هونەری باوكایەتی

لەتیف حسێن 17/09/2018



مرۆڤ ئەتوانێ‌ لەهەموو كات و ساتێكدا بێت، نێر بێت یان مێ‌ پیاوەتی خۆی یان ژنێتی خۆی بسەلمێنێت، ئەتوانێت هەر كات بیەوێ‌ بە پێی هەڵسوكەوت و رەفتارە باوەكان بەدەنگی بەرز بڵێت من پیاوم یان ژنم، بەڵام هەموو كات ناتوانێت بڵێت من باوكم یان دایك.
چونكە ئەبێت ئەوە بزانین باوكایەتی یان دایكایەتی یەیكێكە لەو پۆست و پێگە كۆمەڵایەتییە گەورەو هەستیارانەی كە هەموو كەسێك ناتوانێت ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆی ئەگەر نەتوانێت بە باشی هونەرەكانی باوكایەتی یان دایكایەتی بەباشی شارەزایی تێدا پەیدا نەكات، بۆیە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی كە تا ئێستا لەم مەسج و پەیامە بەباشی تێدا پەیدا بكەین، رۆژانەو ناوبەناو رووداوو كارەساتی ناخۆش بە گوێ‌ و چاوماندا دەدرێت و ئەوپەڕی حاڵەتی توندوتیژی و نەزانینی مامەڵەی تەندروستانەو پەروەردەییانە بەرامبەر بە منداڵەكانمان پیادە بكەین و چەندین شێوازی نامرۆڤانە بەرامبەر بە منداڵەكان بۆ هەمووان ئاشكار دەبێت، كە نزیكترینیان بەستنەوەی منداڵێكە بە بیانووی هاروهاجی...

ئاشكرایە پیاوێك دەتوانێت شەش ژن بهێنێ، بەڵام هەموو كات ناتوانێ ببێتە باوكێكی باش ئەگەر بە باشی مامەڵە لەگەڵ رۆڵ و پێگەی باوكایەتیدا نەكات، بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا  گومانی تیا نییە جۆرێك لە ئەقڵیەت و باوەڕی توندئاژۆ لەناو خێزانەكان و پرۆسەی پەروەردەكردندا بەرهەمدەهێنێ‌ كە ئەمجۆرە لە باوك یان دایك، ببنە بەرهەمی ژینگەو كلتورێكی پڕ لە رقوكینەو نادادی و ژیانێكی پڕ لەگرفت، كە زۆرجار شەڕی سیستم و دەسەڵات بەمنداڵ و ژن و ئەوانی ترد دەفرۆشرێت،  وایكردووە كەسێك پێ بگات كە ئەوەندە قودرەتی پیاوەتی زۆر بێت و ئیمكانیاتی هەبێت  شەش ژن بهێنێ، بەڵام ناتوانێت ببێتە باوكێكی باش بۆ منداڵێك...

ئەوەی دوێنێ لەسەر بەستنەوەی منداڵێك لەمیدیاكانەوە وترا، بەداخەوە بەهۆی بانگەشەو ململانێی سیاسی و بەدەستهێنانی دەسەڵات، هەر وا راگوزەر رۆیشت، ئەمە جگە لەوەی تاوانەكانی كوشتنیش بەردەوامەو كەسیش خۆی ناكاتە خاوەنی بەرهەمهێنانی ئەم ژینگە پڕ تاوان و كێشانە...
دڵنیاشم لەوەی تا ئێستاش نمونەی ئەم تاوانەی ئەو باوكە بەرامبەر منداڵەكەی دەیكات زۆرن و هێشتا ئاشكرا نەبوون، چونكە ئەم ژینگەیەی خوڵقاوە مرۆڤ بەرەو ئاراستەیەكی زۆر ترسناك دەبات...

ئەوە دوو ڕۆژە ئەو راپۆرتەی لەسەر ئەو منداڵە بڵاوكراوەتەوە، جگە لەوەی نەبووە باسی گەرمی خەڵك لەبەر تای هەڵبژاردن، بەداخەوە دەستەی مافی مرۆڤیش كە لەهەموو شارەكامدا بوونیان هەیە، بێدەنگن و نەچوون بزانن ئەم خێزانەو چەندی تر لەم مەرگەساتەدا دەژین، ئەگەرچی زانیاریم هەیە لیژنە دروستكراوە، بەڵام لیژنە بەم خاوخلیچكییە دەرمانی دەردی كەس ناكات، بەدواداچوون و روونكردنەوەی راستی رووداوەكەو هۆكارو چارەسەری ئەركی ئێوەیە نەك شوێنی تر....
ئەبێت لەخۆشمان بپرسین كە داخۆ ئەو هەموو رێكخراوە ناحكومیی و كۆمەڵی مەدەنییەی لەم وڵاتەدا هەیە بە رێكخراوی ژن و پیاو منداڵەوە، بۆچی ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە لانیكەم بەر لەهەڵئاوسانی ئەمجۆرە لەتوندوتیژی بگرین؟ بۆچی ئێمە سەرباری ئەوەی خاوەنی چەندین دامەزراوەی كۆمەڵایەتی و تایبەتین بە مافەكانی مرۆڤ، بۆچی تا میدیا ئەم رووداوو تاوانانە ئاشكرا نەكات ئاگایان لەهیچ نییە؟