یەکێتی پێویستە چی بکات؟

سامان سنجاوی 04/10/2018



لەدوای رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی، لەسەر دیاریکردنی یەک کاندنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە کاندیدەکەی پارتی دەرنەچوو، دۆخەکە لەیەکێتی دەخوازێ بۆ بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چیبکات؟ لەکاتێکدا پارتی لەم کەوتنەی کاندیدەکەی، وەک ئاڵنگاربونەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە بەرانبەر یەکێتی لە هەوڵی سەرکەوتندایە ، ئەمەش وەڵامێکە بۆ هێزی پارتی لەبەرانبەر یەکێتیدا بیگەڕێنێتەوە.
بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەکان، بێ سندوقە قردێلە سورەکان، پارتی نزیکەی ٤٢ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسییە، گۆڕانیش ئەگەر هەیە بگاتە ١٣ کورسی... کە ئەو دەرئەنجامانەش پێشبینی کراوبون، لێرەدا ئەوەی پێویستە بوترێ ئایا نوێنەرانی وەفدی یەکێتی لە بەغدا ئەم دۆخەیان لەبەرچاو گرتبوو، کە لە پەرلەمانی کوردستان لیستی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم رادەسپێردرێت؟ یان یەکێتی ئەو ئاڵنگاریە بەهێزە یاساییەی هەیە هەروەک ئەوەی لە بەغدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرانبەر پارتی ئەنجامدرا؟
یەکێتی، لەدۆخێکی وادا بە ئاکاری بەغدا وەک هێزیكی رادیکاڵ و ئاڵنگار خۆی هێناوەتە پێش، لەم بارەدا دەتوانێ لە هەرێمی کوردستان هەمان ئاڵنگاری پەیڕەو بکات؟
هەموو ئەو بەڕێزانەی نوێنەرانی یەکێتی لە بەغدا کە وەک یەک تیم بون بەهەمان ئاڵنگاری یەک تیمی لە بەرانبەر پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە؟ 
ئەو رێکارە یاساییانە چین، یەکێتی پاڵپشت بە یاسا، وەک ئەجندای کار لەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامی فەرمی پەرلەمانی کوردستان لە بەرانبەر پارتی بیگرێتەبەر؟
ئەوەی یەکێتی پێویستە بە زووی کاری لەسەر بکات،چیەو دەرئەنجامی چۆن دەکەوێتەوە؟ ئایا پارتی ئەو تەحەدیەی هەیە، بتوانێ بەبێ یەکێتی لەگەڵ حزبێک یان دوو حزب بە پێدانی دەسەڵات و وەزارەت پترتر لە کورسیەکانیان، حکومەت پێکبهێنیت؟ پارتی یەکێتی بەرو دوو ئیدارەیی دەبات؟ یەکێتی توانای ئابوری ناوچەکەی بۆ بەڕێوبردن، دەتوانێت هەروەک خۆی بەردەوام بێت؟ یان یەکێتی گەر بکەوێتە گەمارۆیەکی ئابوری، بەغدا تا چەند پاڵپشتی لە یەکیتی دەکات؟ مەرجەکانی پاڵپشتی بەغدا لە یەکێتی چۆن دەبێت؟ لەم بارەوە یەکێتی بۆ کەرکوک لە بەرانبەر بەغدا دەکەوێتە چ بارێکەوە؟ ئەو رێکارانە چین یەکێتی دەتوانێت کاری لەسەر بکات؟ پارتی خواستی هەیە یەکێتی بخاتە ناو بارودۆخێکی بەمجۆرە، بەڵام پارتی بەبێ بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو.. توانای خولقاندنی بارودۆخێکی وەهای نیە، بۆیە ئەو هەنگاوە سەرەتایانەی کە پێویستە یەکێتی کاری لەسەر بکات کە لەخوارەوە بە چەند ریکارێک دەیخەمە روو:
- بەهۆی ئەو گزی و تەزویراتە زۆرەی کە ئەنجامدراوە، یەکێتی دەرئەنجامی هەڵبژاردن رەتبکاتەوە، ئەم دۆخەی کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان خولقاندویەتی؛ لە پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەران و جێگۆڕکێی دەنگدەر لە وێستەگەک بۆ وێستەگەیکی تر یان سرینەوەی ناوی دەنگدەر لە هەموو وێستگەکان، هەروا دەنگدان لە بری دەنگدەر، هێنانی پێناسی پێویست بێئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، تانەی فەرمی لە کۆمسیۆن بگرێت، وەک هێزێکی رادیکاڵ ئاڵنگاری بکات و دەرئەنجام قبوڵ نەکات..
- لەدوای ئەوەی گەر یەکێتی دەرئەنجامی قبوڵکرد، پێویستە بە پشکی کەم لە بەرانبەر پارتی قبوڵنەکات، پارتی گەر لە کابینەی پێشو ٣٨ کورسی هەبوو بەڵام دەسەلاتی بە وەزارەتە سیادیەکان و جومگە سەرەکیەکانی حکومەت زیاتر لە ٧٠٪ لە دەسەڵات بوو، چونکە پارتی سەرۆک وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە، ئاژانس، پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی دارایی..تاد بە ٣٨ کورسی لە خۆی کۆکردبۆوە، یەکێتی بە دەسەڵاتێکی کەمەوە جێگری سەرۆک وەزیران و چوار لە وەزارەتە گشتیەکانی، هەبوو لە کاتێکدا جومگەکانی ئەو وەزارەتانەی یەکێتیش زۆرینەی پارتی بوو، یەکێتی بای ١٨ کورسی دەسەڵات و وەزارەتی هەبوو، بەڵام پارتی بە ٣٨ کورسی دەسەڵاتی رەهایی هەبوو.
بۆیە یەکێتی، چ لە حکومەتی بنکە فراوان یان حکومەتێکی نێوان یەکێتی و پارتی.. تاد، گەر جێگری سەرۆک وەزیران وەردەگرێت دەبێت بە دەسەڵاتی تەواوەوە ، وەریبگرێت، خۆ ناشێت لە چەند وەزارەتێکی سیادیش یەکێتی هیچی بەر نەکەوێت؟ بە شێوەیەکی گشتی یەکێتی لەهەر وەزارەت و دامودەزگایەک دەبێت دەسەڵاتی تەواوەتی هەبێت، نوێنەرانی یەکێتیش لە بەرێوبەری گشتی و بەڕێوبەرایەتییەکان دەسەڵاتی تەواوەتی خۆیان پەیڕەو بکەن. لەوانەش گرنگتر، یەکێتی وەک حزبێکی سۆسیال دیموکرات، بەو دروشمانەی ئارامی، هەلی کار، خزمەت، کە بنەما گشتییەکانی بیری سۆسیال دیموکراتن، لە حکومڕانی پەیڕەوی بکات، حکومەتێک کە خەسڵەتی سۆسیال دیموکراتی تیادا هەبێت.
- بە پێچەوانەی ئەو هەڵمەتەی کە ئەندامانی یەکێتی و گۆڕان لەماوەی رابردوو لە بەرانبەر یەکتری ئەنجامیاندا، پێویستە لەسەر یەکێتی، دەرگایەکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بکاتەوە، بە ئامانجی لەیەک نزیک بونەوەو کاری پێکەوەیی و لیستی هاوبەش لە پەرلەمانی کوردستان، بەرەو یەکگرتنی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، کە لەبەرژەوەندی هەردووحزب و لە بەرژەوەندی نفوزی هەردوولادایە..ئەمەش دەبێتە ئاڵنگارییەکی گەورە لە بەرانبەر پارتی لە ناو پەرلەمان وحکومەت.