وریای سەلەفییەکان بن !

حەسەن یاسین 11/09/2018



ئیسلامییە سەلەفییەکان لەهەرێمی کوردستان لەگەشەکردندان، ئەمەش بۆ خۆیان جێگەی دڵخۆشییەو بۆ خەڵکیتریش مایەی نیگەرانییە. ئەگەرچی سەلەفییەکان وەک دژە کاری ‌حزبی خۆیان نمایش دەکەن و برەو بەو بیرۆکەیە دەدەن کە پێیوایە نابێ دینداری تێکەڵ بە کاری سیاسی و حزبایەتی بکرێ، بەڵام کاریگەریی خراپی ئەمانیش کەمتر نییە لەو ئیسلامییە سیاسییانەی کە بە توندی و بە کردەوە پێداگری لەسەر تێکەڵاوی و لێکدانەبڕاویی سیاسەت و دین دەکەن!
بوونی سەلەفییەکان و گەشەکردنیان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لایەنێکی سیاسی بۆ کەمکردنەوەی نفوز و جەماوەری لایەنێکیتر بە گەرمی هاوکارییان دەکاو ئاسانکارییان بۆ دەکا، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاییندەی کوردەواری و هەمان سیناریۆی ئیسلامییە تەوحیدییەکانی سەرەتای هەزارەی دووەم دووبارە دەبێتەوە!
مەترسیی سەلەفییەکان لە زۆر روەوەیە.
لەم روەوە کە بە ناوی ئەوەی پابەندن بە بیروباوەڕی (پیاوچاکانی پێشین: سەلەفی سالح) دەیانەوێ کولتوری دواکەوتوی عەرەبی دەشتەکی (بەدو)ی سەرەتای ئیسلام، جارێکیتر و لەم سەردەمەدا بەسەر کوردەواری بسەپێننەوە. 
سەلەفییەکان زۆربەی دابونەریتەکانی کوردەواری رەتدەکەنەوەو تەنانەت جلوبەرگی وەهابییانەی ژنانیش بەباش و باشتر لە جلوبەرگی داپۆشراوی ژنانی کورد دەزانن. 
بەشێکی سەلەفییەکان خەریکی کاری بازرگانین و زیرەکانە لەم بوارەدا کاردەکەن. بۆ نمونە، هەر لە سلێمانی بەشێکی مارکێتەکانی گەڕەکەکان ئێستا سەلەفییەکان خاوەندارێتیی دەکەن و شاگردەکانیشیان هەر سەلەفین و لەگەڵ کڕیاران مامەڵەیان باشە، بەڵام (هەر بۆ نمونە) هیچیان جگەرە نافرۆشن، چونکە بەپێی شەرعی ئەوان پەسەند (موستەحەب) نییە. 
سەلەفییەکان لەگەڵ پێڕەوکردنی بێئەملاو ئەولای شەریعەتی ئیسلامن بەپێی شێوازی بیرکردنەوەی سەلەفییەکان، ئەمەش بەو مانایە دێ کە ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامین و بەبێ ئەوەی دروشمی روخاندنی حکومەت و دەوڵەتی ئێستایان بەرزکردبێتەوە، بە خشکەیی و لەسەرخۆ و بەپێی پلانێکی درێژخایەن، خەریکی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامین!
بیروباوەڕی سەلەفییەکان، هەمان بیروباوەڕی داعش و داعشەکانە، بەڵام سەلەفییەکان، جارێ، حزبیان نییەو داعش حزبەو چەکدارە و بەچەک دەیەوێ بگا بە ئامانجەکانی.
سەلەفییەکان، هەمیشە لەسەرپێ و ئامادەن و هەر کاتێ بیانەوێ بەناوی حزبەوە دێنە مەیدان.
سەلەفییەکان جارێ دژی حزبایەتین، بەڵام بەبێ ئەوەی رایانگەیاندبێ، ئەوان حزبین و حزبیان هەیە و مزگەوتی تایبەت بەخۆیان، واتا بارەگایان هەیەو هەوڵیش دەدەن خۆیان مزگەوتەکەی خۆیان دروست بکەن، بەڵام کەمترین پارەی خۆیانی تێدا خەرج دەکەن و هەوڵدەدەن بەناوی خێر و خێرات و کاری خێرخوازییەوە، پارە کۆبکەنەوەو مزگەوتێک دروست بکەن و کادیرێکی خۆیان، وەک مەلا دەکەن بە ئیمامی مزگەوتەکەو دەیکەن بە بڵندگۆی حزبەکەیان !
کەواتە ئەوان بەناوی مزگەوتەوە، بارەگا بۆ خۆیان دروست دەکەن.
رۆڵی حکومەت لەمڕووەوە نەك هەر لاوازە، بەڵکو کەمتەرخەمەو تەنانەت دەتوانین بڵێین حکومەت لەخەوێکی قووڵ و خۆشدایەو وا زوو خەبەری نابێتەوە !

وتاری زیاتر