یەکێتی لەهەڵبژاردن دەترسێت؟

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 09/08/2018



لەساڵی 1975دا یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک زەرورەتێکی مێژوویی بۆ کوردستانی عێراق! خۆی ڕاگەیاندو وەک ئەوەی لەناو کورەیەکی ئاگردا لەدایک بووبێت، لەیەکەم دەرکەوتنییەوە جەستەی پڕبوو لەبرینی جەنگ و سەرقاڵبوو بە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و ئاشنابوو بە خوێن بەخشین و گەشەیکرد بەخەمی کوردایەتی.

وەک ئەوەی ڕۆژی لەدایک بوونی یەکێتی، هەزەیەکی گەورەی لەزەمینی سیاسی ئێران و تورکیاو عێراق دابێت، ڕاستەوخۆ ئەو سێ وڵاتە چونە سەنگەرو بڕیاریاندا دژی یەکێتی بووەستنەوە.
بەتەعبیرێکیتر یەکێتی هێشتا مەڵاژووی منداڵی مێژوویی پێنەگەشتبوو، ڕاستەوخۆ سێ لەدیارترین دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لێی ڕاپەڕین و خەوی قوڵ و دڵنیاییان زڕا لەترسی یەکێتی.

ئەگەر ڕۆژانێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەنگی  سێ لەدیارترین وڵاتەکانی دراوسێی کردبێت و نەترسابێت. ئەگەر ڕۆژانێک یەکێتی بەگژ خشەی مارومێروودا چوبێتەوە. ئەگەر ڕۆژانێک تەنها ڕابەرەکەی یەکێتی مافی ژیانکردنی لەسایەی دەسەڵاتی بەعسدا نەبووبێت. ئەگەر ڕۆژانێک یەکێتی داعشی توشی گەورەترین شکست کردبێتەوە. ئایا جێگای بڕوایە ئێستا بڵێین یەکێتی لەهەڵبژاردن دەترسێت؟!

بەکورتی و بەکرمانجی. نەیارەکانی یەکێتی نەیاری ناوخۆیی نین! تاکو یەکێتی بترسێنن. یەکێتی ترسی لەململانێکارێکی ناوخۆیی نییە لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا پێکەوە دەچنەناو پێشبڕکێیەکەوە لەپێناو بەدەستهێنانی کورسییەک یان دوو کورسی زیاتری پەرلەمانەوە، لەکاتێکدا یەکێتی خۆی دامەزرێنەری ئەو پرۆسە دیموکراسی و ئازادەیە. یەکێتی هەرگیز خۆی بچوکناکاتەوە بۆ ئاستی هەندێک ململانێکار کە هێشتا یەکێتی لەئاستی خۆیدا نایانبینێت و کەس نازانێت لەکام زەرورەتی مێژوویی یان نەتەوەیی یان سەربازیی و .....هتدەوە  هەڵتۆقیوە.

هەر هێزێکی سیاسی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەناو ڕوداوی گەورەی مێژووییدا تێپەڕی بێت، ڕووبەڕووی سیناریۆی دوژمنانی ئیقلیمی و جیهانی بووبێتەوە. ئەوا ئەو هێزەیش باکی بەهیچ پرۆسەو فیلتەرێک نییە بۆ لەقاڵبدان و بچوککردنەوەی. یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاکە هێزی سیاسی باشووری کوردستانە ململانێکارەکانی ناوخۆیی نین و لەدەرەوەن. ئەوەندەیشی لەهەوڵی بەهێزبووندایە بۆ ئاستی دەرەوەی باشووری کوردستان هێندە خەمی نییە بدات لەدەرگای لایەنێک لەپێناو دواخستنی هەڵبژاردن یان هەر پرسێکیتر.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەک لەهەڵبژاردن ناترسێت، تەنانەت ئەگەر لەهەر ساڵێکدا سێ هەڵبژاردنەکە پێکەوە بکرێت، ئەو دەتوانێت بۆ هەر هەڵبژاردنێکیان تیمێکی نوێ لەکادیری بەتواناو خاوەن پسپۆڕی و گەنج ئامادەبکات و بچێتەناو پرۆسەکەوە.

ئێستا هیچ هێزێک هێندەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەو سازو تەیار نییە بۆ هەڵبژاردنی ۳۰ ــ ۹ی ئەم ساڵ. ئێستا یەکێتی لەدۆخێکی دەروونی بەرزو باڵادا دەژی لەدوای سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی ۱۲ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

دواین بەڵگەیەک کە ئامادەیی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پیشان دەدات، کۆبوونەوەی سەرۆکی لیست "قوباد تاڵەبانی" بوو لەگەڵ تەواوی کاندیدەکانی لیستی ۱۰٥ی یەکێتی لەڕۆژی ٨ ـ ٨ ـ ۲۰۱٨ لەسلێمانی.
ئەم کۆبوونەوەیە پەیامێکی ڕوونی پیشانداو هێمای خۆئامادەکردنی یەکێتی بوو بۆ هەڵبژاردن بەهەردوو ئەگەری ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە