چەپكە گوڵ و قسەیەكیش بۆ رۆژی جیهانی كەمئەندامان..!

مەلا بەختیار 03/12/2018



ئەمڕۆ؛ (3/12) رۆژی كەمئەندامانی جیهانە، رۆژی ئەو مرۆڤانەی بەهەر فاكتەركێك بووبێ‌، بەشێكی جەستەیان لەدەستداوەو كەمئەندام بوون.. وەلێ‌ توێژێكی زیندوو، گرنگ و دانەبڕاوی كۆمەڵن و ژمارەیەكی بەرچاویشیان، لەكایە جیاوازەكانی ژیاندا، داهێنەرو خوڵقێنەری جوانی‌و خزمەتكردنن بە بەهاكانی مرۆڤایەتی.. 
كۆمەڵەی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەساڵی (1992)ەوە، رۆژی (3)ی دیسێمبەری هەموو ساڵێكی وەكو "رۆژی كەمئەندامانی جیهان" ناساندوەو پەرلەمانی كوردستانیش، لە(31)ی كانونی یەكەمی (2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی پەسەند كردووە..!
لەدنیادا، زیاتر لە یەك ملیار كەس و لە كوردستانیش زیاتر لە(100) هەزار كەمئەندام بونیان هەیە، بەڵام مایەی نیگەرانییە، كە هێشتا بەهۆی جێبەجێ نەكردنی تەواوی یاساكەو بەهۆی قەیران و گرفتە یەك لەدوای یەكەكانەوە، هەروەك بەهۆی نزمی ئاستی هۆشیاری بەرامبەر بەم توێژە، ژیانی كەمئەندامان لەكوردستان، توشی نەهاتی‌و ئاستەنگ بۆتەوە..
بەندە، لەم رۆژەدا وێڕای ئەوەی چەپكە گوڵی رێز و خۆشەویستی خۆمیان پێشكەشدەكەم‌و سڵاویان بۆ دەنێرم.. دەشڵێم:
ناكرێ‌ چیتر لەبەرامبەر ئەم توێژە هەستیارەی كۆمەڵدا، بێخەمبین! چونكە هەموو ئەوانەی خۆیان بەمرۆڤی كامڵ دەزانن و رێز لە كەمئەندامان ناگرن، بێگومان دیارە ئەوانە هەست و عەقڵیان لاسەنگ‌و لاوازە..! لەكاتێكدا لوتكەی مرۆڤایەتی لەوەدایە كە، رێز لەكەمئەندامان بگیرێت‌و ژیانێكی شایستەیان بەیاساو بەموچەو بە رێزی كۆمەڵایەتی، لەئاستی پێویست‌و لەنێو كۆمەڵیشدا، بۆ فەراهەم بكرێت..
سڵاوتان لێبێت كەمئەندامانی كوردستان؛ وەك هەمیشە پشتیوانتانم..

3/12/2018