حزب و ئاشتەوایی

لەتیف حسێن 16/08/2018


ماوەیەكی زۆرە لەهەرێمی كوردستان دورەپەرێزی و دووركەوتنەوەیەكی سیاسییانەی خراپ لەناو حزبەكانی كوردستاندا ئامادەیی هەیە، تاكە زمانی گفتوگۆو قسەكردنی ئەم حزبانە بۆ كاری حزبایەتی و ململانێی شەریفانەی سیاسەتیان، تەنها لەرێگەی ئەو لێدوانە توندوزبرانەوەیە كە لە میدیاكانەوە یان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەگەڵ یەكتری ئاخاوتنی پێدەكەن، كە بێگومان كاریگەری ئەمجۆرە لە دووركەوتنەوەو ناكۆكییەی لەنێوانی حزبەكاندا هەیە، جگە لەوەی كاریگەری خراپی لەسەر كۆی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خەڵكی كردووە، زیانی زۆریشی لەسەر گوتاری حزبییانەی خۆیان داوە، بەوەی كە ناتوانن بۆ هەوادارو لایەنگرو دەنگدەری خۆیان هەنگاوەكانیان بەرەو پێشەوە ببەن.
ئاشتەوایی ناو ماڵی كورد وەك یەكڕیزی نیشتمانی و زۆر چەمك و زاراوەی تری سیاسی لەماوەكانی رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر كراوەو كەمترین كاری لەسەر كراوە، لەكاتێكدا جەوهەرو ناوەڕۆكی ئەم زاراوانە بە كرداری كاریگەری گەورەی لەسەر كۆی پرسەكانی كۆمەڵگە هەیە لەكاتی كاركردن و چەسپاندنیاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم چەمكانە بوونەتە  دروشم و قسەكردن ئێستا بەجۆرێك ئاشتەوایی تێكدراوە هەر لەگەڵ نزیكبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەر حزبێك قسە لەسەر خۆدوورخستنەوەی بكات لەو حزبەی كە خۆی بۆ بانگەشە بە خراپ و گەندەڵی دەزانێت، یان حزبێكی تر بە نزیكبوونەوەو یان قسەكردن لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی جیاوازدا خۆی پێدەباتە پێشەوە، بەداخەوە هەموو ئەمجۆرە لەكارو دروشم و دروشمبازی كاریگەرییەكی یەكجار خراپی لەسەر هەموو پرسە چەقبەستووەكانی ئەم هەرێمەوە هەبووەو تا ئێستاشی لەسەر بێت نەتوانراوە چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە...
ئەمەش لەكاتێكدایە حزبە سیاسییەكان خۆیان لەخەڵكی باشتر ئەوە دەزانن، لەكاتی بە بەنەبەست گەیشتنی دانوستان و گفتوگۆی نێوان خۆیان، ناتوانرێت ئەو ژینگەیە فەراهەم بكرێت كە بۆ مامەڵەی تەندروستی حزبایەتی پێویست و كاریگەرە، بۆیە ئەگەر بەوردی دیقەت لەمێژووی تێكچوونی پەیوەندییە سیاسییەكانیش بكەین، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە سەرباری نەمانی پەیوەندی سیاسی و حزبایەتی، بەهۆی بوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندییە سیاسییەكانیش بەجۆرێك لەجۆرەكان راست كراونەتەوە، بەڵام لەو قۆناغانەشی كە هەردوو پەیوەندییەكە تێكچوون و نەماون هەمیشە هێزی سێیەم كە بەداخەوە زۆرجار دەرەوەی هێزو لایەنی ناوخۆش بوون، توانراوە پەیوەندییەكان و ئەو ئاشتەواییەی كە پێویستە خۆمان فەراهەمی بكەین خەڵكی تر دروستی كردۆتەوە...
بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەپاش هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، بەم دۆخە خراپ و نەخوازراوەی خەڵكی كە وا پێویستی دەكرد لانیكەم ئەگەر بۆ بەدەستهێ،انەوەی متمانەی خەڵكیش بوایە، دەبوو لایەنە سیاسییەكان كێبركێیان بكردایە بۆ ەئوەی زۆرترین پەیوەندی سیاسی و كۆمەڵایەتیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە زوویی باری لاری خەڵكی بەرەو راستبوونەوە بچێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكی و لایەنگرو هەوادارو دەنگدەری خۆیان وەها راهێناوە كە زمانی توندوزبرو یەكتر شكاندن پێوەری دەنگهێنانە، ناتوانن بەپێی ویستی سیاسی خۆیان هەنگاو بنێن..
لەم دورە پەرێزییەی نێوان لایەنەكاندا كە ماوەیەكی زۆری خایاندووە، قۆناغی ئێستای كوردستانیش وایكردووە كە وەك لەماوەكانی پێشووتردا هێزو لایەنی دەرەكیش بەتایبەت ئەوانەی كە خۆیان بەدۆست و خەمخۆری كورد دەزانی و هەوڵی نزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكانیان دەداو هەركات شەڕێك ناكۆكییەك دووركەوتنەوەیەك ناكۆییەكی سیاسی رووی بدایە ئەهاتنە سەر خەت و هەموویان كۆدەبوونەوە، لەكاتێكدا ئێستا ئەم هەوڵەش نییەو هیچ لایەنێكیش لەبەر دروستبوونی ئەو ژینگە خراپەی خۆی دروستی كردووە، ناتوانێت دەستپێشخەری بۆ ئاشتەوایی بكات و هەوڵێك بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان بدات، لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا وەك ئەو دوو كەسەی كە زۆر نزیكی یەكبوون و رۆژێك ناكۆكی و دووركەوتنەوە لەنێوانیاندا روودەدات و زۆر بەلاشیانەوە پێویستە كە پێكەوە بن و ئاشت ببنەوە، دەچنە چاخانەیەك و هەر چاوەڕێ دەكەن كەسێك بێت و پێیان بڵێ ئێوە چۆن ئاشت نابنەوە؟ كە ئەمە نەبوو ئەو دوو كەسە خۆیان هەڵدەستن و ئەوە دروست دەكەن كە چاوەڕێیان لەخەڵكی دەكرد، بۆیە لە نائامادەیی ئەو رۆحییەتەدا ئەبێت ئەوە بڵێین كە چەمكی ئاشتی و ئاشتەوایی بۆ دروشم نابێت، تێكدانی ئەم بەهایەی ناو كۆمەڵگەش دەنگی پێ كۆناكرێتەوە، چونكە هەموو دەزانین لایەنە سیاسییەكانی ئێمە زۆر لەو ناكۆكیانەو بگرە خراپتریشی تاقیكردۆتەوە نەیتوانیوە هیچ لەو شتانە بگۆڕێت كە بەدڵی نییە، جگە لە زیانگەیاندن بە خەڵكی و ئەو بەهایانەی كە پێویستە لەناو كۆمەڵگەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.