تەنگەی هورمز، ڕێڕەوێكی باریك و كێشەیەكی فراوان

رەمەزان شێخانی 30/07/2018

تەنگەی هورمز بە یەكێك لە ڕێڕەوە ئاویە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت كە لەو رێگەیەوە زیاتر لە 40% نەوتی جیهان هەناردە دەكرێت. تەنگەی  هورمز ئاوی كەنداو لەلایەك و ئاوی كەنداوی عومان و دەریای عەرەب لە ئۆقیانوسی هیندی لەلایەكی دیكەوە جیادەكاتەوە هەروەك تاكە ڕێڕەوی دەریایی عیراق و كوەیت و بەحرین و قەتەرە.
ئێران دەكەوێتە باكوری تەنگەی هورمز و لە باشوریش سوڵتان نشینی عوممان كە چاودێری گەشتە دەریایەكانی دەكات چونكە رێڕەوی كەشتییەكان دەكەونە سنوری ئاوی هەرێمایەتی ئەو وڵاتەوە.
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان لەبەر ئەوەی تەنگە بەری هورمز دەكەوێتە بەرزایی دەریاوە هەموو كەشتیەك مافی ئەوەی هەیە ئەو رێڕەوە بەكاربهێنێت لەبەر ئەوەی زیان بە وڵاتە كەناراویەكان ناگەێنێت و ناشبێتە هەرەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتانە. رۆژانە نزیكەی 20 بۆ 30 كەشتی بە تەنگەی هورمز دا تێپەردەبن كە نزیكەی 40% نەوتی جیهان لەو رێگەیەوە دەگەنە بازارەكانی جیهان.
پاش ئەوەی ئەمریكا هەرەشەی كرد كە رێگە نادات نەوتی ئێران رەوانەی بازارەكانی جیهان بكرێت، و داهاتی نەوتی ئێران مایە پوچ دەكات، ئێران هەڕەشەی داخستنی ئەو رێگەیەی كرد هەرچەندە گومان دەكرێت ئێران لە توانایدا بێت ئەو كارەی بۆ بكرێت.
رۆژی 4ی ئەم مانگە ئیسماعیل كەوسەری فەرماندە لە سوپای پاسدارانی ئیران هەرەشەی ئەوەی كرد گەر ئەمریكا رێگە لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران بگرێت ئەوا تاران تەنگەی هورمز دادەخات چونكە ئێران رۆژانە نزیكەی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و رۆژانە ئیران نزیكەی 2.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە دەنێرێتە دەرەوە.
پێشتریش حەسەن رۆحانی لە سویسرا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ رەوەندی ئێران لە و وڵاتە رایگەیاند رێگەكرتن لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران مانای وایە هەموو وڵاتانی ناوچەكە ناتوانن نەوت بفرۆشن و ئێران ریگەی هورمز دادەخات.
لای خۆشیەوە قاسم سولێمانی سەركردەی فەیلەقی قودس لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئیرنا رایگەیاند هێزەكانیان ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی كۆسپ خستنە بەردەم هەناردە نەوتیەكان.
رۆژی 8ی مانگی ئایاری رابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئاشكرای كرد ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 دەكشێتەوە كە لەنێوان تاران و وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا مۆركراوە ، ترامپ رایگەیاند كار بەسزا ئابوریەكانی سەر ئێران دەكەین.
پاش ئەو هەنگاوەی ئەمریكا عەرەبستانی سعودیە بڵاویكردەوە وڵاتەكەی ئامادەیە كورتهێنانی نەوت لە بازارەكانی جیهان پربكاتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.
رۆژی پێنجی ئەم مانگەش ئێران هەرەشەی بەكار هێنانی كارتی هورمزی كرد لەبەرامبەرداسوپای ئەمریكا بەڵێنی دا پارێزگاری بكات لە كەشتیەكانی گواستنەوەی نەوت لە كەنداوی عەرەبی.
هەڕەشەكانی ئێران بەدرێژایی مێژوو
پێویستە بوتریت لە ساڵی 1983 هاشم رەفسنجانی سەرۆكی پێشوی ئیران كە ئەو كات سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بوو  لەكاتی جەنگی عیراق ئێراندا هەرەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی كرد وتی پێویست ناكات بەكەشتی سەربازی تەنگەبەرەكە دابخەین بەڵكوو رۆژانە دووجار تۆپ بارانی ناوەراستی هورمز دەكەین و ئیتر كێ دەتوانێت هاتوچۆ بكات.
ساڵی 2011 مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆكی پێشووی ئێران هەرەشەی داخستنی ئەو رێرەوەی كرد بەهۆی سەپاندی سزا ئابوریەكانی سەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە.
كاتی خۆشی محەمەد رەزا رەحیمی رایگەیاند گەر سزا بخرێتە سەر هەناردەكردنی نەوتی ئیران ، ئێمەش تەنگەی هورمز دادەخەین و رێگەنادەین یەك دڵۆپ نەوت بچێتە دەرەوە.
فەرماندەی هێزە دەریایەكانی ئێران لیوا حەبیب و ڵڵاسیاری رایگەیاند داخستنی هورمز بۆ ئێمە وەكو خواردنەوەی ئاو ئاسانە .
لای خۆشیەوە لیۆن بانیتا وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند رێگە نادەین ئێران رێگەی هورمز دابخات و ئەوەش هێڵی سورە بەلای ئەمریكاوە.
تەنگەی هورمز رێگەی سەرەكی گواستنەوەی نەوتی عیراق و عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات وكویتە چونكە نزیكەی 80% نەوتی ئەو وڵاتانە لەو رێگەیەوە هەناردە دەكرێت
بەگۆێرەی راپۆرتێكی زانیاری وزەی ئەمریكا لە ساڵی 2016 رۆژانە 18.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو رێگەیەوە هەناردەی بازاڕە جیهانیەكان دەكرێت.
..پسپۆران پێیان وایە لە ئێستادا ئێران توانای ئەوەی نیە هێزی جیۆ سیاسی لە ناوچەكەدا بەكار بهێنێت بەتایبەت كە سزا ئابوریەكان بوەتە هۆی دروستكردنی قەیرانی ناوخۆیی ئەوەش وادەكات تاران نەتوانێت رووبەروی واشنتۆن بوەستێتەوە.
تەنگەی هورمز لە مێژوودا
تەنگەیهورمز لە ساڵی 1507 لەلایەن وڵاتی پورتوگالەوە داگیركرا ،لەو ساڵەدا ئەفۆنسۆ دی ئەلبوكیرك هێرشی كردوەتە سەر گەرووی هورمز داگیری كردو قەڵایەكی تێدا دروستكرد ، داگیركردنی هورمز بۆ پلانێكی مانۆیلی یەكەم پادشای پورتوگال دەگەرێتەوە كە لە ساڵی 1505 سوور بوو لەسەر كۆسپ دروستكردن لەبەردەم بازرگانیكردنی وڵاتە ئیسلامییەكان لە دەریای هیندی.
تەنگەی هورمز پێگەیەكی ستراتیژی هەیە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی داگیركردنیان داوە بە تایبەتیش بەریتانیا ، لەبەر  ئەوەی رێگەیەكی سەرەكیە بۆ وڵاتی هیند
ڵاتی بەریتانیا بە راستەو خۆو ناراستەو خۆ دەستی وەرداوەتە كاروباری ئەو وڵاتانەی دەكەونە سەر تەنگەی هورمزەوە بەمەبەستی دڵنیا بوون لە گەشتە پێویستیەكانی وڵاتەكەی و داگیركردوە هەروەك لە گەڵ فەرەنسا و هۆڵەنداش ماوەی چەندین ساڵ لەململانیدا بوە لەسەر هورمز.
.ساڵی 1588 بەریتانیا و پورتوگال بەریەككەوتن پاش جەنگی ئەرمادا و بەریتانیا توانی ناوچەكە لە رووی دەریایەوە كۆنترۆڵ بكات.