بەڕاستی كێشەتان لەگەڵ مەلا بەختیار چییە؟

نەعیم نەجەفی 13/10/2018


مەلا بەختیار كە هەموو هەوڵی خۆی ئەخستە گەڕ پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی تێك نەچێت، كە چی خەڵكانێك دەیانوت هاوسۆزی پارتیە و بەشێك لە یەكێتیەكانیش دەیانوت پارتیەكانی ناو یەكێتی. بەڵام كە باڤڵ تاڵەبانی باسی پەیوەندی یەكێتی و پارتی دەكات و مەسعود بارزانی بە مامی خۆی دەزانێ، هەمان ئەو كەسانە دەسخۆشیی لێ دەكەن!
مەلا بەختیار كە لەبەرامبەر بەغدا هەڵوێستی توندی لەسەر كەركوك و خانەقین دەبو، هەر ئەو كەسانە ڕەخنەیان دەگرت ئەمە لە بەرژەوەندی یەكێتی نییە و پێگەی یەكێتی لە بەغدا لاواز دەكات. بەڵام كە لاهور شێخ جەنگی لە كەركوك دەڵێت پارێزگار گوی خوارد، دیسان هەر ئەو كەسانە دەسخۆشیی لێ دەكەن.
مەلا بەختیار شار بەشار دەگەڕا بۆ سەركەوتنی لیستی یەكێتی لە هەڵبژارندنی پەڕلەمانی عێراق و هاوكات د.بەرهەم خەریكی تانە و تەشەر لە یەكێتی بوو، كە مەلا بەختیار وەڵامی دایەوە هەر ئەو كەسانە پێیان ناخۆش دەبو، كە گەڕایەوەش بووە سەركردەوە و خەڵك بۆ دەس ماچ كردن دەچن بۆ لای و مەلا بەختیار تۆمەتبار دەكەن كە دژی یەكگرتنە و ڕەخنەی لێدەگرن بۆ لەم هەڵبژاردنە بێدەنگ بوو، بەڵام ئەوكات نەیانوت د.بەرهەم بۆ یەكێتی بە دز و خاك فرۆش و تەزویرچی لە قەڵەم دا؟. ئەمەش لە حاڵەتێكدا كە باش دەزانن هۆكاری ململانێ و تەكەتول لە ناو یەكێتی هەر د. بەرهەمە.
مەلا بەختیار دەڵێ یەكێتی یەك كورسی بێنێ هەر یەكێتیە، كە چی ئەو جەماعەتە ڕەخنەیان دەگرت ئەم قسانە بۆ یەكێتی باش نییە. كە باڤڵ تاڵەبانی دەڵێ دەنگ گرنگ نییە و ئێمە بردومانەتەوە، دیسان ئەو كەسانە دەستخۆشیی لێدەكەن.
مەلا بەختیار كە بڕوای بەوە نەبوو یەكێتی هێندە بە پەلە بچێتە ناو ڕێكەوتن لەگەڵ گۆڕان و دژی میكانیزمەكەی بوو، دەیانوت ئەمە بە فیتی پارتیە، كەچی ئێستا دەرچوو بەعەكسەوە گۆڕان نیوەی ژێر بە ژێر پارتی بوونە! هەر ئەو كەسانە كە ڕەخنەیان لە مەلا بەختیار دەگرت، ئێستا جنێو بە گۆڕان ئەیەن. 
كە مەلا بەختیار ڕەخنەی دەگرت لە شێوەی ئیداریی د.نەجمەدین لە كەركوك، هەر ئەوكەسانە دەیانوت مەلا ئەیەوێت كەركوك بخاتە ژێر ركێفی پارتی! بەڵام پاشان هەر ئەو كەسانە ئێستا جنێو بە د.نەجمەدین ئەیەن و دەڵێن ژێربەژێر پارتی بووە و لەكەركوك خەریكی گەندەڵی بووە.
مەلا بەختیار لە ڕێگەی فێستیڤاڵ و چالاكیەكانی دابڕان و گەلاوێژ و فێستیڤاڵی فیلم هەوڵی ئەیا جگە لە هوشیار كردنەوەی تاكی كۆمەڵگا، بە بانگهێشتكردنی نووسەرانی عالەمی و تایبەتی فەیلەسوفانی ئەوروپی، بتوانێ دەنگی كوردستان بەرز كاتەوەو وەك نەتەوەیەكی ئاشتیخواز بناسێنێت، كە چی دەیانوت خەریكە ژێر بە ژێر حزب دروست دەكات! بەڵام هەر ئەوكەسانەی كە ڕەخنەیان دەگرت، بەشێكیان چون حزبیان دروست كرد و بەشەكەی تریش دەچون بەدەست ماچ كردن بیانهێننەوە!!
خۆ مەلا بەختیار كوڕی مام جەلالی بە جانتا هەڵگر تاوانبار نەكرد؟ خۆ نەیوت پێشمەرگە چیی كردوە؟ بەس لەگەڵ تەرمی داعشدا سێڵفی دەگرت! باشە خۆ نەیوتووە یەكێتی تەزویرچی و خاك فروشە؟! هەر بەڕاستی كێشەتان لەگەڵ مەلا بەختیار چییە؟

سەرنج: تكایە خوێندنەوەی هەڵە بۆ ئەم نوسینە مەكەن، ئەمە نە ڕیكلامە و نە پشتگیری لە كەسێك، تەنیا و تەنیا پرسیارگەلێكە كە زیهنی منی بە خۆیەوە خەریك كردوە! هەرچەندە من خۆمیش رەخنەم لە كاك بەختیار هەیە و زیاتر زەرەرمەندی دەوروبەریەكانی بووە.. بەڵام تاكە كەسی سیاسییە توانیویەتی دەست بۆ هەستیارترین جومگەكانی كۆمەڵگا بەرێت كە رۆژگارێك دادێت ناوی دەچێتە مێژوەوە.