بەبۆنەی رۆژی جیهانیی فەلسەفەوە

طارق رەشید 19/11/2018




زانست ، تەكنەلۆجیا ، ئاین ، ئەخلاق ، سیاسەت  000. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی ڕۆشنبیری مرۆڤدایە ، فەلسەفەیش ڕۆ شنبیری مرۆڤە . وە تیڕوانینی مرۆڤە لە گەردوون لە خودی خۆی ، لە پەیوەندێكانی لەگەڵ سروشت . لەگەڵ خوا . واتە فەلسەفە بەدوای زۆرترین تێگەیشتنی واقعیانەدا دەگەرێ‌ . وە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی پشت بە پرسیاركردن دەبەستێت. وە گرنگیدان بە عەقڵ یەكێكە لە تایبەتمەندیەكانی فەلسەفە. بۆیە ئیبن روشد لە كتابی (تهافت التهافت)دا دەڵێت (فمن رفع اڵاسباب فقد رفع العقل و أبگل العلم).
ئەگەر تەماشایەكی مێژووی فەلسەفە بكەین بە تایبەتی لەشارستانیەتی عەرەبی ئیسلامیدا دەبینین چەندین جار هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی دراوە لەسەرەتاوە بەدژایەتی فیرقەی عەقلانی موعتەزیلە سوتاندنی پەرتوكەكانیان تا دەگاتە سوتاندنی نوسراوەكانی ئیبن روشد و زیندانی كردن و پاشان دەربەدەركردنی . بەڵام لەبەرانبەردا هەر زوو مرۆڤی هۆشیار فەلسەفە دۆستان بە ئەركی هزری خۆیان هەستاون بە كۆكردنەوەی پارچەكان ژیانی تازەیان كردوەتەوە بە جەستەی فەلسەفەدا بە دامەزراندنی خوێندنگای فەلسەفی و حەلقەی فەلسەفی . بۆیە دەوترێت فەلسەفە وەكو باڵندەی (قەقنەس) وایە ئەو كاتەی دوژمنەكانی وا دەزانن مردووە . ئەو جارێكی تر ئەدات لە شەقەی باڵ و بەرزتر دەفڕێت .
وە تائەمڕۆیش دژایەتیەكی زۆری دەكرێت هەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ لابردنی وانەی فەلسەفە لە خوێندنگاكاندا . نموونەمان زۆرە بەتایبەتی لەجیهانی ئیسلامیدا . بۆیە لە ساڵی 2002 لە لایەن زانكۆكانی ووڵاتی مەغریبی عەرەبیەوە ، وە بەمەبەستی ڕزگاركردنی فەلسەفە لەو تەنگەژەیەدا پێشنیاری دەستنیشان كردنی رۆژێكی تایبەتیان كرد (رۆژی جیهانی فەلسەفە) كە ڕێكخراوی یۆنسكۆی جیهانی بەم كارە هەستاو بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2005 كە دەكاتە ڕێكەوتی سێهەم پێنج شەممەی مانگی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك . وهەر جاری بەدروشمێكی جیاواز یادەكە دەكرێتەوە : وەكو – لێبوردەیی ڕێزگرتنی بەرانبەر . فەلسەفە لەپێناو ئاشتیدا ، فەلسەفە لە پێناو دادپەروەری و یەكسانی و مافی مرۆڤـ و دیموكراتیدا .
وە لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە ڕۆڵی ووڵاتانی مەغریبی عەرەبی لە گرنگیدانیان بە فەلسەفە و شێوازی خوێندنی فەلسەفەدا لەبەرچاو بگرم . ئەوەندە بەسە كە بڵێین كە ژمارەی بەشەكانی فەلسەفە لە زانكۆكانی مغرب و جزائر و تونس لە 50 بەش تێپەڕی كردووە . وە هەروەها لە ساڵی 1967 ەوە كۆمەڵەی فەلسەفیان دامەزراندووە . كە چەندین كۆنگرەی فەلسەفیان ئەنجام داوە جگە لە توێژینەوە و بە چاپ گەیاندنی چەندەها پەرتووكی فەلسەفی ، وە دەبێت هەوڵی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت بە كردنەوەی بەشی فەلسەفە لە سێ‌ زانكۆدا بەو ئومێدەی كە وەزارەتی پەروەردەیش هەمان هەنگاو بگرێتە بەر بە دانانی وانەی فەلسەفە لە بەرنامەی خوێندندا . 
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم لە فەلسەفە دۆستانی هەرێمی كوردستان دەكەم وە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی دەكەم كە پاش پەنجا ساڵ توانیان ئەمساڵ بۆ یەكەم جار بەشی فەلسەفە بكەنەوە بەڕووی خوێندكاراندا شان بەشانی بەشەكانی فەلسەفە لە زانكۆكانی صلاح الدین و ڕاپەڕیندا .