لێم ببورە؟ لێت نابوورم!

زانیار محەمەد 13/09/2018





سەیارەی ئەمڕۆ لە ھی دوێنی باشترە! ئێنتەرنێتی ئێستا لە جاران خێراترە، دیکۆمینتارییەکانی ئێستا لەوانەی پێشووتر کوالێتی باشتر و ئاست بەرزترە، چونکە ئێستا رۆژ رۆژی خێرایی و تێچووی کەمە! بەڵام ئەم خێرابوون و بەرەوپێشچوونەی سێکتەرە جیاوازەکان، بە خێرایی نەهاتووەتە بەرهەم، بەڵکو ماندوو بوون وکات وئاستەنگ ئاستەنگ کێشانی زۆری ویستووە، داهێنان و بەرەوپێشچوون بۆ خێراییدەکرێت نەک بە خێرایی، ھەڵەی ئێمە ئەوەیە کە دەمانەوێت بەخێرایی بە ئەنجام بگەین.

  ئێمە کۆمەڵگەیەکین زۆر لە کارەکانمان بە کرچ و کاڵی ئەنجام دەدەین، لەجێی ئەوەی هەوڵ بدەین رێگایەک بدۆزینەوە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانمان بە خێرایی و ڕێک و پێکی.دەچین خودی کارەکە بە پەلە و ناتەواوی دەکەین، لە زۆر وەختدا وای نیشان دەدەین کە کاتمان نییە، بەڵام ھەموو ئەو رۆژانەی تێی دەپەڕێنین رۆژانی بێکاریمان بوون!

دەچین 10 سەعات لە سەیرانگایەک دادەنیشین، بەڵام کاتی رۆیشتنەوە،  پێنج خولەک کاتمان بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکەی خۆشمان نییە!  فەرمانبەرین و لەجیاتی خەمی بەڕێکردنی کاری خەڵک خەمی زوو رۆیشتنەوەمانە بەڵام هەرگیز لە خۆمانمان نەپرسیووە بۆچی؟ بۆ ئەوەی بچین لە ماڵەوە سەرقاڵی زەم و گۆڕینی کەناڵەکان و رەخنەبین ؟ یان پەلەمانە بۆ ئەوەی بچین لەگەڵ هاوڕێیانمان سەرێ گەرم بکەین لە داخی کۆمەڵگەیەک کە ئەوە من و تۆین پێکی دەهێنین و خۆمان و هاوشێوەکانمان کارەکتەری سەرەکین تێیدا!

پەلەمانە بۆ ئەوەی بچین پۆست لە فەیسبووک بکەین، بچین لەسەر 'دار و بەرد'ی ئەم دونیایە قسە بکەین بێ ئەوەی هیچی لێ حاڵی ببین؟! کاتی خۆمان بۆ بابەتگەلێک بکوژین کە لە بەرامبەردا هیچمان پێ نابەخشێت!

لە چەند رۆژی پێشوودا بەڕێکەوت یەکێک لە فیلمە دۆبلاژکراوەکانی کەناڵیکی کوردیم بەرچاوکەوت کە لە زنجیرە ٦۳۰ دا بوو، بیرم لەوە کردەوە ئەو کەسانەی کە بینەری ئەم فیلمە بوون تا ئێستا بەدەر لە ریکلامەکانیش، 400 سەعات کە دەکاتە زیاتر لە شازدە شەو و رۆژ دانیشتوون بە دیار بینینی فیلمەکەوە، ئەمە تەنها فیلمێک، کاتێکیش لەبارەی بەشێکی زۆر لەو فیلمە دۆبلاژانەوە پرسیار لە بینەرانیان دەکەیت، دەڵێن: تەنها کات کوشتنە، بەڵام هیچیان بەقەد وەڵامی ئەو کەسە سەرنجی رانەکێشام کە پێی وتم هەموو ناوەڕۆکی ئەو فێلمانەی سەیری دەکات تەنها 'لێم ببوورە، لێت نابوورم'ە.

لە هەموو دونیا کاتێک، تۆ کات و توانای خۆت بە بابەتێک دەبەخشیت جا توانای بینیت بێت یان بیستن یاخود توانای جەستەییت، ئەویش دەبێت شتێکت پێشکەش بکات لە بەرامبەردا، بەڵام کاتێک تۆ توانای خۆت بۆ بابەتێک تەرخان کرد بەبێ هیچ بەرامبەرێک، ئەمە هەڵەی خۆتە! بارۆن هۆلباخ (۷۲۳-۷٨۹) کە نووسەرێکی بەڕەگەز ئەڵمانییە لە پەرەگرافێکیدا سەبارەت بە سروشتی مرۆڤایەتی دەڵێت: "مرۆڤ چۆن دروست ببێت و پەروەردە بکرێت، شیوازی بیرکردنەوەشی هەر بەو جۆرە دەبێت".

بۆیە خۆ ئەگەر بڕیارە خۆمان لەسەر ئەم فۆڕم و شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کاتدا بەردەوام بین، هیچ نەبێت بەڵکو هەوڵەکانمان لە دەوری ئەوە چڕ بکەینەوە، نەوەی دوای ئێمە بە فۆڕمێکی دیکە و بە بەرپرسیارێتیەکی زیاترەوە لەگەڵ کاتدا مامەڵە بکات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بایەخ بە شێوازی پەروەردە و دروستکردنی کەسایەتیان بدەین،چونکە پەروەردەکردنێکی تەندروست لە رووە جیاوازەکانەوە دەکرێت ببێت بە ئامڕازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی داهاتوو.

وتاری زیاتر