوەندی خەڵك دورنەخرێنەوە. گەندەڵی ریشەكێش نەكرێ‌‌و شەفافیەت لە نەوتدا، بەرجەستەی راستەقینە نەكرێ‌.

ئاستەنگی یەكێتی
لێرەدا، دەمەوێ‌ بێمە سەر ئاستەنگی كاریگەریەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەسەر یەكێتی، پێش هەموو شتێكیش دەستپێكی ئەم وتارە دوبارە دەكەمەوە: " ئەگەر.. لەباتی سەركەوتن، ژێركەوتن بەرژەوەندی خەڵكی دابین بكردایە، ئاخۆ هەلپەرستی چەند پەرەی بسەندایە؟!"
یەكێتی.. هەتائێستا، نەیتوانیووە، ناوێكی راستەقینە لەئەنجامی هەڵبژاردن بنێت؛ هەیە ناوی دەنێ‌ شكست؛ هەشە بە كارەسات ناوی دەبات؛ هەروا پێشیدەوترێ‌ پاشەكشە.
ئەم ناولێنانانە، بەرجەستەی هەڵسەنگاندنە جیاوازەكانی ناو یەكێتین. كە ئەمەش، رەنگدانەوەی بەرژەوەندی‌و مەرامی جۆراوجۆرن لەناو یەكێتیدا، هەروا بۆ چۆنیەتی ئاراستەكردنی لەمەودوای یەكێتی، یان بۆ چۆنیەتی زاڵبون لەناو یەكێتیدا.. كۆنگرەش بەڕێوەیە!!
بەش بەحاڵی خۆم، لەدوای هەڵبژاردنەوە، نە رەوتی لاوازی رەشبینی‌و روخێنەری یەكێتیم پێ‌ باش بووە. نە هەڵپەی قۆزتنەوەی هەلومەرجی دوای هەڵبژاردنیشم قبوڵە. تەنها ئەوەم پێ راست بووە كە:
بەئارامیی بیر بكرێتەوە، بەقوڵیش رەخنە بگیرێ‌. بەرنامەیەكی هەمەلایەنەی نوێگەری بۆ كۆنگرە ئامادە بكرێ‌. بەرنامەكە رەخنەگرانەبێ‌. دەست بخرێتە سەر برینەكان‌و ماكی برینەكانیش بەڕاستی پاك بكرێتەوە.
لەم بگرەو بەردەیەی هەڵبژاردندا، پروپاگەندە زۆر كراون. رەخنە بێ‌ ئەندازە گیراون. بەشێكی رەخنەكانم پێ‌ ئاسایی بون، تەنها رەخنەی هەلپەرستەكان نەبێ‌. كە دڵنیام رەخنەكانیان لە پەرۆشیی چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی نییە، بەڵكو لە هەلپەرستی خۆیانەوەیە، كە پێیانوایە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، هەلەكەی بۆ هەڵخستون‌و ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن، بیقۆزنەوە. ئەم رەخنەگرانە كەم نین. چالاك‌و مشەخۆرن. بەڵام لەبەرئەوەی هەلپەرستن، دڵنیام لەكۆنگرەدا كورت دێنن! دیاریشە، هەلپەرستی تەنها خویەكی شەخسی نییە، بەڵكو پەتایەكی سیاسیشە.. ناوبەناو حیزب‌و دەسەڵاتەكان دەتەنێتەوە.
سەبارەت بە خۆم، رەخنەی جۆراوجۆرم ئاڕاستەكراوون. رەخنە هەیە، بەجێن. هەشن نابەجێن. رەخنەش هەیە، پڕاوپڕن لە رقی كۆن‌و نوێ‌. لێرەولەوێش، هەندێك زانیاری هەڵە، بونەتە مایەی رەخنەی هەڵە بەرامبەرم. وەكو:
ژمارە (249)ی گۆڤاری لڤین، لە لاپەڕە (8) دا، لە وتارێكی شیكاریدا، دەڵێ‌:
"مەلا بەختیاریش كە سەرۆكی كەمپینی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی بووە، پشكی گەورەی شكستەكانی یەكێتی بەركەوت، ئەو لەهەر جێگایەك وتاری دابێت یەكێتی لەو شوێنە دۆڕاندویەتی"

ئەم رەخنەیە، نەك دەرونی رووداوەكانی شیكار نەكردۆتەوە، بەڵكو ئەنجامە بینراوەكانیشی باش نەخوێندۆتەوە؛ بۆ نمونە:
- لە كۆیە، مەڵبەندو كۆمیتەكان ئیشی باشیان كردبوو، بۆیە كە وتارم خوێندەوە، بردمانەوە.
- لە تەقتەق وتارم خوێندەوە، بردمانەوە.
- لە قەسرێ‌ وتارم خوێندەوە، بردمانەوە.
- لە ئاكرێ‌ وتارم خوێندەوە، لەهەڵبژاردنی پێشوو دەنگمان زیاتر هێنا.
- لە سەید سادق وتارم خوێندەوە، یەكەمین جارە لە یەكگرتوو دەنگمان زیاتر هێنا.

باشە.. لە نوسەری ئەم شیكارە بەڕێزە دەپرسم:
- ئەی لە گەرمیان كێ‌ وتاری خوێندەوەو بۆچی (41) هەزار دەنگمان كەمتر هێناوە؟
- ئەی لە سلێمانیدا كێ‌ وتاری خوێندەوەو بۆچی نەمانبردەوە؟
- ئەی لە رانیە، كێ‌ وتاری خوێندەوەو بۆچی دۆڕاین؟
- ئەی لە هەولێر بۆ پاشەكشەی گەورەمان كرد؟
- ئەی لە دەنگە تایبەتیەكان بۆ؟

نوسەر دەڵێ‌: مەلا بەختیار، سەرۆكی كەمپینی هەڵبژاردنی یەكێتی بوو".
ئەمیش وا نییە. جارێ‌ هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەكێتی هەر سەرۆكی نەبووە. پاشان، مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەزانن، هەتا هەڵبژاردنی مەڵبەندو ئۆرگانەكان كران، لیژنەیەكی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی ناو یەكێتی هەبوو. بەڵام لیژنەكە، بەسەرپەرشتی (من- مەلا بەختیار) هەندێك رێسامان دانابوو بۆ تەتەڵەكردنی ناوی كاندیدەكان، وامان پێ باشبوو رێژەیەك لە كاندیدەكان، لە كەسایەتی دیاری یەكێتی‌و دۆستانی یەكێتی بن، كە دەتوانن دەنگ بۆ یەكێتی كۆبكەنەوە، هەروەها هەر كاندیدێك مەرجەكانی تیا نەبوبێ‌، یان سەپێنرابێ‌، لاببرێن (لەراستیدا هەبوو سەپێنرابوو، هەشبوو غەدری لێكرابوو). بەڵام كە ئەم بۆچونانەی لیژنەكەیان قبوڵا نەكردین، بەداخەوە، پشتیوانیش نەكراین لەناو (مەكتەبی سیاسی) ئیتر بەندە گوتم: بەرپرسیاری لیژنەی بێدەسەڵات نابم‌و وازم لێهێنا. تاقیكردنەوەش دەریخست، مەرج نییە پرۆسەی هەڵبژاردنی كاندیدەكانی یەكێتی، كە بۆ ناو یەكێتی باش بن، بەهەمان ئەندازە، بۆ ناو رای گشتیش باش بن. خۆم لەوباوەڕەدام، رێژەیەك بۆ كەسایەتی شارەزای ناوداریش، لەبواری جیاجیا تەرخان بكرێ‌، باشترە. لایەنی كەم (15-20) كاندیدی شیاو كە ئامادە نین چارەنوسی خۆیان بدەنە دەست هەڵبژاردنی ئۆرگانەكانی یەكێتی!

دەزگای هەڵبژاردن‌و بڕیارەكان‌و پروپاگەندەكان!!
دژایەتیەكی سەیروسەمەرەی دەزگای هەڵبژاردن دەبیستم‌و دەبینم‌و دەخوێنمەوە. كە بەشی زۆری ئەو رەخنانە، دروست نین. لێرەدا، دەمەوێ‌ سەرگوزشتەی خۆم‌و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و دەزگای هەڵبژاردن بگێڕمەوە، پاشان گەردنی خوێنەر ئازادبێ‌ لە حوكمدان. بەڵام دڵنیام لەدوائەنجامدا، مێژوو بەهەڵە ناچێ‌. هەڵەش بە هەڵە چارەسەر ناكرێ‌!
پێشەكی با كۆرنۆلۆژیای (سلسلەی باسەكان)ی  كۆبونەوەكانی كارگێڕو دەزگای هەڵبژاردن بگێڕمەوە، پاشان هەندێ‌ وردە كاری تریش.
- (25/10/2010) لەگەڵا دەزگای هەڵبژاردن، كارگێڕ كۆبوینەوەو قسەمان لەسەر بەرنامەی هەڵبژاردن كردووەو ئەوكاتە داوامان لە مەكتەبی سیاسی كرد، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن دیاری بكرێ‌، مەكتەبی سیاسی قبوڵی نەكرد. واتا سێ‌ ساڵا پێش هەڵمەتی هەڵبژاردن.
- رۆژی دواتر (26/10/2010) لەگەڵا رێكخراوی (NDI) ی ئەمریكی لەسەر خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن كۆبوینەوە، بەسەرپەرشتی (لیزا ماكلین). دیسان باسمان لە بەرنامەی زانستی ئامادەكاری هەڵبژاردن كرد.
- رۆژی (5/12/2010) لەگەڵا رێكخراوی (NDI) هەڤاڵان (ئازاد جوندیانی، شۆڕش ئیسماعیل، بڵێسە جەبار فەرمان، بێگەرد دڵشادو د.جوان ئیحسان‌و بەندە) كۆبوینەوەو بەوردی لەچۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن، دواین. لە مەكتەبی سیاسی خستمانە پرۆگرامەوە، گوتیان وازبێنن زووە!!
- (22/10/2011) دەستەی كارگێڕ، لەگەڵا دەزگای هەڵبژاردن، بەئامادەبونی (ئازاد جوندیانی، د.جوان ئیحسان، بڵێسە جەبار فەرمان، نوێنەری مەكتەبی دارایی‌و د.یوسف گۆران) كۆبوینەوەو لەسەر راپۆرتەكانی (NDI) و راپرسیەكانیان‌و چۆنیەتی بەرنامەدانان بۆ ئەو كەموكورتیانەی لە راپۆرتەكاندا هاتبون، سەبارەت بە یەكێتی، هەروەها تەنگوچەڵەمەكان لە ئەدای حكومەت‌و رای خەڵك بەرامبەر گەندەڵی‌و مشەخۆری بوو، لەو دانیشتنەدا، بۆمان دەركەوتبوو، كە پارتی لەراپرسیدا باشە. گۆڕان دانەبەزیووە. یەكێتی دەتوانێ‌ باشتر كاریگەر بێ‌. كۆی ئەم قسانەمان بردە مەكتەبی سیاسی، مەخابن، وەكو پێویست ، نە كابینەی شەشەم‌و نە مەكتەبی سیاسی، بایەخیان بە بۆچونەكان نەدا.
هەر لەم دانیشتنەدا، من بیرۆكەی پرۆژەی چۆنیەتی كۆكردنەوەی (750 هەزار) بۆ یەك ملیۆن دەنگم باسكرد. گوتیشم پرۆژەكەم لە سویدەوە هێناوە. بەڵام هەمدیس وترا جارێ‌ زووە!!
- هەمان رۆژ (22/10/2011) بەئامادەبونی شۆڕش ئیسماعیل، لەگەڵا سۆزانی خاڵە شیهاب، عومەری محامی ئەندام پەرلەمان، چێنەر عەبدوڵڵا، ناسیح حەمەحسێن‌و د.یوسف گۆران، لەسەر یاسای هەڵبژاردن كۆبوینەوەو قسەی وردمان لەسەر بەرنامەو پرۆژەی هەڵبژاردن كرد. جەختمان لەسەر پرۆژەی سۆسیال كرد، هەروەها قسەمان لەوە كرد كە سلێمانی بەكردەوە بكەینە پایتەختی روناكبیری.. چونكە دەمێك بوو باسمان دەكرد. بڕیارەكانی ئەم كۆبونەوەیەشم بردە مەكتەبی سیاسی‌و بە حكومەت راگەیەندرا پایتەختی روناكبیری كۆتایی پێبێنێ‌، مام جەلالیش پشتیوانی كردین، هەر نەكرا.
- (23/5/2011) بەئامادەبونی نوێنەری سەرجەم مەكتەبەكان، لەگەڵا دەزگای هەڵبژاردندا كۆبوینەوەو گوتمان:
قەت نابێ‌ هەڵەی تەكنیكی بكەین. كەرەسەی هەڵبژاردن لەئێستاوە ئامادە بكەین. لیژنەی راگەیاندن، خەڵكی پرۆفیشناڵا سەرپەرشتی بكەن. بایەخ بە ژنان‌و نەخوێنەوارو كەمئەندام‌و بەساڵاچوانیش بدەین.. تاد. هەموو ئەم بڕیارو بەرنامەمان بردە بەردەم مەكتەبی سیاسی، بایەخیان پێنەداو هەر گوتیانەوە هێشتا زووە بۆ هەڵبژاردن. تەنانەت گوێش لە راپۆرتە گەڵاڵەكراوەكان نەگیرا.
- (20/11/2012) لەگەڵا ژمارەیەك كادری دەرچوی خولی هەڵبژاردن، بەئامادەبونی شۆڕش ئیسماعیل، كۆبوینەوە، لەم كۆبونەوەیەدا، بەڕونی گوتمان: هەڵەیە، بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەرنامەی فێستیڤاڵ‌و گۆرانی‌و هەڵپەڕكێمان هەبێ‌. دەبێ‌ وردتر بەرنامە دانێین. گوتیشمان لە (2) ساڵی ئایندە یەكێتی پێویستی بە (2000 – 3000) كادری هەڵبژاردن دەبێ‌. بەداخەوە گوێ‌ لەم قسانەش نەگیراو دەزگای هەڵبژاردن لەبەر تەكەتول‌و كێشمەكێشەكان، نەیدەتوانی لە مەڵبەندەكانیش سەربەست بێ‌ لە كۆڕو كۆبونەوەدا.
- (5/2/2013) دەستەی كارگێڕ، لەگەڵا (35) كادری مەكتەب‌و مەڵبەندو ئۆرگانەكان، كە بەشداری خولی هەڵبژاردنیان لەگەڵا پسپۆرانی پارتی سۆسیال – دیموكراتی سویدیان كردبوو، كۆبوینەوە. گوتمان: ئەمجارە لە غیابی مام جەلال بەشداری هەڵبژاردن دەكەین. گوتیشمان: تەنها دەسەڵات دادمان نادات. دەبێ‌ خۆمان‌و دەسەڵاتەكەش لەگەڵا گۆڕانكاریەكانی دەوروبەرو مێژوو، بگونجێنین. گوتمان: سەردەمی تاك‌و تاكگەراییە. نەك تەنها بەكۆمەڵا ئاراستەكردنی خەڵك. بەرنامەی سۆسیالمان بۆ چارەسەری كێشەی بێكاری‌و یاسای كارو بیمەی تەندروستی پێشكەش كرد، مەخابن، لە كابینەكانی (5 و 6 و 7)دا، گوێبیستی ئەو پرۆژانە، لەبەر هەر هۆیەك بوبێ‌، داخرابوو. پەیتا پەیتاش، بەرنامەی پینەسازی نەك چاكسازی، بۆ رازیكردنی دەرچوان، نەك بەگشتی خەڵك‌و بێكاران، پەسەند دەكرا.
- (8/4/2013) بەئامادەبونی نوێنەری مەكتەبی رێكخستن‌و راگەیاندن، لەگەڵا دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی كارگێڕ كۆبوینەوەو گوتمان:
بە چاكسازی لە پلەو پۆستی حكومەت‌و حیزبیدا، وەڵامی بەجێی گللەیی‌و تێبینیەكان دەدەینەوە. گوتمان: لەگەڵا پارتی بە رێككەوتنامەی ستراتیژی دەچینەوە. جەختمان كردەوە: چاكسازی لە حكومەت زۆر گرنگە. كرانەوەی زۆرتر پێویستە. گەندەڵی ترسناكە بۆ سەر رای گشتی. بێكاری زۆرەو سۆسیال چارەسەرە. هەر گوێ‌ نەگیراو پرۆژەكان دوادەخرا.

كات‌و لیژنەی هەڵبژاردن‌و گرفتەكان
- (18/6/2013) یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن (مەلا بەختیار، حاكم قادر، رەفعەت عەبدوڵڵا، دلێری سەید مەجید، شۆڕش ئیسماعیل، ئەنوەر حسێن/ راگەیاندن، عەتا سەراوی/ ئەنجومەنی ناوەند، شاڵاو كۆسرەت، ستران عەبدوڵڵا، جەمیل هەورامی، نەرمین عوسمان، كافیە سلێمان/ ژنان) لەم كۆبونەوەدا قسە لەسەر: 1- پرۆژەی هەڵبژاردن. 2- دروشمەكان. 3- ئالیەتی هەڵبژاردن. 4- بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ چالاكی كاندیدەكان‌و دوبارەنەكردنەوەی هەڵەكانی رابوردوو. 5- لیژنەكانی هەڵبژاردن لە بازنەكاندا. 6- كەرەستەكانی هەڵبژاردن. هەروەها:
كاندیدكردنی كاكەییەكان، یەزیدیەكان، مەسیحیەكان‌و شەبەك‌و كەمئەندامان. لەگەڵا دوو كاندید بۆ كەركوك، سەرو كاندیدێك بۆ خانەقین‌و ژەنگار. شەش كاندیدیش بۆ كەسایەتی دڵسۆزی بێلایەن بۆ مەكتەبی سیاسی، تەنها كاندیدەكانی كەركوك‌و كەمئەندامێك تێپەڕین. باقیەكەی هیچ!
- (20/6/2013) دووەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن. لەم كۆبونەوەیەدا لیژنەكانی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ئۆرگانەكان دانران. بەهەمان شێوە، بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبن.
- (11/7/2013) لیژنەی باڵا كۆبوینەوە. دوای هەڵبژاردنی كاندیدەكانی یەكێتی لە ئۆرگانەكان، لەم كۆبونەوەیەدا زۆرتر باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن‌و سكاڵای كاندیدەكان لە مەڵبەندەكان كرا. بڕیاریش درا حاكم قادر بكرێتە بەپرسی لیژنەی سكاڵای هەڤاڵان. بەڵام زۆر بەداخەوە، ئەم لیژنەیەش نەیتوانی بڕیارەكانی بەرێتەسەر!

دوای ئەنجامی هەڵبژاردن
كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن زانرا. مەكتەبی سیاسی دوو كۆبونەوەی كرد؛ لەم دوو كۆبونەوەیەدا، جگەلەوەی بڕیارێكی گرنگ درا، سەبارەت بە قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بۆ خزمەتكردنی پرۆسەی دیموكراسی، مەكتەبی سیاسی كەوتبووە بەردەم وروژانی ناڕەزایی هەڤاڵانی یەكێتی. چۆنیەتی گوێگرتن لەو وروژانە، یان قبوڵكردن‌و نەكردنی رەخنەكان، یاخود چۆنیەتی دابەشكردنی ئۆباڵی ئەنجامەكان بۆ سەر ئەستۆی ئۆرگانەكان، بە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیشەوە، دیار بوو. لێدوان دان، بەیان دەركردن، ئاڕاستەكردنی سایت‌و راگەیاندنەكان، میدیای كوردی‌و عەرەبیەكان، دوو هەفتەی دوای هەڵبژاردن، یەكێتی خستبووە ژێر فشاری سیاسی‌و دەرونیەوە. دەزگای هەڵبژاردن، بەشێكی رەخنەكانی لێدەگیرا. لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن (شۆڕش ئیسماعیل) بەراشكاوی‌و كەمێكیش بەتوڕەیی رووی كردە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و بەكوردیەكی رەوان گوتی:
(32) رێنوێنی‌و رونكردنەوەمان دەركردووە. بۆ هەموتانم ناردووە. تەنها مەلا بەختیار وەڵامی داومەتەوە. كارگێڕیش لەگەڵمان دانیشتووە. یەك كەستان ئامادەنەبون تەنانەت تێبینیەكمان بۆ بنوسن. هەروەها گوتی:
پرۆژەو دروشمەكانمان بۆ ناردون؛ پەیامی هەڵبژاردنمان بۆ ناردون، كامتان، جگە لە مەلا بەختیار، وەڵامتان داوینەتەوە؟
یەك كەس لە مەكتەبی سیاسی نەیتوانی بیسەلمێنێ‌، كە وەڵامی یەك رێنوێنی‌و بەرنامەی دەزگای هەڵبژاردنیان داوەتەوە. هەڤاڵان (شێخ جەعفەر) و (مەحمود سەنگاوی)‌و (رەفعەت عەبدوڵڵا) گوتیان: بەڕاستی هەڤاڵا شۆڕش راست دەكات. چەند جارێك بەرنامەی هەڵبژاردن، كە خرابووە پرۆگرامی دانیشتنەكانەوە، ئامادە نەبوین گوێیان لێبگرن!
ئێستا خۆڵەمێش دەكرێتە چاوی ئەندامانی یەكێتی‌و پروپاگەندە جۆراوجۆرەكان، راستیەكانی داپۆشیووە. من تەنها ئەوە ماوە بڵێم:
بەوشێوەیە مامەڵەكردن لەگەڵا پرۆسەی هەڵبژاردن، خەمساردی‌و بە مەرام فەرامۆشكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن، دوای هەڵبژاردنیش رەخنەی سەیروسەمەرە گرتن.. یاخود چەواشەكردنی ئۆرگان‌و ئەندامان، دادی حزبێكی وەكو یەكێتی نادات. راستیەكان‌و هەڵەكان حاشاهەڵنەگرن. یەكێتی.. دەبێ‌ دوور لە هەڵچون‌و داچون، بەئارامیی بیربكاتەوەو بەقوڵییش رەخنە لەخۆی بگرێ‌!

*     *     *

هەر لەم ژمارەیەی چاودێردا، بۆ مێژوو، یەكەمین گەڵاڵەی هێڵە گشتیەكانی دەزگای هەڵبژاردن، بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، بڵاودەكرێتەوە. لەسەر ئەو گەڵاڵەیە (10/2/2012) من نامەیەكم بۆ بۆ دەزگای هەڵبژاردن نوسیووە؛ دەقەكەی بڵاودەكەمەوە، هەتا خوێنەری بەویژدان، راستیەكان وردتر بزانێ‌. مێژوونوسیش، بەڵگەی لەبەردەستدابێ‌.
وەلـێ‌ مەخابن، لەبری قبوڵكردنی ئەم پرۆژەیە، بەرنامەی جیاوازی فێستیڤاڵی، لەسەرانسەری كوردستاندا، وەكو ساڵانی پێشوو، ئەنجامدرا. ئەم بەرنامەیەش، مەسرەفێكی زۆرو كاریگەریەكی كەمی هەبوو. منیش.. لەبەر یەكێتی‌و دروستنەكردنی نیگەرانی لای یەكێتیەكان، رەخنەو نیگەرانیەكانم قوتدا و بەهەموو توانامەوە، كەوتمە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن. چاوەڕێم نەكرد، حیزبەكەم زۆرترین شكستی بەسەردابێ‌، هەتا خۆم لە بەرپرسیارێتی بدزمەوەو بڵێم: نەمووت!!