سعودیە کەوتە داوی خاشقچی!!!
سێ هەفتە لەمەوبەر دەزگای مخابەڕاتی سعودی لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی جێنشینی پاشای سعودیە (محمد بن سەلمان) پیلانێک دادەڕێژێت بۆ کوشتن و سەرنگومکردنی ڕۆژنامەنوسی ناوداری سعودی (جەمال خاشقچی)، ناوبراو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەیەکی خێزانی سەردانی کونسوڵخانەی ووڵاتەکەی دەکات، لەلایەک پێشوەختە ڕۆژی سێشەممە (۲۰۱۸/۱۰/۲)ی بۆ دیاری دەکرێت تاکو سەردانی کونسوڵخانەی سعودیە بکاتەوە، لەلایەکی تر بە مەبەستی کوشتنی (خاشقچی) مخابەڕاتی سعودی (۱٥) پسپۆڕی جۆراوجۆری بە دوو فڕۆکە ڕەوانەی کۆنسوڵخانەی سعودیە دەکات لە ئەستەنبۆڵ.
ئەوەی جێگای گاڵتەجاڕیە، یەکەمجارە دەزگای مخابەڕاتی ووڵاتێک بەو شێوەیە ڕیسوا بێت و "ئەو داوەی بۆ ڕۆژنامەنوسێکی دانا، خۆی پێوە بێت"
(مێژوو) گەمژەیی پیلانداڕێژەران تۆمار دەکات بە شێوەیەک بەنیاز بوون بە نهێنی مرۆڤێک پارچەپارچە بکەن، بەڵام دەنگدانەوە و سەدای کەیسەکە هەموو جیهانی کاس کرد.
سەرەتا سعودیە نکۆڵی لە تاوانەکەی دەکرد، بەڵام بوونی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و هەبوونی فشارێکی بێ وێنەی نێودەوڵەتی چۆکی بە سعودیەدا، دوێنی داواکاری گشتی سعودیە ڕایگەیاند کە (خاشقچی) لە ئاکامی ڕووبەڕوو بونەوە لەگەڵ چەند کەسێک لەناو کونسوڵخانەدا کوژراوە و (۱٨) کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون.
پێموایە ئەمریکا و تورکیا براوەی یەکەم و دووەم دەبن لەم کەیسەدا، بە شێوەیەک هەردوو ووڵاتەکە سودمەندی یەکەم و دووەم دەبن لە خوێنی خاشقچی، وەک ئەوەی میراتگری (خاشقچی) بن، سعودیەش لە پێناوی دەرچوون لە داوی (خاشقچی) ئامادەی هەموو باجێکە، چونکە لە مێژووی خۆیدا توشی داوی وا نەهاتووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە یەکەمجارە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوێنی مرۆڤێک بەو شێوەیە گرانبەها بێت، هەمیشە لە سایەی دەستەڵاتدارە خۆفرۆشەکاندا خوێنی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هەرزانفرۆش کراوە، بەڵام چونکە لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا (خاشقچی) نوێنەرایەتی بەشێک لە دەنگی ئازادی وڵاتەکەی دەکرد، بۆیە چاوەڕێدەکرێت خوێنی (خاشقچی) لە بۆڕسەی خوێنی مرۆڤدا گرانترین نرخ و باج تۆمار بکات، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ژێر پەردەدا خوێنی مرۆڤێک خراوەتە موزایەدە و بۆ چاوپۆشیکردن لە سزادانی بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونەش، سەفقەی ژێر بە ژێر لە ئارادان، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی تاکو ئێستا کە (سەدەی بیست و یەک)ە پارە لە پێش خوێنی مرۆڤەوە بووە!!!
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەرچی (خاشقچی) لەبەشێک لە تویتەکانیدا دژی دۆزی کورد بووە، بۆ نمونە (خاشقچی) دژی کوردانی ڕۆژئاوا و ڕیفراندۆمی باشور بووە، بەڵام لەوە دەچێت کە ئەو بە هۆی ڕەخنەگرتن و بیر و ڕای جیاواز، بێ دادگایکردن بە شێوەیەکی قێزەون کوژرا بێت، بۆیە جێگای خۆیەتی بکوژانی شەرمەزار بکرێن و هەڵوەستە لەسەر کەیسەکەی بکرێت.