هەڵبژاردن تاكە چارەنوسسازە

پارێزەر نسار شیخ مستەفا 10/05/2018

ئایندەی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا بەندە بە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو وە تاكە چارەیە لەبەردەم كورددا مابێتەوە بۆ تێپەراندنی سەرجەمی ئەو پرسە ئالۆزو گێژاوە پر قەیراناویانەی ماوەی ساڵانی رابردوو بە ئێستاشەوە تێدا دەخولێتەوە كە بێ گومان ئەمەش پێویستی  بە یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی سەرجەمی پێكهاتەو قەوارە سیاسیەكان هەیە لە بەغدا بۆ داكۆكی كردن لە ماف و سەرجەمی ئەو پرسە سیاسی و ئابوری و كلتورییانەی كە كەوتونەتە بەر مەترسی بۆ پاراستنی یەكریزی و نەتەوەیی و ئایندەمان ئەوە لەبەرچاوبگرین،  هەڵبژاردن دوا كارت دەبێت بۆ كورد كە ئەو دۆخە تێپەرێنێت و بە خۆیدا بچێتەوە ململانێ و ئالۆزییە نێوخۆییەكان لە دەرەوەی ئەو پرسە چارەنوسسازە بەجێبهێڵدرێت، كەواتە هەڵبژاردن تاكە پرۆسەیە بۆ دەستاودەست كردنی دەسەڵات بنیادنانی سیستمێكی لەبار بۆ هەرێمی كوردستان كە لەهەموو كات زیاتر بانگەشەی بۆ دەكرێت پێویستی بە وەدەست خستنی متمانەی هاوڵاتیان و بەرژەوەندییەكانیان هەیە لەسەر بنەماكانی دیموكراسی.
هەر لایەنە و بەجیا دروشم و پرۆژەكانی دەخاتەڕوو كە شایستەی ئەوەیە متمانەو دەنگی هاوڵاتیان بۆ خۆی كێش بكات ، كاندیدەكانیش لەو ڕووەوە ئەركێكی جیاوازیان لە ئەستۆ گرتووە كە ڕۆڵ و كاریگەری ئەوان لەسەر دەنگدەر كەوتۆتە سەرئەداو لێهاتووی  كاندید خۆی  و ئەو پێكهاتەیەی ئەم نوێنەرایەتی دەكات، رۆڵی كاندید تەنها ئەوە نیە خۆی لە نێو ئاپۆرای خەڵكی دا ببینێتەوە و بنكەیەكی جەماوەری فراوان دروست بكات بەڵكو ئەو پرۆژەیەی كەئامانجێتی خۆی بۆ تەرخان دەكات و دەخوازێت خۆی تێدا ببینێتەوە ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەوانەی دەنگی بۆ دەدەن و ئەوانەش كە دەنگی پێ نادەن ئەوە گرنگترینیانە و سەنگی ئەو لەپەرلەمان بەندە بەو توانا و شارەزاییەی كە هەیەتی لەبەر ئەوە پێویستە كاندید راستگۆو پارێزگاری سەرجەمی ئەو بەڵێن  و  كردارانە بێت كە لە ماوەی هەڵبژاردن دا بانگەشەی بۆ دەكات و كار بكات لەسەر پرەنسیپەكانی هەڵبژاردن و دەستكەوتەكان ئەمە بۆ لایەن و قەوارەكانیش بەهای خۆی دەبێت چونكە تا كاندید بە تواناو لێهاتوو بێت ئەدا و پێگەی لایەن و حزبەكانیش بە هێزترو پربایەختر دەبێت و جێگای دڵنیایی كۆمەڵانی خەڵكیش دەبێت ،  بەهەمان شێوە پەرلەمانێكی كارا و ئاكتیڤ بەندە بە هەموو ئەوانەی باسم لێوە كردووە ، بۆیە پێویستە سەرجەمی پێكهاتە سیاسیەكان  ئەو راستیە لەبەرچاوبگرن لەپێناو ئایندەی گەلەكەمان و پاراستنی سەرجەمی ئەو دەستكەوتانەی كە بەدەست هێنراون بە خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەهەمان شێوە دەنگدەرانیش لە رۆژی دەنگدان ئەمانەتێكی گەورەیان لە ئەستۆدایە كە ئەویش دەنگیانە و ئەوەیان لەبەرچاو بێت ئایندەی كوردستان و سەروەری كوردستان بەندە بە دەنگیانەوە پێویستی بە دەنگی رۆڵەكانیەتی تا بە كوردبونمان شەری مانەوەو سەندنەوەی مافەكانمان لە بەغدا بەدەست بخەین و چیتر نەهێڵین سیاسەتی نەتەوە پەرستی  و رەفتارەكانیان خاك و زمان و ناومان لەكەدار بكەن و چارەنوس و ئایندەمان بشێوێنن میًژووی كوردبوونمان لەباربەرن.