سلێمانی‌و یەكێتی، سەدام‌و ئەردۆغان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 23/03/2018

ئەوەی مێژووی سلێمانی لەناو ڕێڕەوی شۆڕش‌و  بەرخودانی كورددا نەخوێندبێتەوە، تێناگات بۆچی سلێمانی هەمیشە خۆش ویستراو نییە لە لای دوژمنانی كوردو كوردستان.
لە دوای ساڵانی 1975ـەوەو دەركەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك حیزبێكی نەتەوەیی‌و  داكۆكیكار لە دۆزی ڕەوای كورد، ئیتر سلێمانی‌و  یەكێتی وەك دوانەیەكی هاوڕەنگ‌و  هاوسنور، بۆ دوژمن بوونە یەك شت.
سلێمانی بۆ یەكێتی‌و  یەكێتیش بۆ سلێمانی، لەڕێگەی دەمارە سۆزی نەتەوەییەوە گەیشتنەوە یەكتر. وەك چۆن سلێمانی جێگای هەڵكەوتنی كوڕە ئازاو فیداییەكانی كوردبوو، ئاوهایش یەكێتی هێزی بزواندنی ئەو ڕۆحە بزۆك‌و  سركەبوو كە هەمیشە مایەی ترس‌و  تۆقاندنی دوژمن بووە.
گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی لەساڵی خوێندنی  1982 -  1981 دا، بۆ هەولێر لەلایەن حكومەتی بەعس‌و  سەدام حسێنی دیكتاتۆرەوە، هەوڵێك بوو بۆ كزكردنی ئەم جوگرافیایەی سلێمانی لەڕووی سیاسی‌و  نەتەوەیی‌و  ئابووری‌و  زانستی‌و  .. هتد. بەڵام ئەم هەوڵە ئیفلیجەی سەدام حسێن نەك نەیتوانی سلێمانی لەجوڵەی سیاسی‌و  زانستی‌و  نەتەوەیی بووەستێنێت، بەڵكو سلێمانی لە ڕاپەڕین‌و  شەڕی ئەمنەسوورەكەدا، وەڵامێكی جەرگبڕی سەدامی دایەوە.
ئەم دوو ناوە "سلێمانی‌و  یەكێتی" لەكاتێكدا دەبنە تەواوكەری یەكتری‌و  بەبێ سلێمانی جوگرافیای نەتەوەییمان كەموكورتییەكی زۆری تێدەكەوێت، بەهەمانشێوە سلێمانیش جوگرافیایەكە بەبێ خەباتی سیاسی‌و  دیموكراسی‌و  ..هتد؛ یەكێتی، تەواو نابێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین سلێمانی‌و  یەكێتی بەرهەمی یەكترین.
لەئێستایشدا، بڕیاری وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، دیسانەوە پەستانێكی هاوشێوەی سەدام حسێنەو مایەپوچ دەبێت‌و  سلێمانی چەندێك چووە ژێر باری داواكانی سەدام حسێن، هەر ئەوەندەیش دەچێتە ژێر باری داواكانی توركیاو ئەردۆغان.
ئەردۆغان‌و  یەڵدرم دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم پەستانەوە سلێمانی گۆشەگیر بكەن‌و  جوڵەی سیاسی‌و  ئابووری‌و  ..هتد، لەم پارێزگایەدا لاواز بكەن، بەڵام ئەو هەوڵەیش بێسوود دەبێت.
لەم بڕیارەی توركیادا بۆ وەستاندنی گەشتەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەتەنها سلێمانی یان یەكێتی نەكراوەتە ئامانج، بەڵكو هەردووكیان پێكەوە ئامانجن. چونكە لەكاتێكدا سلێمانی دەستەمۆی داگیركەرێكی وەك توركیا نابێت‌و  جێی توركیای تێدا نابێتەوە، هاوكات ئەوە یەكێتییشە لەلایەكەوە چەندان هەوڵی پیلانگێڕی وەك "میتە تورەكە سەرەكان"ی ساڵی 2003 ی توركیا‌و  میتەكانی دوكانی پوچەڵكردووەتەوەو لەلایەكیتریشەوە یەكێتی بەردەوام هاوكاریی گەیاندووەتە كۆبانێ‌و  عەفرین.
ئەم هەوڵەیتری توركیا دوای ئەوە دێت كە توركیا نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەتوركیا دەركرد. بەڵام دوای ئەوەی توركیا بۆی دەركەوت دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی بەس نییە بۆ دابڕانی یەكێتی لە هێزە شۆڕشگێڕەكانی وەك (PKK و HDP و PYD)، ئێستا سیناریۆی تر دەخاتەكارو دەیەوێت یەكێتی لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی سارد بكاتەوە.
ئێمە پێمانوایە، توركیا بەهەموو شێوەیەك یەكێتی‌و  PKK و تەواوی هێزە شۆڕشگێڕە كوردییەكانی تری خستۆتە یەك لیستەوەو بەئاشكرا دژیان وەستاوەتەوە. ئەمەش تەنها بۆ كپكردن‌و  بێدەنگكردنیان وەك داكۆكیكەری ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لەتەواوی پارچەكانی تری  كوردستاندا.